هەولێر
باشترین جۆری ھەنگوین لە ھەرێمی کوردستان لە ناوچەی سیدەکان بەرھەم دێت، ئەمە گوتەی ئەندازیاری کشتوکاڵ ئەحمەد-ە، ناوبراو بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "باشترین جۆری ھەنگوین کاتێک بەرھەم دێت کە ھەنگەوان ھەنگەکانی لە کەشوھەوایەکی سازگار و لە نێو زۆرترین گوڵ دابنێت، ناوچەی سیدەکانیش لەو جۆرە شوێنانەیە کە من باسی دەکەم ھەر بۆیە باشترین جۆری ھەنگوینی لێ بەرھەم دێت".
ئەم سەرپەرشیارە گوتیشی: "ھەر پوورەیەک لە ھەنگ کاتێک ھەنگەکان تەنیا شیلەی گوڵ بمژن، رۆژانە ٣٠٠ گرام کێشەکەی زیاد دەکات، بەڵام کە شەکر بدرێت بە ھەنگەکان رۆژانە نزیکی دوو کیلۆگرام کێشی پوورەکە زیاد دەکات".
ھەنگوینی کوردستان بۆ ھەر کیلۆیەک نرخەکەی هەتا ٨٠ ھەزار دەڕوات و ھەنگوینی ئێرانی کیلۆی ١٠ ھەزار دینارە. هەنگوین فرۆشێکی شاری هەولێر بەناوی مام ساڵح بەقاڵ دەڵێت: "ھەنگوینی ئێرانی تەنیا ناوی ھەنگوینە و سوودێکی ئەوتۆی نییە چونکە شەکر دەرخواردی ھەنگەکان دراوە. ھەنگوینی کوردستانیش کیلۆی لە ٣٠ ھەزارەوە هەتا ٨٠ ھەزار دینارە، بەرزترین نرخیان هی ئەو جۆرە هەنگوینەیە لە ناوچەی شاخاوی بەرھەم دێت و شەکر و ھیچ زیادەیەکی پێ نەدراوە، ئەگەر کڕیار تۆزێک شارەزا بێت دەتوانێ لە رێگەی تام و بۆنەوە، هەنگوینی باش بناسێتەوە".
بەپێی ئاماری وەزارەتی کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو لەھەرێمی کوردستاندا ٢١٤ ھەزار و ٤١٤ پورەی ھەنگ ھەیە کە ١٠ ھەزار و ١٧٧ ھەنگەوان کاری لەسەر دەکەن. بەرھەمی ساڵانەیان ناگاتە ٨٠٠ تۆن ھەنگوین کە بەشی زۆری لە شاری ھەولێر و کەمترین رێژەش لە ئیدارەی گەرمیان بەرھەم دێت.
پلانی وەزارەتی کشتوکاڵ ئەوەیە تاوەکو ساڵی ٢٠١٨ بەرھەمی ھەنگوینی نێوخۆ بگەیەندرێتە ٩٤٧ تۆن. بۆ ئەم مەبەستەش چەند ھاوکارییەکی ھەنگەوانانیان کردووە. دیارترینیان بریتین لە دابین کردنی بڕی ٧٢٤ ملیۆن دینار بۆ ساڵی ٢٠١٣ و دابین کردنی بڕی ٣٤٦ ملیۆن و ٢٢٥ ھەزار دینار بۆ ساڵی ٢٠١٤ کە لەم بودجەیە یارمەتی ھەنگەوانان دراوە.
ھەروەھا کڕینی پێداویستییەکانی ھەنگەوانی بۆ ھەنگەوانان و ئەنجامدانی خولی مەشق و راھێنان و پێدانی قەرزی کشتوکاڵی بە ھەنگەوانان بەبێ زیادە خستنەسەر کە بڕی قەرزەکە لە ٨٠ بۆ ١٥٠ ملیۆن دینارە.