Zana Natık Kerem
23 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 23 کانوونی دووەم 2023
ھەولێر – AA
ئەمڕۆ دووشەممە لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا، نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی بەراورد بە دوێنێ یەکشەممە، بەرزبوونەوەی تۆمار کرد.
بەرزبوونەوەی نرخی دینار بەرامبەر بە دۆلار، دوای ئەوە دێت ئەمڕۆ، پارێزگاری بانکی ناوەندیی عێراق، مستەفا غالب بەبڕیاری سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لە پۆستەکەی دوورخرایەوە و لە شوێنی ئەو عەلی موحسین عەلاق "بە وەکالەت" دانرا.
لەئێستادا، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکاندا، بە ١٦٤ ھەزار و ١٠٠ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوە دەکرێت.
دوێنێ یەکشەممە، نرخی ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی ھەرێمی کوردستاندا، بە ١٦٥ ھەزار و ٨٥٠ دیناری عێراقی مامەڵەی پێوەکرا.
ئەمڕۆ دووشەممە بانکی ناوەندیی عێراق، ١٢٦ ملیۆن و ٩٤٤ ھەزار و ٥٢٠ دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە لە کاتێکدا دوێنێ یەکشەممە، ٨٧ ملیۆن و ٤٣٧ ھەزار و ٨٨٢ دۆلاری خستبووە بازاڕەوە.
لە میانی چەند رۆژی رابردوودا، دابەزینی نرخی دیناری عێراقی بەرامبەربە دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا، ئاستی پێوانەیی تۆمار کرد، بەجۆرێک ١٠٠ دۆلار گەیشتە ١٦٧ ھەزار دینار.