Zana Natık Kerem
01 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 02 شوبات 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی داوای لە ھاووڵاتییان کرد کە دۆلار نەکڕن، چونکە بەھای دینار بەرزترە لە بەهای دۆلار و رایگەیاند، رۆژانە بڕیکی زۆر دۆلار بە قاچاخ و بە پسوولەی ساختەوە دەبردرێتە دەرەوە.
محەمەد شیاع سوودانی لە ھەڤپەڤینێکیدا لەگەڵ کەناڵی "ئەلعێراقییە" باسی لە ژمارەیەک رۆژەڤ کرد، لەنێویاندا بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاغ و بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار، ھەروەھا سەردانەکەی شاندێکی عێراقی بۆ واشنتۆن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق، محەمەد شیاع سوودانی لەبارەی بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاغ گوتی: "پرسی بردنە دەرەوەی دۆلار بە قاچاخ کاتێک ئاشکرابوو کە ھەمووان پابەند بوون بەوەی مامەڵە داراییەکان لەڕێگای سیستەمی بانکی جیھانیی "SWIFT" ئەنجام بدەن کە ئەوەیش رێگا بە بانکی ناوەندیی ئەمریکا دەدات، چاودێری رەوشی بانکەکان بکات.
گوتیشی: "پێشتر بانکی ناوەندیی عێراق رۆژانە، لەنێوان ٢٠٠ ملیۆن، ٢٥٠ ملیۆن و ٣٠٠ ملیۆن دۆلاری خستووەتە بازاڕەوە، بەڵام ئێستا رۆژانە لەنێوان ٣٠ ملیۆن یان ٤٠ ملیۆن یان ٥٠ ملیۆن دۆلار دەخاتە بازاڕەوە کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل دروست کردووە".
ئاشکراشی کردووە، بە پسوولەی ساختەوە، بڕیکی زۆر دۆلار بە قاچاغ براوەتەوە دەرەوە کە ئەوەیش کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار بەرامبەربە دینار دروست کردووە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە کە لیژنەیەکی ئەمنییان بۆ دەستگیرکردنی ئەو کەسانەی کە دۆلار بە قاچاغ دەبنە دەرەوە پێکھێناوە.
محەمەد شیاع سوودانی داوایشی لە ھاووڵاتییان کردووە کە دۆلار نەکڕن، چونکە بەھای دینار لە بەهای دۆلار بەرزترە.
سەرۆکوەزیرانی عێراق راشیگەیاندووە کە لە حەوتی ئەم مانگە، شاندێکی باڵای عێراق بۆ تاوتوێکردنی پرسی ناجێگیربوونی دۆلار بەرامبەربە دینار سەردانی واشنتۆن دەکات.
ئەمەیش لەکاتێکدایە دوێنێ سێشەممە لە بازاڕەکانی عێراقدا، نرخی دۆلاری ئەمریکی بەرامبەربە دیناری عێراقی، ژمارەیەکی پێوانەیی تۆمار کرد، بە جۆرێک ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی بە ١٦٩ دینار مامەڵەی پێوە کرا.
بەرزبوونەوەی نرخی دۆلار کاریگەریی لەسەر بەرزبوونەوەی نرخی خۆراک و کەلوپەل لە بازاڕەکانی عێراق و ھەرێمی کوردستاندا دروست کردووە.