لە ھەرێمی کوردستان بە گشتی سێ جۆری بەنزین ھەیە، نۆڕماڵ، موحەسەن و سوپەر، لە دوو ھەفتەی ڕابردوودا نرخەکان بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، بە جۆرێک نرخی یەک لیتر بەنزینی نۆرمال لە ٧٥٠ دینارەوە گەیشتە ١٢٠٠ دینار، بەنزینی موحەسەن لە ١٢٠٠ دینارەوە بۆ ١٥٠٠ دینار بەرزبووەوە و نرخی بەنزینی سوپەریش لە ١٥٠٠ دینارەوە گەیشتووەتە ٢٠٠٠ دینار بۆ ھەر لیترێک.
ئەم بەرزبوونەوەیە نارەزایەتیی شۆفێرانی لێکەوتووەتەوە و بووە ھۆی ئەوەی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی، بڕیارێک دەربکات و تێیدا نرخی جێگیر بۆ ھەر سێ جۆرەکەی بەنزین دیاریی بکات بە جۆرێک بەنزینی نۆڕماڵ بۆ ھەر لیترێک ٧٥٠ دینار بۆ حکوومیی و ٨٥٠ دینار بۆ بازرگانی، ھەروەھا نرخی یەک لیتر بەنزینی موحەسەن بە ھەزار دینار و سوپەریشی بە ھەزار و ٢٠٠ دینار جێگیر کرد و ئەمەش بووە ھۆی ناڕەزایەتی خاوەن بەنزینخانەکان و لە زۆربەی وێستگەکاندا فرۆشتنی ھەر سێ جۆر بەنزینەکەیان ڕاگرت و ئەمەش قەیرانەکەی قووڵتر کردەوە و بەنزینخانەکانی ھەولێر وەک ھەڵوێست وەرگرتنێک، دابەشکردنی ھەر سێ جۆرەکەیان ڕاگرت و بەنزینخانەکانی سلێمانیش ھەر زوو ڕایانگەیاند کە بە بڕیارەکەوە پابەند نابن و بە نرخە بەرزەکە دەستیان بە فرۆشتن کرد.
لەمیانی یەک ھەفتەی ڕابردوودا، شوفێران بە ئەستەم توانیوویانە بەنزین بۆ ئۆتۆمبێلەکانییان پەیدا بکەن و نۆرەی وەرگرتنی بەنزینی نۆڕماڵیش لەو بەنزینخانانەی جۆری نۆڕماڵ دابەش دەکەن، چەند کیلۆمەترێک قەتارەی بەستووە و جۆرەکانی موحەسەن و سوپەریش بە زەحمەت دەست دەکەون.
لە ھەندێک شوێنی سەر شەقام و شۆستەکانیش جۆرێک بەنزین بە جلیکان دەفرۆشرێت کە پێی دەڵێن بەنزینی ئێرانی و ئەمەش ھەر جلیکانێکی ٢٠ لیتریی جۆری سوپەر گەیشتە ٦٥ ھەزار دینار و جۆری موحەسەنەکەش گەیشتە ٥٠ ھەزار دینار، سەرەڕای هەندێک بەنزینی کوالێتی نزم کە لەسەر شەقامەکان بە نرخێکی هەرزانتر دەفرۆشرێن.
پسپۆڕێکی بواری وزە و ژینگە، جەخت لەوە دەکاتەوە کە ئاڵۆزییە سیاسی و ئەمنییەکانی ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست و گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران کاریگەریی ڕاستەوخۆیان لەسەر بازاڕی وزە و نرخەکانی سووتەمەنی لە ناوچەکە و ھەرێمی کوردستان ھەبووە، ئاماژە بەوەش دەکات کە پێداویستیی ڕۆژانەی ھاووڵاتیان بە سووتەمەنییەوە، ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە ئارامیی ناوچەکەوە و بەرزبوونەوەی نرخی بەنزین شڵەژان و مەترسیی دروستبوونی ھەڵاوسانی ئابووریی و گرانبوونی کەلوپەلەکانی دیکەی لێکەوتووەتەوە.
لەمبارەیەوە پسپۆڕی وزە و ژینگە، دکتۆر ڕێبین سەمەد بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو دۆخە بارگرژییە نێودەوڵەتییەی بە تایبەتی لە نێوان ئەمریکا و ئێراندا دروست بووە کە خەریکە ناوچەکە دەکوڵێنێت. ئەمە ڕاستەوخۆ کاریگەریی لەسەر سەقامگیریی نرخ و پێداویستییەکانی سووتەمەنی ھەیە چونکە شارستانیەتی نوێی مرۆڤایەتی بونیادنراوە لە سەر ووزە و بەرھەمەکانی، بۆیە دەتوانم بڵێم ھەرێمی کوردستانیش بەشێکە لەو ناوچانەی کە مەترسی گەورەی ئابووریی لەسەرە و ئەم دۆخەی ئێستای سووتەمەنی و بەنزین، ئەگەر بەم شێوەیە بەردەوام بێت، مەترسی ھەڵاوسانی نرخی کەلوپەل لە ھەرێم زیاد دەکات".
دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتیشی: "ھەروەھا ئەم دۆخەی نێوان ئەمریکا و ئێران، کاریگەریی لەسەر بەرھەمە نەوتییەکان ھەبوو، بە تایبەت ئەو بڕەی کە عێڕاق دەیدا بە کۆمپانیاکان و بەشێک لەوانە کەمبوونەوە، ھەروەھا نەبوونی پاڵاوگەیەکی حکوومیی لە ھەرێمی کوردستان بۆ کۆنتڕۆڵکردنی نرخ و پڕکردنەوەی پێداویستی ناوخۆ ھۆکارێکی دیکەی دروستبوونی قەیرانەکەیە، چونکە تا ئێستا نەمانتوانیووە پاڵاوگەیەکی حکوومیمان ھەبێت کە لەم کاتانەدا بتوانێت پێداویستییەکانی ناوخۆ پڕ بکاتەوە، ھەروەھا ململانێیە سیاسییە ناوخۆییەکان کاریگەری گەورەی ھەیە و وەک دەبینین ھاووڵاتییان باجەکەی دەدەن".
دکتۆر ڕێبین سەمەد چەند پێشنیازێکی بۆ باشترکردنی دۆخی سووتەمەنی خستەڕوو و ڕایگەیاند: "پێویستە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان ڕێگا بدات بە کۆمپانیا بازرگانییەکان کە بەنزین و یاخود بەرھەمە نەوتییەکان ھاوردەی ھەرێمی کوردستان بکەن، ھەروەھا وەزارەتەکە گومرگ لە سەر ئەو کەلوپەلانە ھەڵبگرێت کە لە دروستکردنی بەنزینی موحەسەن و سوپەر سوودیان لێ وەردەگیرێت، لەگەڵ ئەوەشدا پێویستە بە خێرایی پەیوەندی بە حکوومەتی عێڕاقەوە بکرێت بۆ ئەوەی ئەم کورتھێنانەی سووتەمەنی پڕبکاتەوە".
لەبارەی ئەو پێداویستییانەی کە بۆ دروستکردنی بەنزینی موحەسەن و سوپەر ھاوردەدەکران، دکتۆر ڕێبین سەمەد گوتی: "ئێمە باس لەو کەلوپەل و پێداویستییانەش دەکەین کە بۆ دروستکردنی جۆری موحەسەن و سوپەر لە وڵاتانی دیکەی وەک ئێران ھاوردە دەکران و ئێستا بەھۆی گرژییەکانەوە ناتوانرێت ھاوردە بکرێت کە ئەمەش ھۆکاری کەمبوونەوەی بڕێکی زۆری ھەردوو جۆرەکەی بەنزینە، چونکە ئێمە لە عێراقیش پاڵاوگەیەکی لەو جۆرەمان نیە کە ئەم پێداویستییانە دابین بکات بۆیە بە ناچاری ڕوو لە وڵاتی ئێران و چین دەکەین کە ئەویش ئێستا بەهۆی گرژییەکانەوە توانای هاوردە کەم بووەتەوە".
دکتۆر ڕێبین سەمەد پێیوایە دەبێت ئەم بڕەی کە وەک پشکی ھەرێمی کوردستان دیارییکراوە کە بڕکەی ٥٠ ھەزار بەرمیلی ڕۆژانەیە، زیاد بکرێت بۆ پڕکردنەوەی پێداویستی ھاووڵاتییان و لەمبارەیەوە گوتی: "بێگومان ئێمە دەبێت باس لە زیادکردنی پشکی ھەرێمی کوردستان بکەین کە ٥٠ ھەزار بەرمیلە، ھەروەھا پێویستە حکوومەتی ھەرێمی کوردستان پاڵاوگەی خۆی بونیاد بنێت، چونکە ساڵانە ژمارەی ئۆتۆمبێل زیاتر دەبێت و پێداویستی و خواست لە سەر بەنزین و بەرھەمە سووتەمەنییەکان ڕوو لە ھەڵکشانە".
ھاوکات سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی ھەولێر جەنگی مەجید ئاماژە بەوە دەکات کە پێداویستیی ڕۆژانەی شاری ھەولێر بۆ بەنزین بە ھەموو جۆرەکانییەوە ۲ ملیۆن و ۲۰۰ ھەزار لیترە، جەختیش لەوە دەکاتەوە کە پێشتر ڕۆژانە ملیۆنێک لیتر بەنزینی حکوومی (٧٥٠ دیناری) دابیندەکرا و تا ئێستاش ئەو بڕە بەردەوامە و ھیچ کەمبوونەوەیەکی بەسەردا نەھاتووە بەڵام ئەو ملیۆن و ٢٠٠ هەزار لیترەی بە ڕێگای بازرگانیی دەهات، بەهۆی دۆخی ناوچەکە کەمبووەتەوە.
