Rawan Subhi Obaidullah
28 شوبات 2023•نوێکردنەوە: 01 ئادار 2023
دھۆک - AA
بەرپرسی ھۆبەی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیران لە پارێزگای دھۆک، ئیسماعیل ئیسلام لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا ئاماژەی بەوە دا کە بەپێی نوێترین بڕیاری وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق، ھەر ئاوارەیەک بگەڕێتەوە سەر زێدی خۆی ھاوکاری دارایی دەکرێت و گوتی: "بەڕێوەبەرایەتی کۆچ و کۆچبەران و وەڵامدانەوەی قەیران لە پارێزگای دھۆک لە ماوەی رابردوودا، ھەماھەنگی لەگەڵ وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق کردووە و بڕیاردراوە ھاوکاری دارایی ئاوارەی ناو کەمپەکان بکرێت و لە کەمپەکانی (شاریا، کەبەرتوو یەک، کەبەتوو دوو و شێخان) ناوی ئاوارەکان تۆمارکراوە، تاوەکو ئێستا ناوی ١٦ ھەزار ئاوارە تۆمارکراوە کە سوودمەند دەبن لەم ھاوکارییە، قۆناغی یەکەم بۆ ئەو ئاوارانەیە کە زۆر پێویستن وەکو، ژنی تەڵاقدراو، ئەو ژنانەی کە ھاوسەرەکەریان لە ژیاندا نەماون، بەساڵاچووان و پەککەوتوو".
ئێزدییەکان لە سێی ئابی ٢٠١٤ رووبەڕووی پەلاماری رێکخراوی تیرۆریستیی داعش بوونەوە و داعش شەش ھەزار و ٤١٧ کوردی ئێزدیی رفاند، ناوچەکانیان وێرانبوون و ئاوەدان نەکراونەتەوە و زۆربەی ئاوارەکان نەگەڕاونەتەوە کە بەشی ھەرە زۆری ئاوارەکان لە کەمپەکانی سنووری پارێزگای دھۆک تا ئێستا نێشتەجێکراون.
لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکەدا یاریدەدەری بەڕپرسی نووسینگەی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق لە دھۆک، محەمەد بەدەل ئاماژەی بەوە دا کە کارمەندەکانیان لە ھەموو کەمپەکانی ھەرێمی کوردستاندا، لەئێستادا رووپێوی مەیدانیی دەکەن بۆ ئەوەی ناوی ئەو ئاوارانە تۆمار بکەن کە مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە و گوتی: "پێشتر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانی عێراق مووچەی چاودێریی کۆمەڵایەتی بۆ ٧٨٥ خاوەن پێداویستی تایبەت دابین کردووە، ئەوانەی نەخۆشی درێژخایەنیان ھەیە وەکو ئیفلیجی مێشک و زۆر لە نەخۆشیەکانی تری درێژخایەن و لە داھاتوودا رووپێوی مەیدانیی بۆ ئەو کەمپانەش دەکەین کە بەشێوەیەکی ھەڕەمەکی دروستکراون و لە دەرەوەی خزمەتگوزارییەکانن".
لە سنووری پارێزگای دھۆک ٢٠ کەمپی ئاوارە و پەنابەران ھەیە کە ١٥یان خەڵکی دەڤەری شنگالی تیادان، ژمارەی ئەو ئیزدیانەی کە ئاوارەن و لەناو کەمپدا دەژین؛ ١٣٥ ھەزار و ٦٨٧ کەسن کە دەکاتە ٢٦ ھەزار و ٨٧٨ خێزان، ھەروەھا لە دەرەوەی کەمپ ١٨٩ ھەزار و ٤٠١ کەس کە دەکاتە ٣٨ ھەزار و ١٥٦ خێزان، کۆی گشتی دەکاتە ٣٢٥ ھەزار و ٩٦ کەس کە دەکاتە ٦٥ ھەزار و ٣٤ خێزان.