Mahmut Nabi
02 ئەیلوول 2022•نوێکردنەوە: 04 ئەیلوول 2022
ئیسلام ئاباد - AA
وەزیری گۆڕانی کەشوھەوای پاکستان، شێری رەحمان داوای لە تورکیا کرد شاندێکی تەکنیکی بۆ وڵاتەکەی بنێرێت بەمەبەستی یارمەتیدانیان لە کاری فریاگوزاریی بۆ ئەو کەسانەی کە بەھۆی لافاوەکەوە زیانیان بەرکەوتووە.
ئەم داوایەی وەزیری گۆڕانی کەشوھەوای پاکستان لە میانی کۆبوونەوەیەک لەگەڵ وەزیری ناوخۆی تورکیا، سولەیمان سۆیلو و وەزیری ژینگە و شارسازیی و گۆڕانی کەشوھەوای تورکیا، موراد کوروم ھات کە بە مەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە کارە فریاگوزارییەکان لەو زیانانەی کە بەھۆی لافاو و بارانی بەخوڕەوە کەوتووەتەوە، سەردانی پاکستانیان کردووە.
شێری رەحمان ئەوەی خستەڕوو کە بە ھۆی کاریگەری بارانبارینی بەخوڕ و لافاو ژمارەیەک زۆری خانوو لە سەرتاسەری پاکستان وێران بوونە و بۆ ئەمەش پاکستان پێویستی بە نزیکەی یەک ملیۆن چادر ھەیە.

وەزیری گۆڕانی کەشوھەوای پاکستان داوای لە تورکیا کرد شاندێکی تەکنیکی بۆ پاکستان بنێرێت بەمەبەستی یارمەتیدانی وڵاتەکەی "بۆ ساڕێژکردنی برینەکانی لافاوەکە بە شێوەیەکی دروست و خێرا".
جێی ئاماژەیە، شاندێکی باڵای تورکیا بە سەرۆکایەتی وەزیری ناوخۆ، سولەیمان سۆیلو و وەزیری ژینگە و شارسازیی و گۆڕانی کەشوھەوا، موراد کوروم، بەمەبەستی ئاگاداربوون لە کارەکانی فریاگوزاریی لەو ناوچانەی کە بەھۆی لافاوکانەوە زیانیان پێگەیشتووە، سەردانی پاکستانیان کرد.
ھەروەھا ھەیەک لە سەرۆکی دەستەی بەڕێوەبردنی کارەسات و دۆخە لەناکاوەکان، یونس سێزەر و سەرۆکی دامەزراوەی نیشتەجێکردن، عومەر بولوت و نوێنەرانی رێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی یاوەری شاندەکەی تورکیان بۆ پاکستان.
بەپێی زانیارییەکانی ئاژانسی ئیدارەی کارەساتی نیشتمانیی پاکستان (NDMA)، لە ١٤ی حوزەیرانەوە تا ئێستا لە سەرانسەری وڵاتەکەدا، بەھۆی کاریگەری بارانبارینی وەرزییەوە ھەزار و ٢٠٨ گیانیان لەدەستداوە و شەش ھەزار و ٨٢ کەسی دیکەیش برینداربوون.