لەبارەی دروستبوونی قەیرانەکە، جەنگی مەجید بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەو ملیۆن لیترەی کە بە ڕێگەی بازرگانی دەھات بۆ بەنزینخانەکان ڕووی لە کەمبوونەوەی کرد، ھۆکارەکەشی پێکانی ئەو پاڵاوگە پترۆکیمیایییانە بوو کە ماددەکانی ئاڕۆ و (MTBE - Methyl Tert-Butyl Ether- ماددەیەکە کە ئۆکتانی بەنزین بەرز دەکاتەوە) یان دروست دەکرد، بەوەش ھاوردەکردنی بەنزینی سوپەر و موحەسەن کەم بووەوە و نرخەکەی بەرز بووەوە".
جەنگی مەجید گوتیشی: "بەپێی داتاکان، ڕێژەیەکی زۆر لە ھاووڵاتیان بەنزینی جۆری سوپەر و موحەسەن بەکاردێنن. کاتێک نزیکەی ٦٠٠ تا ٦٣٠ ھەزار لیتر لە بەنزینی سوپەر و موحەسەن کەم بووەوە، ھەموو گوشارەکە کەوتە سەر بەنزینی (نۆڕماڵ) و قەرەباڵغییەکی زۆری دروست کرد، ھەروەھا بەھۆی ئاڵۆزییەکانەوە، ھاوردەکردنی بەنزین لە مووسڵ و حکوومەتی عێراقیش تووشی گرفت بوو کە پێشتر بەشێک لەوێیەوە ھاوردە دەکرا".
لەبارەی دۆخی ئێستای بەنزینەوە، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی ھەولێر جەنگی مەجید گوتی: "ئێستا ڕۆژانە لە ٢٥ تا ٣٠ بەنزینخانە بەنزینی حکوومی (٧٥٠ دیناری) دابەش دەکرێت، کە بەراورد بە پێشتر زیادبووە چونکە پێشتر لە ٢٢ تا ٢٤ بەنزینخانە دابەش دەکرا".
جەنگی مەجید گوتیشی: "خواستی زۆر لەسەر بەنزینی سوپەر و موحەسەن نەماوە و دۆخەکە بەرەو ئاساییبوونەوە دەچێت. پێشبینی دەکرێت لە ماوەیەکی کەمدا نرخیشی دابەزێت".
لەبارەی خراپی کوالێتی ھەندێک لە بەنزینەکان، جەنگی مەجید ئاماژەی بەوەکرد کە کێشەکە لە بەنزینخانە فەرمییەکاندا نییە، بەڵکو ھەندێک کەس بەنزینی خراپ و نەوتی تێکەڵکراو لەسەر شەقامەکان بە جلیکان دەفرۆشن و لیژنەکان ناتوانن پشکنینیان بۆ بکە، ئەمە ھۆکاری تێکچوونی بەشێکی زۆری ئۆتۆمبێلەکانە و داوای لە شوفێران کرد بەنزینی سەر شەقامەکان نەکڕن.
ئەمە لە کاتێکدایە کە لەم ھەفتەیەدا سەرۆکوەزیرانی ھەرێمی کوردستان مەسرور بارزانی سەرپەرشتی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بەم قەیرانەی کردوو تێیدا وەزارەتی سامانەسرووشتییەکانی ڕاسپاردووە کە پێداچوونەوە بە نرخی بەنزینی جۆری موحەسەن و سوپەر بکرێت کە گونجاو بێت لەگەڵ بازاڕی ھەرێم و ڕێگریش بکرێت لە قازانجی ناڕەوا، ھەروەھا ئاسانکاریش بکرێت بۆ ھێنانی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە بۆ دروستکردنی ئەو دوو جۆرە بەنزینە بەکار دەھێنرێن.
لە ھەمان کاتدا، وەزارەتی سامانە سرووشتییەکانی ھەرێمی کوردستان گفتوگۆیەکی لەبارەی جۆر و نرخەکانی بەنزین ئەنجامدا و تێیدا جەختی لەوە کردووەتەوە کە دەبێت پشکی نەوتی خاو بۆ ھەرێمی کوردستان زیاد بکرێت.
جێی ئاماژەیە ھەرێمی کوردستان ڕۆژانە پێویستی بە شەش ملیۆن و ٣٠٠ ھەزار لتر بەنزین ھەیە و ئێستا بەھۆی دۆخی ناوچەکەوە، پاڵاوگەکان ناتوانن بڕی پێویست بەرھەم بھێنن و ئەمەش قەیرانی بەنزینی دروستکردووە، پێشبینی دەکرێت پێدانی بەنزین بە ئۆتۆمبێلەکان بکرێتە کۆبۆن و نۆرەگرتنی ئۆتۆمبێلەکان کەمتر دەکاتەوە.
news_share_descriptionsubscription_contact
