Ebru Şengül Cevrioğlu
11 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 11 کانوونی دووەم 2023
ئەنقەرە - AA
لە بازاڕە نێودەوڵەتییەکاندا، یەک بەرمیل خاوی برێنت بە ٧٩ دۆلار و ٤٥ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت، بەرزبووەوە بۆ ٨١ دۆلار و پێنج سەنت و رۆژەکەی بە ٨٠ دۆلار و ١٠ سەنت تەواو کرد.
ئەمڕۆش لە کاتژمێر ٠٩:١٠ەوە، بەراورد بە نرخی داخستنی لە رۆژی رابردوودا، نرخەکەی بەڕێژەی سهدا ٠،٨١ دابەزینی بهخۆیهوه بینی و بە ٧٩ دۆلار و ٤٥ سهنت مامەڵەی پێوە دەکرێت.
لە ھەمان کاتدا، یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس (WTI)، بە ٧٤ دۆلار و ٤٧ سەنت فرۆشرا.
پێشبینی لەبارەی بەرزبوونەوەی نەوتی عەمبارکراوی ئەمریکا و زیادبوونی نیگەرانییەکانی خواست بەهۆی نادڵنیایی ئابووریی جیهانی، کاریگەربوون لەسەر دابەزینی نرخی نەوت.
پەیمانگای نەوتی ئەمریکی بڵاوی کردەوە کە هەفتەی رابردوو، یەدەگەکانی نەوتی خاو لە ئەمریکا بە بەراورد بە هەفتەی پێشتر نزیکەی ١٤ ملیۆن و ٨٦٥ زیادی کردووە، ئەوە لە کاتێکدا چاوەڕوانییەکانی بەو ئاراستەیە بوو کە دوو ملیۆن و ٣٧٥ هەزار بەرمیل کەم بکات.
هەروەها نیگەرانییەکان لەبارەی زیادکردنی رێژەی سوو لە ئەمریکا بەمەبەستی کۆنترۆڵکردنی هەڵئاوسان کە وڵاتەکە خۆی گەورەترین بەکاربەری نەوتە لە جیهاندا، بەردەوام گوشار لەسەر نرخی نەوت دروست دەکات.
پسپۆڕان باس لەوە دەکەن کە ئەگەر هەڵئاوسان بچێتە خوار ئەو رێژەیەی چاوەڕوان دەکرێت، ئەوا بەهای دۆلار روو لە دابەزین دەکات، ئەوانەشی بە دراوی دیکە نەوت دەکڕن هەرزانتر دەکەوێت لەسەریان، هەربۆیە پێشبینی دەکەن خواست لەسەر نەوت زیاد بکات.
لەلایەکی دیکەوە، دوای ئەوەی چین رێکارییەکانی خۆپارێزی لە پەتای کۆرۆنا شلکردەوە، پێشبینی دەکرێت شەپۆلی پەتاکە لە زۆرێک لەو ناوچە و شارانەی وڵاتەکە کە ژمارەی دانیشتووانیان زۆرە بگاتە لووتکە.
دوای ئەوەی چین سەرەتای مانگی رابردوو لەناکاو سنووردارییەکانی پەتای کۆرۆنای هەڵگرت، رووبەڕووی گەورەترین بڵاوبوونەوە بووەتەوە کە تا ئێستا لە یەک وڵاتدا بینراوە.
ئاماژە بەوەیش دەکرێت رەنگە لەڕووی تەکنیکییەوە خاوی برێنت لەنێوان ٧٩ دۆلار و ٦٣ سەنت بۆ ٧٩ دۆلار و ٨٣ سەنت بەرھەڵستی بنوێنێت و نرخەکەی لەنێوان ٧٩ دۆلار و ٢٧ سەنت بۆ ٧٩ دۆلار و ١١ سەنت بمێنێتەوە.