Zana Natık Kerem
01 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 01 شوبات 2023
ھەولێر – AA
راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی رایگەیاند کە عێراق و ئێران لە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژی و ئاڵۆزی، ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە.
نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە قاسم ئەعرەجی لە نووسینگەی خۆی لە بەغدا لەگەڵ جێگیری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، کازم غەریب ئابادی کۆبووەتەوە.
راشیگەیاندووە لە کۆبووەکەدا کە باڵیۆزی ئێران لە عێراق، محەمەد کازم ئال سادق ئامادەی بوو، باس لە پتەوترکردنی پەیوەندیی دۆستانە و ھاریکارییە ھاوبەشەکانی نێوان عێراق و ئێران کراوە و جەخت کراوەتەوە کە گرنگە بە گفتوگۆ و لێکتێگەیشتن کێشەکانی نێوان ھەردوو وڵات چارەسەر بکرێن.
باسی لەوەش کردووە کە قاسم ئەعرەجی جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە ھەمووان ھاوڕان لەسەر درێژەدان بە شەڕی دژبە تیرۆر، ئەوەیش بە ئامانجی بەدیھێنانی سەقامگیریی لە ناوچەکە و جیھاندا و گوتوویەتی: "ھێشتا تیرۆر ھەڕەشەیە بۆسەر جیھان، بۆیە پێویستە ھەوڵی زیاتر بدرێت بۆ وشککردنی سەرچاوەکانی تیرۆر".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە راوێژکاری ئاسایشی نەتەوەیی عێراق، قاسم ئەعرەجی راشیگەیاندووە، عێراق و ئێران لە دوورخستنەوەی ناوچەکە لە گرژی و ئاڵۆزی، ئامانجی ھاوبەشیان ھەیە، جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە گرنگە وڵاتانی ناوچەکە ھاوکاری یەکتربن لە دۆسیەی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر و گوتوویەتی: "حکوومەتی عێراق جیددییە لە پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانی لەگەڵ ئێران، بە تایبەتیش دوای ئەو سەردانەی کە سەرۆکوەزیران، محەمەد شیاع سوودانی بۆ ئێران ئەنجامی دا".
راشیگەیاندووە کە لای خۆیەوە جێگیری سەرۆکی دەسەڵاتی دادوەریی ئێران، کازم غەریب ئابادی ئاماژەی بەوەداوە کە پەیوەندیی و ھاریکارییەکانی نێوان عێراق و ئێران، باش و ستراتیجیین و گوتوویەتی: "ھەرکاتێک ھاریکارییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری دادوەرییدا پتەوتر بێت، ئەوە دەتوانین ئەو کێشانە چارەسەر بکەین کە دەبنە ئاستەنگ لەبەردەم پەرەپێدان بە پەیوەندییەکانمان".
کازم غەریب ئابادی راشیگەیاندووە کە ئێران خواستی ھەیە ھاریکارییەکانی لەگەڵ عێراقدا، پتەوتر بکات.