Zana Natık Kerem
08 ئادار 2023•نوێکردنەوە: 08 ئادار 2023
ھەولێر – AA
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، نێچیرڤان بارزانی لە پەیامێکدا بەبۆنەی رۆژی جیھانیی ئافرەتان رایگەیاند "کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستاندا، بواری زیاتر بە بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسی بدرێت".
لە پەیامەکەی نێچیرڤان بارزانی-دا هاتووە "رۆژی جیھانیی ئافرەتان بە گەرمی لە تەواوی ژنانی کوردستان، عێراق و جیھان پیرۆز دەکەم، ھیوای سەرکەوتنی زیاتر، کۆڵنەدان و بەردەوامییان بۆ دەخوازم".
لە پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا، ئەوە خراوەتەڕوو کە ئافرەتان ساڵانێکی زۆرە خۆیان رێکخستووە و لە ھەموو بوارەکاندا خەبات دەکەن بۆ دابینکردنی مافە رەواکانیان و بنبڕکردنی چەوساندنەوە، توندوتیژی و بەرەنگاربوونەوەی نایەکسانی و ھاتووە "وەک چۆن پێشتر لە بواری چاکسازیی یاسایی، سیاسەتیی کۆمەڵایەتی، سەربەخۆییی دارایی و پەروەردەدا پشتگیریمان لە ژنان کردووە، بەردەوام دەبین و ھەمیشە پشتگیری لە خەباتیان دەکەین بۆ مسۆگەرکردنی تەواوی مافەکانیان".
نێچیرڤان بارزانی تیشکی خستووەتە سەر ئەوەی کە ھیچ کۆمەڵگایەک بەبێ ئازادیی ئافرەت، ئازاد نییە و پێشناکەوێت و رایگەیاندووە "کار دەکەین بۆ ئەوەی لە ھەرێمی کوردستان بواری زیاتر بە بەشداریی ژنان لە ژیانی سیاسیی و بەڕێوەبردن و ھەموو بوارەکانی دیکەدا بدرێت، توندوتیژی دژی ژنان و پێشێلکردنی مافەکانیان کە مایەی نیگەرانییە، کۆتایی بێت".
سەرۆکی ھەرێمی کوردستان جەختی کردووەتەوە لەسەر ئەوەی کە لەم روانگەیەوە ھەرێمی کوردستان پێویستی بە کار، سیاسەت و ستراتیجیی نوێ، بە بەشداریی ھەمووان ھەیە، پەروەردە و فێرکردن، برەودان بە توێژینەوەی ئەکادیمی و کاری زانستی، ھۆشیاری و گفتوگۆی ھەمەلایەنە، باشترین ریگان بۆ گەیشتن بەم ئامانجە.
راشیگەیاندووە "ستایش و دەستخۆشی بۆ ئەو خانمانەی متمانەیان بە خۆ بووە لە کایە و بوارە جیاکانی ژیاندا چوونەتە پێشەوە و خۆیان سەلماندووە لە راپەراندنی ئەرک و کارەکانیاندا سەرکەوتوون و بوونەتە پێشەنگ، ھەروەھا ئافرەتانی کوردستان، دەبێت ھاوشانی ژنانی جیھان، ئامادەیی و بەشداریی زیاتریان ھەبێت لە پرسەکانی ئافرەتان و پرسەکانی دیکەی ژیاندا".
لە کۆتایی پەیامەکەی سەرۆکی ھەرێمی کوردستاندا، ھاتووە "لەم یادەدا کار و خەباتی ئافرەتانی کوردستان لە رێکخراوە حکوومی و ناحکوومییەکان و لە فەرمانگە و دامەزراوەکاندا، بە بەرزی ھەڵدەسەنگێنین بە رێز و پێزانینەوە لە ئەرک و رەنج و ماندووبوونی ھەموو ئەو خانمە کۆڵنەدارنە دەڕوانین کە لە ھەر بوارێکی کەرتی گشتیی و تایبەتدا کار دەکەن و بەشدارییەکی کارا لە بەڕێوەبردن و بنیاتانی کۆمەڵگە و وڵاتدا دەکەن".