Zana Natık Kerem
01 شوبات 2022•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2022
ھەولێر ــ AA
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق ئاماری ٢٤ کاتژمێری رابردووی سەبارەت بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ (COVID-19) و ئەو کەسانەی کە ڤاکسینیان وەرگرتووە بڵاوکردەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە داوە کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، حەوت ھەزار و ٩٠١ کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون و ١٦ کەسیش بەھۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە، ھەروەھا شەش ھەزار و ٥٥٠ کەس لە پەتاکە چاکبوونەتەوە.
ھەروەھا باس لەوەش کراوە کە کۆی گشتیی تووشبووان بە ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ لە عێراق، گەیشتووەتە دوو ملیۆن و ٢١٨ ھەزار و ٤٨٣ کەس و لەو ژمارەیەش ٢٤ ھەزار و ٤٠٥ کەس گیانیان لەدەستداوە و دوو ملیۆن و ١١٧ ھەزار و ٣٠٢ کەسیش چاکبوونەتەوە.
وەزارەتی تەندروستیی و ژینگەی عێراق، ھەروەھا ئەوەیشی خستووەتە روو کە لە میانی ٢٤ کاتژمێری رابردوودا، ٤٩ ھەزار و ٧٥٤ کەس ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە و ئاماژەی بەوەیش داوە کە تا ئێستا، نۆ ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار و ١٤٣ کەس دۆزی یەکەم و دووەمی ڤاکسینی کۆرۆنایان وەرگرتووە.