Hemn Baban
04 تشرینی دووەم 2018•نوێکردنەوە: 05 تشرینی دووەم 2018
هەولێر - AA
یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان رایدەگەیەنێت، هەزارو 500 پڕۆژە لە كۆی 10 هەزار پڕۆژەی لەكاركەوتوو دەستییان بەكاركردووەتەوە.
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو باسی چەندین تەوەر و پرسی ئابووری پەیوەست بە هەرێمی كوردستان دەكات و سەبارەت بە سەپاندنی بەشی دووەمی سزاكانی ئەمریكا لەسەر ئێران رایدەگەیەنێت "بەدڵنییاییەوە لەبەر ئەوەی ئێمە لە هەرێمی كوردستاندا بەتایبەت لە سنووری پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین بەكاربەری سەرەكیین بۆ كەلوپەلی ئێرانی و پێداویستییەكانی رۆژانەمان لە كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە بۆ دێت بۆیە راستەوخۆ تووشی هەندێك لە كاریگەرییەكان دەبین و بەشێك لەو سزایانەی بەسەر ئێراندا دەسەپێنرێت بە نەرێنی لەسەر هەرێمی كوردستان دەشكێتەوە، بەتایبەت بەپێی پێشبینی ئێمە بەڕێژەی 20 لەسەد و هەندێكی دیكەی كەلوپەلیش بەڕێژەی 30 لەسەد نرخەكانییان گران دەبن، چونكە ئێمە لەدوای كۆماری ئیسلامیی ئێرانەوە تاكە دەروازەیەك كە بتوانیین پشتی پێ ببەستین وڵاتی توركیایە، بەڵام بە هۆی گرانیی گواستنەوە لە وڵاتی توركیاوە بۆ پارێزگای سلێمانی هەندێك لە كەرەستەكان گران لەسەر خەڵكی هەرێمی كوردستان و بەتایبەت پارێزگای سلێمانی دەكەوێت".
لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو، گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان پێشنیازێك ئاراستەی حكوومەتی هەرێم دەكات بە دامەزراندنی ژوورێكی ئۆپەراسیۆن بۆ خۆئامادەكردن بۆ ئەو بەرنگارییانەی رووبەڕووی هەرێمی كوردستان لەوبارەیەوە دەبنەوە، ناوبراو دەشڵێت "داوامكردووە لە حكوومەتی هەرێمی كوردستان بەتایبەت ئەنجوومەنەكانی باڵای ئابووری و ئەنجوومەنی وەبەرهێنان كە بەپەلە ژوورێكی ئۆپەراسیۆن دروست بكەن لە ئەنجوومەنی وەزیران، خەڵكانی شارەزا لە كەرتی تایبەت و خەڵكانی شارەزا و لێهاتوو وەكو ئابووریناسان و مامۆستایانی زانكۆ بەشداربن تێیدا و بەهاوكاری حكوومەت رۆژانە چاودێری ئەو دۆخانە بكەن كە دوای ئابڵوقەی ئابووری بۆ سەر ئێران روودەدات، چونكە ئەگەر ئێمە ببین بە بەشێك لە ئابڵوقەی ئابووری سەر ئێران زۆر خراپ دەبێت بۆ هەرێمی كوردستان و خەڵك تەحەمولی ناكات جارێكی دیكە نرخی هەندێك كاڵا و كەلوپەلی لەسەر زیاد ببێت بەتایبەت سووتەمەنی، چونكە خەڵك داهاتی دیاریكراوە".
یاسین مەحمود سەبارەت بە توركیا گوتی: "داوامكردووە زوو پەیوەندییەكانمان لەگەڵ توركیا بە جۆرێكی تر بگۆڕین، چونكە ئێستا كە لەناكاو شتێك روودەدات و لەناكاودا لە هەندێك شوێنی هەرێمی كوردستان رێژەی 60 بۆ 70 لەسەدی كەرەستەكانی وڵات بۆ وڵاتێكی دیكە بگۆڕیت ئەمە پێویستی بە توێژینەوە هەیە، پێویستی بەوە هەیە دانیشتنی واقیعی بۆ بكرێت"
هەروەها گوتیشی: "خوازریارین كە كۆمەڵێك بڕیار و رێنمایی گرنگ لە سەرۆكایەتی ئەنجوومەنی وەزیران و ئەنجوومەنەكانی باڵای ئابووری و وەبەرهێنان دەربكەین بۆ ئەوەی هەرێمی كوردستان دوای ئەو گۆڕانكارییانەی لە ناوچەكەدا روودەدات بەتایبەت ئەو گەمارۆیانەی كە دەخرێنە سەر كۆماری ئیسلامیی ئێران ئەم هەرێمە تا ئەندازەیەك بتوانین رزگاری بكەین، چونكە ئاشكرایە كە سنووری پارێزگای سلێمانی بەڕێژەیەكی زۆر سەیر بەكاربەری كەلوپەلەكانی ئێرانیین، هەروەها لە سنووری پارێزگای دهۆكیش تا ئەندازەیەكی زۆر سەیر بەكارهێنەری كەلوپەلی توركیین، وەزارەتی بازرگانی ئێران و ژمارەیەک وەزارەتی دیکەی ئەو وڵاتە هەندێك كاڵا هەن كە رەنگە بەشێكیان لەوانە بن كە رۆژانە بەكاریان دەهێنین بخەنە لیستی قەدەغەكراوەكانەوە و ناتوانن بۆ هەرێمی كوردستانی بنێرن، لەنێویاندا بەرهەمە خۆراكییەكان وەكو بەربوومە سەوزە و میوە و خۆراك و پەلەوەر ئەمانە گەورەترین كێشە بۆ هەرێمی كوردستان دروست دەكات، چونكە كۆماری ئیسلامیی ئێران ئێستا ئەوەندە دەتوانێت بەرهەم بهێنێت كە بەشی رۆژانەی خەڵكەكەی خۆی بكات، هەقی خۆشییەتی، بۆیە ئێمە دەبێت لە هەرێمی كوردستان خۆمان بۆ ئەو سزایانە ئامادەبكەین".
