27 ئەیلوول 2019•نوێکردنەوە: 01 تشرینی یەکەم 2019
هه‌ولێر - AA
له رۆژی جیهانیی گه‌شتوگوزاردا ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزاری هه‌رێم راگه‌یه‌نراوێكی بڵاوكرده‌وه و ئه‌وه‌ی وه‌بیرهێناوه‌ته‌وه كه رێکخراوی جیھانی گەشتوگوزار سەربە نەتەوە یەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٩دا بڕیاریداوه ٢٧ی ئهیلوول ببێتە رۆژی گەشتوگوزار له سه‌رانسه‌ری جیھاندا.
بە پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌ی ده‌سته‌ی گشتیی گه‌شتوگوزار كه لە رۆژی جیھانیی گەشتوگوزاردا بڵاوكراوه‌ته‌وه، لە کۆی زیاتر لەحه‌وت ملیار مرۆڤ ساڵانە زیاتر لە ملیارێک مرۆڤ دەبن بە گەشتیار و زیاتر لە ١٠%ی داھاتی جیھان لە رێگای کەرتی گەشتیاریی دابین دەکرێت.
هه‌روه‌ها باس له‌وه‌كراوه، زیاتر لە ١٠%ی كۆی گشتیی ھەلی کار لە کەرتی گەشتیارییدا دەرەخسێت و له راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه:
"گرنگیدان بە ژیان و گوزەرانی ملیارێك مرۆڤ بووه‌تە ئەرکی سەرجەم دامودەزگا گەشتیارییهكان، بۆیە رێکخراوی جیھانی گەشتوگوزار سەربە نەتەوەیەکگرتووەکان لە ساڵی ١٩٧٩دا بڕیاریدا ٢٧ی ئهیلوول ببێتە رۆژی گەشتوگوزار لە سه‌رانسه‌ری جیھاندا. لە ساڵی ١٩٨٠ بەدواوە ساڵانە ئەم یادە بە لۆگۆ و بە درووشمی جیاواز لە پێناو چەند ئامانجێک کە خزمەتی پەرەپێدانی گەشتیاریی دەکات، دەکرێتەوە، مەبەستی سەرەکیش دابینکردنی خزمەتگوزاریی و ناساندن و بڵاوکردنەوەی ھۆشیاری گەشتیاریی و دابینکردنی زیاتری ھەلی کارە".
ده‌سته‌كه جه‌ختی له‌وه‌كردووه‌ته‌وه كه ئەمساڵ بە دروشمی "گەشتوگوزار و دەرفەتی کار: ئایندەیەکی گەشتر بۆ ھەموومان" لەلایەن رێکخراوی جیھانیی گەشتوگوزار یادەكه لە وڵاتی هیندستان بەرز رادەگیرێت و ھەوڵدەدرێت لە رێگەی کەرتی گەشتیارییهوه زۆرترین ھەلی کار دابین بکرێت بە تایبەت بۆ ئافرەتان.
تیشكی خستووه‌ته سه‌ر ئه‌وه‌ش، بەمەبەستی بە ھێزترکردنی پەیوەندیی و سوودوەرگرتن لە ئەزموونی گەشتیاریی وڵاتان و رێکخراوی جیھانیی گەشتوگوزار ساڵانی رابردوو بە شێوەی جۆراوجۆر یاده‌كه لە ھەرێمی کوردستان کراوەتەوە و ئەمساڵیش بەھەماھەنگیی کەرتی تایبەت لە شارەکانی ھەرێم بە چالاکی جۆراوجۆر یاده‌كه بەرێوەدەچێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا هاتووه: "گەشتوگوزاری ھەرێمی کوردستان یەکەم کەرت بوو کە دوای قەیرانەکان و شەڕی داعش لە رێگەی پلانێکی تۆکمە بکەوێتەوە سەرپێ و ژمارەی گەشتیاران بەرز بکاتەوە بۆ زیاتر لە سێ ملیۆن، کە لە ئاستی پێش قەیرانەکان زیاتر بێت، و ژمارەی پێوانەیی تۆمار بکات. هه‌روه‌ها کەرتی گەشتیاریی متمانە ببەخشێتەوە بە وەبەرھێنان. ئەمەش وایکرد لەچەند مانگی رابردووی ساڵی ٢٠١٩دا کەرتی گەشتیاریی لە وەبەرھێنان پلەی یەکەم تۆماربکات و ئاستی وەبەرھێنان بگەیەنێتە لە ٣٨%ی کۆی وەبەرھێنانی ھەرێمی کوردستان".
جه‌خت لهوهشكراوهتهوه ئه‌و ژمارانه جگە لەو پرۆژانەن کە ھاوڵاتیان لەسەرزەوی خۆیان یان بە شێوەی مساتەحە لەسەر زەوی شارەوانی و گەشتوگوزار کردوویانە، بەمەش رێژەی پرۆژەکانی گەشتیاری زۆر بەرزتر دەبێتەوە و رەنگە بگاتە ٥٠%ی پرۆژەکانی ھەرێمی کوردستان.
له به‌شێكی دیكه‌ی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌دا تیشك خراوه‌ته سه‌ر كۆسپه‌كانی به‌رده‌م كه‌رتی گه‌شتوگوزار و تێیدا هاتووه: "پەسه‌ندکردنی رەشنووسی یاسای پەرەپێدانی گەشتوگوزاری ھەرێم لەم خولەی پەرلەمان و جێبەجێکردنی کارنامەی کابینەی نۆیەم کە مەبەستیەتی گرنگی زیاتر بە کەرتی گەشتوگوزار بدات".
ئاماژه به‌وه‌شكراوه ده‌سته‌كه پێویستیی بە ھاوکاریی دامەزراوەکانی دیكه و پاڵپشتیی زیاتری حکومەت ھەیە بۆ ئه‌وه‌ی زۆرترین ھەلی کار لە رێگای کەرتی گەشتیاریی بۆ ھاوڵاتیان برەخسێت و كه‌رته‌كه ببێت بە یەکێک لە سەرچاوەکانی سەرەکی داھات بۆ کوردستان.