Zana Natık Kerem
08 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 09 ئادار 2023
ھەولێر – AA
وەزیری دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان، ئاوات جەناب نوری رایگەیاند: "ھەنگاوەکانی کردنەوەی بانکی نیشتیمان وەک لقێکی بانکی ناوەندیی لە ھەرێمی کورستان لە قۆناغی کۆتایی دایە و بە کردنەوەی بانکەکە، سیستەمی بانکیی لە ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی باش دەچێتە پێشەوە".
ئاوات جەناب نوری پێشوازیی کرد لە بەڕێوەبەری ھەرێمیی ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەڕاست سەربە بانکی نێودەوڵەتیی، جان کریستۆڤ کارێت و شاندی یاوەری و کۆبوونەوە.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی ھەرێمی کوردستان لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەداوە کە وەزیری دارایی کورتەیەکی لەبارەی کار و چالاکییەکانی وەزارەت لە بواری بەدیجیتاڵیکردنی سیستەمی بانکەکان، دابەشکردنی مووچەی خانەنشینان و فەرمانبەران بەشێوەی ئەلیکترۆنی، رێکخستنەوەی سیستەمی خەرجی بە شێوازی ئۆنلاین و زیادکردنی شەفافییەت و کەمکردنەوەی رۆتین خستووەتەڕوو.
راشیگەیاندووە کە شاندەکەی بانکی نێودەوڵەتیی ستایشی ھەنگاوەکانی وەزارەتی دارایی لە بواری شەفافییەت و بەدیجیتاڵکردنی خزمەتگوزارییەکان کردووە و داوای کردووە کە پەیوەندیی راستەوخۆی لەگەڵ وەزارەتی دارایی ھەبێت بەمەبەستی ھەماھەنگی و ھاوکاریکردن لە بواری پێشکەشکردنی خزمەتگوزاریی بانکی و دارایی و بەرزکردنەوەی توانای تیم و کارمەندەکانی وەزارەت.
باسی لەوەیش کردووە کە وەزیری دارایی رایگەیاندووە "ھەنگاوەکانی کردنەوەی بانکی نیشتیمان وەک لقێکی بانکی ناوەندیی لە ھەرێمی کورستان لە قۆناغی کۆتایی دایە و بە کردنەوەی بانکەکە، سیستەمی بانکی لە ھەرێمی کوردستان قۆناغێکی باش دەچێتە پێشەوە".
ئەوەیشی خستووەتەڕوو کە ئاوات جەناب نوری، ئامادەیی وەزارەتی دارایی و ئابووری بۆ ھاوکاری و ھەماھەنگیی بەردەوام لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی بۆ پێکەوەکارکردن، زیادبوونی شەفافییەت، بەرەوپێشبردنی سیستەمی بانکی و دارایی لە ھەرێمی کوردستان دەربڕیوە.