Zana Natık Kerem
03 نیسان 2023•نوێکردنەوە: 03 نیسان 2023
هەولێر - AA
رۆژی چوارشەممەی داھاتوو، دانیشتنی ئاسایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق ئەنجام دەدرێت کە لە میانیدا، خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی دەکرێت.
فەرمانگەی راگەیاندن لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا کارنامەی دانشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی داھاتووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی بڵاوکردووەتەوە.
بەپێی کارنامەکە، دانیشتنەکەی رۆژی چوارشەممەی ئەنجوومەنی نوێنەران، یەک تەوەر لەخۆدەگرێت کە ئەوەیش تایبەتە بە ئەنجامدانی خوێندنەوەی یەکەم بۆ پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥.
ئەمەیش دوای ئەوە دێت، دوێنێ یەکشەممە، جێگری یەکەمی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق، موحسن مەندەلاوی پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥، رەوانەی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی کرد.
پێشتر ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوینەرانی عێراق، موعین کازمی رایگەیاندبوو "ئەمڕۆ دووشەممە، لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەران بە ئامادەبوونی وەزیری دارایی بە ئامانجی تاوتوێکردنی بەندەکانی ناو بوودجە کۆدەبێتەوە لەنێویاندا، ھۆکارەکانی بەرزبوونەوەی قەبارەی بوودجە بۆ ٢٠٠ تریلیۆن دینار کە ١٥٠ تریلیۆنی دیناری بۆ بەکاربردن و ٥٠ تریلیۆن دیناریش بۆ وەبەرھێنان تەرخان کراوە و گوتوویەتی: "لە میانی کۆبوونەوەکەدا، باس لە چۆنێتی چارەسەرکردنی کورتھێنانی بوودجە دەکرێت کە گەیشتووەتە ٦٤ تریلیۆن دینار".
لە ١٣ی مانگی ئاداردا، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، پرۆژەیاسای بوودجەی گشتیی فیدراڵیی بۆ ساڵانی ٢٠٢٣، ٢٠٢٤ و ٢٠٢٥ پەسەند کرد و رۆژی ١٧ی ھەمان ئەو مانگە رەوانەی ئەنجوومەنی نوینەرانی کرد.
پێشتر گوتەبێژی حکوومەتی عێراق، باسم عەوادی رایگەیاندبووە کە قەبارەی بوودجەی عێراق بۆ ساڵی ٢٠٢٣، دەگاتە ١٩٧ تریلیۆن و ٨٢٨ ملیار دینارە و کورتھێنان لە بوودجەی گشتیی ئەمساڵدا، ٦٣ تریلیۆن دینارە.