Dmitri Chirciu
01 ئەیلوول 2026•نوێکردنەوە: 01 ئەیلوول 2026
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند، پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە هەموو سەردەمێک زیاتر، ئەمڕۆ لە ئاستێکی بەرز دایە.
لە میانی بەشداریکردنی لە لووتکەی ڕێکخراوی هاریکاری شانگهای کە لە قیرغیزستان بەڕێوەدەچێت، سەرکۆمار ئەردۆغان لەگەڵ سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین کۆبوویەوە.
لە سەرەتای دیدارەکەدا هەردوو سەرکردە قسەیان بۆ میدیاکان کرد و لەم بارەیەوە سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەمڕۆ ئەم دەرفەتە بە گرنگ دەزانم. بەڕاستی پەیوەندییەکانی نێوان ڕووسیا و تورکیا لە هەموو سەردەمێک زیاتر، ئەمڕۆ لە ئاستێکی بەرز دایە".
سەرکۆمار ئەردۆغان گوتیشی: "پرسی دامەزراوەی ناوەکی ئاککویو لە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و ڕووسیادا زۆر گرنگە. لە ئێستادا لە قۆناغی تەواوکاری دامەزراوەی ئاککویو داین".
سەرکۆمار ئەردۆغان ڕاشیگەیاند: "لەگەڵ تەواوبوونی دامەزراوەی ناوەکی ئاککویو، (لەگەڵ ڕووسیا) بەیەکەوە بۆ دامەزراندنی وێستگەی ناوەکی دیکەش هەنگاو دەنێین".
لە بەرامبەردا سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین گوتی: "تورکیا لە بواری سیاسەتی دەرەوە و ئابووریدا، یەکێکە لە هاوبەشە نایابەکانمان".
ڤلادیمیر پووتین وێرای ئاماژەدان بە سەرکۆمار ئەردۆغان، گوتی: "لە سایەی بەدواداچوونەکانتان، هاریکارییە ئابوورییەکانمان لە ئاستێکی بەرزدایە".
سەرۆکی ڕووسیا ڤلادیمیر پووتین گوتیشی: "بەردەوام دەبین لەسەر جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش. یەکێک لەوانە وێستگەی ناوەکی ئاککویو. ئامانجتان بەگەڕخستنی بەشی یەکەمی وێستگەکە بوو، ئەوە بە هەمان شێوە دەبێت".