Firdevs Yüksel
02 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2022
ئیستانبوڵ- AA
لە بازاڕەکانی جیهاندا نرخی بەرمیلێک نەوتی خاوی برێنت بە ٩٣ دۆلار و ٩٣ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
دوێنێ نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ٩٥ دۆلار و ٦٧ سەنت و رۆژەکەی بە ٩٢ دۆلار و ٣٦ سەنت تەواو کرد. کاتژمێر ٠٩:٣٨ی بەیانی ئەمڕۆ نرخەکان بە رێژەی لە سەدا ١،٧٠ بەرزبوونەوەیان بەخۆوەبینی و نرخی بەرمیلێک نەوت گەیشتە ٩٣ دۆلار و ٩٣ سەنت.
لە هەمان کاتدا بەرمیلێک نەوتی رۆژئاوای تەکساس بە ٨٨ دۆلار و ١٧ سەنت فرۆشرایە کڕیاران.
نزیکبوونەوەی کۆبوونەوەی نێوان رێکخراوی وڵاتانی هەناردەکاری نەوت (ئۆپیک) و وڵاتانی دەرەوەی رێکخراوەکە (ئۆپیک +) کە بڕیارە لە نۆی ئەیلوولدا ئەنجام بدرێت، نیگەرانییەکانی لە خستنەبازاڕی نەوت زیاتر کردووە و ئەمەش بووەتە هۆی بەرزبوونەوەی نرخی نەوت.
وەزیری وزەی سعوودیە، عەبدولعەزیز بن سەلمان، لە سەرەتای هەفتەی رابردوودا ئەوەی ئاشکرا کرد کە گرووپی (ئۆپیک +) ئامادەیە بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەو دابەزینەی لە ماوەی رابردوودا لە نرخی نەوتدا روویداوە، بەرهەمهێنانی نەوت کەم بکاتەوە.
گروپی (ئۆپیک +) لە کۆبوونەوەی پێشوودا بڕیاریدابوو لە مانگی ئەیلوولدا تەنها ١٠٠ هەزار بەرمیل ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت، بەرزبکاتەوە، ئەمە لە کاتێکدا کە لە مانگەکانی تەمووز و ئابدا ئاستی بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوت ٦٤٨ هەزار بەرمیل، بەرز کرابووەوە.
لە لایەکی دیکەشەوە وەزیرانی دارایی وڵاتانی G7، ئەمڕۆ کۆدەبنەوە و گفتوگۆ لەسەر دیارییکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا، دەکەن.
وەزیری گەنجینەی ئەمریکا، جانێت یەلەن دوێنێ لە میانی لێدوانێکیدا باسی لە دیارییکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا کرد و ئەوەی خستەڕوو کە گەشبینە بەو بەرەپێشچوونە گرنگانەی لەو بوارەدا روویانداوە.
لای خۆیەوە یاریدەدەری سەرۆکوەزیرانی رووسیا، ئالێکساندەر نۆڤاک، ئەوەی ئاشکرا کردبوو کە نەوت و بەرهەمەکانی نەوتییەکان نافرۆشنە ئەو وڵات و کۆمپانیایانەی کە پشتگیری لە دیاریکردنی بەرزترین نرخ بۆ نەوتی رووسیا دەکەن.
جێی ئاماژەیە، زیادبوونی بەرچاوی رێژەی سوو بووەتە هۆی لەسەرخۆ ئاسایبوونەوەی رەوشی ئابووری جیهان، هەروەها توندکردنەوەی رێوشوێنەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە چین، وای کردووە نیگەرانییەکان لە کەمبوونەوەی خواست لەسەر نەوت زیاتربن و ئەمەش هۆکارێکە بۆ دابەزینی نرخی نەوت.