Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
بەڕێوەبەری بانکی بازرگانیی عێراقی "TBI"، سالم جەواد چەلەبی بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی خانەنشین کرا و لە شوێنی ئەو، بیلال حەمدانی راسپێردرا.
ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق بڵاوی کردەوە، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە محەمەد شیاع سوودانی، سالم جەواد چەلەبی خانەنشین کردووە.
راشیگەیاندووە کە بیلال حەمدانی لەلایەن محەمەد شیاع سوودانی-یەوە بۆ بەڕێوەبردنی بانکی بازرگانیی عێراقی راسپێردراوە.
پێشتریش سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراقی، مستەفا غالب-ی لە پۆستەکەی دورخستەوە و عەلی موحسین عەلاق-ی لە شوێنەکەی دانا "بە وەکالەت".
ئەم گۆڕانکارییانەی کە محەمەد شیاع سوودانی لە کەرتی بانکیدا ئەنجامیداوە لە کاتێکدایە، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراقدا، ئاستی پێوانەیی تۆمار کردووە کە ١٠٠ دۆلار بە ١٦٤ ھەزار دینار مامەڵەی پێوە دەکرێت.