Dilşad Seyfeddin Ahmed
18 تشرینی دووەم 2015•نوێکردنەوە: 21 تشرینی دووەم 2015
لە دوو هەفتەی رابردوودا دوو شەپۆلی بەهێزی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە و بۆ ماوەی چەند رۆژێك بەردەوامی هەبووە، بەهۆی بەهێزی و زۆری بارانەكەشەوە لە زۆر ناوچەی كوردستان لافاو درووست بووە و زیانی بە هاووڵاتییان گەیاندووە.
كەمپی عەربەت (لە دووری 20 كیلۆمەتر لە باشووری رۆژهەڵاتی سلێمانی) زیاتر لە سێ ساڵە دامەزراوە و سەرەتا تەرخانكرا بوو بۆ ئاوارەكانی رۆژئاوا، لە ئێستادا نزیكەی هەزار و 900 ماڵبات ( نزیكەی نۆ هەزار كەس)ی ئاوارەی ناوچەكانی سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین لە كەمپەكەدا نیشتەجێن.
بەهۆی هەڵكەوتەی جوگرافی ناوچەكە و نزیكی كەمپەكە لە ناوچەكانی شاخاوی و جۆری خاكەكەیەوە، ساڵانە ئەو ناوچەیە زستانێكی سەخت بەڕێ دەكات و بڕێكی زۆر بەفر و بارانی لێدەبارێت ئەوەیش ئاستەنگی زۆری بۆ دانیشتووانی ناوچەكە درووست دەكات و لە نێو كەمپەكانیش لافاو و قوڕێكی زۆر درووست دەبێت.
ئاوارەكانی نێو ئەو كەمپە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا و لە وەرزی سەرما و سۆڵەی زستاندا رووبەڕووی كێشە و گرفتی گەورە دەبوونەوە و چەندین جار چادرەكانیان دەكەوتە بەر رق و توڕەیی بای بەهێزی ناوچەكە و لە ڕەگەوە هەڵی دەكێشان.
كەمپی عەربەت سەدان چادری تێدایە و لەلایەن رێكخراوەكانەوە بنكەی تەندروستی و خوێندنگا و خزمەتگوزاری دیكەیان بۆ كراوە، بەڵام زۆربەی چادرەكان كۆنن و بەهۆی نەبوونی خزمەتگوزاری رێگاوبانەوە لە كاتی باران باریندا تەواوی كەمپەكە دەبێتە قوڕ و لیتە و ژیان زۆر ئەستەم دەبێت تێیدا.
ماوەی دوو رۆژە شەپۆلێكی دیكەی بەهێزی باران بارین ناوچەكانی هەرێمی كوردستانی گرتۆتەوە، ئەوەش سێیەم شەپۆلی باران بارینی بەهێزی لەو شێوەیەیە كە ئەمساڵ ناوچەكەی گرتبێتەوە.
بەو هۆیەوە دۆخی ئاوارەكان و ژیانی نێو كەمپەكە بۆ ئەوان سەختتر بووە و باران و لافاو زیانی زۆری بەوان و چادرەكانیان گەیاندووە.
مەحموود سەباح پیاوێكی تەمەن 40 ساڵانە و خاوەنی چوار سەر خێزانە، ئەو خەڵكی قەزای بەلەدی پارێزگای سەڵاحەدینە و ماوەی دوو ساڵە بەهۆی شەڕی داعش و داگیركردنی ناوچەكەیانەوە ئاوارەی پارێزگای سلێمانی بووە.
مەحمود گوتی: "لە كاتی باران باریندا دۆخی ناوچەكانمان زۆر خراپ دەبێت و باران و سەرمایەكی بەهێز كەمپەكە دەگرێتەوە، ئەوەیش ژیانمانی زۆر سەختتر كردووە و بەو هۆیەوە نێو كەمپەكە هەموو دەبێتە قوڕ و نێو چادرەكانیش زۆر ساردە، ئەوەیش تەندروستی منداڵەكانمانی خراپتر كردووە".
ئەو ئاوارەیە ئاماژە بەوەش دەكات ناوچەكەیان لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبییەوە زیاتر لە ساڵێكە كۆنترۆڵ كراوەتەوە، بەڵام بەهۆی كێشە و گرفتی هۆزەكان رێگەی گەڕانەوەیان پێنادرێت.
عالیە عەتییەی تەمەن 65 ساڵان ژنێكی تری ئاوارەی نێو كەمپەكەیە و خۆی بە تەنیا لە چادرێكدا ژیان دەكات ئەوەیش دۆخی ئەوی دژوارتر كردووە و ئاو لە هەموو لایەكەوە دەهاتە نێو چادرەكەیەوە.
ئەو ژنە تامەزرۆی گەڕانەوەیە بۆ ناوچەكەیان ( یەسریب ـ پارێزگای سەڵاحەدین) و گوتی: "سەرەتا لەلایەن سوپای عێراقەوە بە زۆر لە ماڵوحاڵی خۆمان بۆ ماوەیەكی كاتی دەریان كردین بە پاساوی پاككردنەوەی ناوچەكە لە داعش، بەڵام لەو كاتەوە تائێستا داوای گەڕانەوە دەكەین و رێگامان پێنادەن".
عالیە باسی لە جیاوازی كەشوهەوای ناوچەكەیان لەگەڵ هەرێمی كوردستان كرد و ئاماژەی بەوەش كرد، باران رەحمەتێكی خوداییە بۆ سەر زەوی و بەندەكانی، بەڵام باران بارین بۆ ئاوارەكان دەبێتە هۆی خراپتربوونی دۆخیان لە نێو كەمپەكاندا.
حەیدەر سەباحی تەمەن 26 ساڵان باسی ئەوەی كرد باران بارین و لافاوی نێو كەمپەكە دێتە نێو چادرەكانیانەوە و هەموو كەلوپەل و خۆراك و كاڵاكانیان بەو هۆیەوە خراپ بووە.
حەیدەر گوتی: "سەرما و سۆڵە و كەشوهەوای ناوچەكە خۆمان و ماڵ و منداڵمانی بە هیلاكدا بردووە، ساڵێك زیاترە ناوچەكانی خۆمان لە دەست داعش رزگار كراوە و پێشتر بەڵێنی گەڕانەوەمان پێدرا لە ماوەیەكی نزیكدا، بەڵام ئێستا لەلایەن سوپا و حەشدی شەعبییەوە رێگریمان دەكرێت و هۆكارەكەشی نادیارە".
ژنێكی تری ئاوارەی تەمەن 70 ساڵان عەینە محەمەد لەگەڵ تاقە كوڕەكەی و 8 منداڵی بچووكیدا لە چادرێكدا لە كەمپەكە دەژین، ئەو ئاماژەی بەوە كرد ژیانی نێو كەمپەكە و سەرما و سۆڵەی زستان بۆ ئاوارەكان بە گشتی و منداڵەكانیان بە تایبەتی زۆر سەختە و زۆربەی كات منداڵەكانیان نەخۆشن.
لەگەڵ دەست پێكردنی وەرزی باران بارین و نزیكبونەوەی وەرزی زستان، ژیان لە نێو ئەو كەمپەدا بۆ ئاوارەكان سەختر دەبێت و چاوەڕوانی زستانێكی سەخت دەكەن، تاكە ئومێدشیان هیوای گەڕانەوەیە بۆ سەر ماڵ و حاڵی خۆیان.