Salim Xemexan
13 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 14 تشرینی دووەم 2017
ھەڵەبجە – AA
پارێزگاری ھەڵەبجە بەوەکالەت، عەلی عوسمان لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "بەھۆی کاریگەرییەکانی ئەو بومەلەرزەیە ھەڵەبجەی ھەژاند، ژمارەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان گەیەنراونەتە نەخۆشخانە و ئێمەش ئێستا بریندارەکانمان بەسەرکردەوە".
گوتیشی: "سوپاس بۆ خوا تائێستا ھیچ حاڵەتێکی گیان لەدەستدان تۆمار نەکراوە، بەڵام برینی ھەندێک لە بریندارەکان سەختن، کە خۆشبەختانە چارەسەری پێویستیان بۆکراوە، ئێمەش بۆ ھێورکردنەوەی ئەو بارودۆخەی تووشی شارەکە ھاتووە و بەھۆیەوە ھاووڵاتیان توشی شڵەژانی دەروونی ھاتوون، بڕیارماندا باری نائاسایی رابگەیەنین و سبەینێ بکەینە پشوو".
عەلی عوسمان راشیگەیاند "بۆ دڵنیايی ھاووڵاتیان لە بوونی ھەرمەترسیەکدا، ھەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانمان خستووەتە حاڵەتی ئامادەباشیەوە و ھەموو ئامادەکاریەکی پێویستمان گرتووەتە بەر".
لای خۆیەوە یاریدەدەری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی ھەڵەبجە، سنوور حامید غەفار لەمیانی کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا بۆ دەزگاکانی راگەیاندن گوتی: "ئامادەکاری تەواومان کردووە بۆ پێشوازیکردن لەو کەسانەی کە بە ھۆی بومەلەرزەکەوە تووشی ھەر جۆرە کێشەیەک بوون، بۆیە تەواوی تیمە تەندروستیەکانمان بانگھێشت کردووەتەوە و ئێستا ھەموو پزیشکە پسپۆڕەکان و تەواوی کارمەندانی تەندروستی لەپێشوازی ھاووڵاتیاندان".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی فریاکەوتنی ھەڵەبجە، ئاراس حەسەن لە لێدوانێکدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵۆ گوتی: "تائێستا کە نزیکەی کاتژمێر ١٢:٠٠ی شەوە نزیکەی ١٠٠ بریندار گەیەنراونەتە نەخۆشخانەکەمان کەزۆرینەیان قوتابیانی بەشەناوخۆییەکانی زانکۆ و پەیمانگان و لەناویاندا چەند بریندارێکی تێدایە کەتووشی حاڵەتی شکان بوون و ئەوانی دیکەیان برینەکانیان سووکە و چارەسەری پێویستیان بۆکراوە".
ئاراس حەسەن گوتیشی: "لەلایەن پزیشکە پسپۆڕەکانمانەوە چارەسەری پێویست بۆ تەواوی ئەو بریندارانەش کراوە کەبرینەکانیان قورس بووە و ئێستا بارودۆخەکە ئاساییە".