Ozhin Jola
31 تەمووز 2020•نوێکردنەوە: 31 تەمووز 2020
کەرکووک - AA
نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری کەرکووک بەھۆی مەترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا چۆڵکرا و نەخۆشەکانی نێو نەخۆشخانەکە گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی k1.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی ئازادی کەرکووک بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند، ماوەی چەند رۆژێکە کێشەی کارەبا و ئامێرەکانی فێنکەرەوە لە نەخۆشخانەدا هەیە و بەو هۆیەوە نەخۆشخانەکە چۆڵکرا ونەخۆشەکانیش گوازرانەوە بۆ نەخۆشخانەی k1.
هاوکات سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی کەرکووک رایگەیاند، لە بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی کەرکووکەوە بریاردراوە بە کوژانەوەی ئامێرەکانی فێنکەرەوە، چونکە سیستەمی فێنکەرەوەی نەخۆشخانەکە مەرکەزیە و ئەمەش هۆکارە بۆ گواستنەوەی ڤایرۆسی نەخۆشەکان بۆ یەکتر.
بەپێی زانیاریەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو ئێوارەی رۆژی رابردوو، زیاتر لە ٦٠ نەخۆش لە نەخۆشخانەی ئازادیەوە گوازراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەی k1 و نەخۆشەکانیش نەخۆشی ئاساین و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنا نین، لەسەرەتای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا نەخۆشخانەی k1 تایبەت کرا بە تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا بەڵام دواتر بەهۆی زیادبوونی رێژەی توشبووانی ڤایرۆسەکە لە کەرکووک نەخۆشخانەی گشتی کەرکووک تەرخانکرا بۆ هەڵگرانی ڤایرۆسەکە و بەپێی زانیارییەکان، بەڕێوەبەرایەتی گشتی تەندروستیی کەرکووک لەپلانیاندایە نەخۆشخانەی ئازادی فێرکاری تایبەت بکات بە هەڵگرانی ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ.