Muhammed Ali Kamal
08 تشرینی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 08 تشرینی یەکەم 2020
هەولێر - AA
بە سەرپەرشتی سهرۆكی حكوومهتی ههرێمی كوردستان، مەسرور بارزانی و ئامادەبوونی جێگری سەرۆکی حکوومەت، قوباد تاڵەبانی، کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری هەرێمی كوردستان بەڕێوەچوو.
له ههواڵێكدا كه له ماڵپهڕی حكوومهتی ههرێمی كوردستاندا بڵاوكراوهتهوه، باس لهوهكراوه، لە دەستپێکی کۆبوونەکەدا، مهسرور بارزانی ئاماژەی بەوەدا، کە هەرچەندە ئێستا هەرێمی کوردستان و عێراق و جیهان بە گشتی، بە دۆخێکی سەختی ئابووریدا تێدەپەڕن، بەڵام کابینەی نۆیەم بەردەوامە لە کارکردن لە پێناو بووژانەوە و گەشەپێدانی ئابووری و بیناتنانی ژێرخانێکی ئابووری بە هێز و سەرکەوتوو، کە هەرێمی کوردستان دەرفەتی ئەوەی هەیە ببێتە سەنتەرێکی بازرگانی گرنگ لە عێراق و ناوچەکەدا، لە پێناو راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی بۆ ئەنجامدانی پڕۆژەی ستراتیژی.
تیشكخراوهته سهر ئهوهش، لە بڕگەیەکی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم راپۆرتی لیژنەیەکی تایبەتی خستووهتەڕوو سەبارەت بە کێشەی کوالیتی بەنزین وسووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەرەوەی ھەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا، سەرجەم پێشنیارەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە پەسەندکراون، و لە نێویاندا گرنگیی یەکخستن و نوێکردنەوەی پێوەر و ستانداردە تەکنیکی و تەندروستی و سەلامەتیی و ژینگەیی پێوانەی کوالیتی سووتەمەنیەکان لەسەرتاسەری ھەرێم، هەروەها رێکخستنەوە و پەرەپێدانی تاقیگەکانی ناوەندی پشکنینی کوالیتی سووتەمەنی لە ھەرێم و دابینکردنی ئامێری پشکنین وپێداویستیەکانی و راسپاردنی وەزارەتی ناوخۆ و ئاسایشی بازرگانی و تیمەکانی چاودێریی بازرگانی، بۆ بەدواداچوونی بابەتی کوالیتی سووتەمەنی ھاوردەکراو لە دەروازە سنوورییەکان و لەناو عەمبارەکانی گلدانەوەی سووتەمەنی و بەنزینخانەکان و رێگرتن لەو کەسانەی کە ماددەی کیمیایی نەگونجاو بەکاردەھێنن بۆ بەرزکردنەوەی کوالیتی بەنزین بە شێوەیەکی نادروست، کە دەرەنجامی نەرێنی و خراپی ھەیە لەسەر ژیان و سەلامەتی ھاووڵاتییان و ژینگەی ھەرێمی کوردستان، سەرەڕای لێکەوتە داراییەکانی.
ئاماژه بهوهشكراوه، ئەنجوومەنی وەزیران، لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووه بۆ وەرگرتنی رێکاریی یاسایی توند بەرامبەر سەرپێچیکاران.
له ههواڵهكهدا باس لهوهشكراوه لە کۆبوونەوەکەدا، جەختکراوهتهوه لەسەر وەرگرتنی باج لەسەر قازانجی کۆمپانیاکانی ھاوردەکردنی سووتەمەنی بە مەرجێک ئەم رێکارانە کاریگەری نەبێ لەسەر زیادکردنی نرخی سووتەمەنی بۆ ھاووڵاتیانی بەکاربەر.
ههروهها تیشك خراوهته سهر ئهوهی لە تەوەرێکی دیكهی کۆبوونەوەکەدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ھێڵە گشتیيەکانی پڕۆژە یاسای پاراستنی خاوەندارێتی ھزریی، خستووهتەڕوو بۆ پاراستنی مافەکانی خاوەندارێتی ھزریی لە بوارە جیاجیاکانی ھونەریی، ئەدەبی، زانستی، بازرگانی و پیشەسازیی، لەپێناو ھاندانی بزاڤی ھونەری و زانستی و پاراستنی مافی ئەوانەی لەم بوارانە کاردەکەن.
ئاماژه بهوهشكراوه، لیژنەی یاسایی ئەنجومەنی وەزیران راسپێردراوه، پەلەبكات لە پێداچوونەوە بە پڕۆژە یاساکە و ئامادەکردنەوەی بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی وەزیران پەسەندی بکات تا رەوانەی پەرلەمانی کوردستان بکرێت. یاساكه رۆڵێکی گرنگی دەبێت لە بووژاندنەوەی ئابووری و ھاندانی کۆمپانیاکان بۆ پشتیوانیکردنی خاوەن مافە ھزرییەکان، هەروەها رێگرتن لە ھەر دەستدرێژیی وپێشێلکارییەک لەسەر ئەم مافانە و بەرگرتن لە تەقلیدکردن و ساختەکردنی بەرھەمەکان و کێبڕکێی ناڕەوا.