سەبارەت بە رەوشی ئابووری لە هەرێمی كوردستان و بەگەڕخستنەوەی ئەو پڕۆژانەی پێشتر بە هۆی قەیرانی دارایی و چەندین كێشەی دیكەوە وەستابوون، یاسین مەحمود بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت "لەمانگی ئاداری ئەمساڵەوە گۆڕانكاری و جووڵانەوەی باش روویداوە دوای ئەوەی هەرێمی كوردستان لە شەڕی داعش رزگاری بوو و پاشەكەوتی باشتر كرد و پەیوەندییەكانمان لەگەڵ حكوومەتی ناوەندیی باش بووە، پاش ئەوەشی كە پەیوەندییەكانی هەرێم لەگەڵ وڵاتی توركیا و سەردانەكەی بەڕێز نێچیرڤان بارزانی بۆ توركیا و هەروەها دروستبوونی حكوومەتی عێراق و پاش ئەوەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان كرا و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش لەسەروبەندی دروستبووندایە ئەمانە هۆكارن بۆ ئەوەی جووڵەی بازاڕ باش بووە و حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش بڕیاری داوە بڕی 100 ملیۆن دۆلار بۆ بەڵێندەران خەرج بكات، هەروەها حكوومەتی هەرێم چەندین پڕۆژەی دەست پێكردووەتەوە، ئێستا باری ئابووری هەرێم بەرەو باشتر دەڕوات و بازاڕ جووڵەی تێكەوتووەتەوە و بەرەو پێش دەڕوات، خواست لەسەر بازاڕ دروست بووە، خستنەڕووی زیاتر دروست بوو، بەڵام ئەوەی گرنگتر لەوە دروستبوونی كابینەی حكوومەتی هەرێمی كوردستانە كە ئەو لەسەر چی بنەمایەك دروست دەبێت و ئەو كات دەتوانین ئەو بنەمایە بكەینە پێوەر و بزانین رەوشی ئابووری بەرەو كوێ دەڕوات".
گوتەبێژی یەكێتیی وەبەرهێنەرانی كوردستان، یاسین مەحمود لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو راشیدەگەیەنێت "كۆی گشتی ئەو پڕۆژانەی لەكاروەستابوون بە پڕۆژەكانی وەبەرهێنان و بەڵێندەرایەتییەوە نزیكەی 10 هەزار پڕۆژە دەبوو، ئێستا نزیكەی هەزارو 500 پڕۆژە دەستیان بەكاركردن كردووەتەوە، ئەگەر ئەو 100 ملیۆن دۆلارەی حكوومەت كە چاوەڕێ دەكرێت بە بەڵێندەرانی بدات ئەوا نزیكەی دوو هەزار پڕۆژەی دیكە دەست بەكاردەكەنەوە، چونكە بەڵێندەران متمانە لەسەر حكوومەت دروست دەكەن و وەبەرهێنان متمانە لەسەر بازاڕ دروست دەكەنەوە، بەڵام ئەوەی كە گرنگە هەندێك لە پڕۆژەكان كەمە كەمە پارەیان بۆ خەرج دەكرێت، بەڵام چاوەڕوانی دروستبوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن، چونكە ئەو بۆشاییەی ئێستا ئێمە هەمانە لە نێوان كابینەی هەشتەم و نۆیەمدا بۆشاییەكی خراپە، وەبەرهێنەران كەمێك ترس و دڵەڕاوكێیان هەیە لەم كاتانەدا، هەندێك لە وەبەرهێنەرانیش لە وڵاتانی توركیا و ئەورووپا و ئەمریكا چاوەڕوانی دروست بوونی كابینەی نوێی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەكەن و بزانن ئەم كابینەیە پەیوەندییەكانی چۆن دەبێت لەگەڵ حكوومەتی عێراقی و چی لە كەرتی ئابووریی دەكات، چونكە ئەوەی ئێمە تێگەیشتووین لەم كابینەیەدا پیشەسازی و بازرگانی و نیشتەجێ بوون لە حكوومەت وەردەگیرێتەوە و دەچێتە سەر دەستەی وەبەرهێنان و دەستەی وەبەرهێنانیش دەبێتە وەزارەتی وەبەرهێنان و پەرەپێدان، بۆیە ئێمە چاوەڕێی گۆڕانكارییەكانین، بەگشتی بەدڵنیاییەوە رەوشی ئابووری هەرێمی كوردستان بەرەو باشتر دەڕوات و رێژەی 20 بۆ 30 لەسەدی نرخی خانووبەرە زیادیان كردووە و خواستیش لەسەر خانووبەرە زۆر زیادی كردووە، بەدڵنیاییەوە چاوەڕوانی ئەوە دەكەین تا كۆتایی 2019 نزیكەی پێنج بۆ شەش هەزار پڕۆژە لەوانەی لەكار وەستاون لە هەرێمی كوردستان دەست بەكاربكەنەوە".