Zana Natık Kerem
15 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 15 کانوونی یەکەم 2020
ھەولێر ــ AA
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی عێراق، خالید بەتال رایگەیاند کە بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆ سێشەممەی ئەنجوومەنی وەزیران گفتوگۆی لەسەر ناکرێت، لەبەرئەوەی ھێشتا گفتوگۆکان سەبارەت بە بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو، کۆتایییان نەھاتووە.
خالید بەتال لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی ھەواڵیی فەرمی عێراق (ina.iq) گوتی: "نرخی یەک بەرمیل نەوت لە بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو بە ٤٢ دۆلار دیارییکراوە".
گوتیشی: "مووچەی فەرمانبەران و دەرماڵەکانیان لە بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتوودا، دەگاتە ٥٠ تریلیۆن دینار".
وەزیری پلاندانان لە حکوومەتی عێراق راشیگەیاند کە لەلایەن وەزیری دارایییەوە ئاگادارکراوەتەوە لەوەی بوودجەی گشتیی ساڵی ٢٠٢١ رەوانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکات و باسی لەوەشکرد کە لە میانی چوار رۆژی داھاتوودا، گفتوگۆکان سەبارەت بە بوودجەی گشتیی ساڵی داھاتوو، کۆتایییان دێت.
خالید بەتال گوتیشی: "سەبارەت بە لایەنی وەبەرھێنان لە بوودجەی گشتیی ٢٠٢١دا، رێککەوتن لەگەڵ بانکی نێودەوڵەتیی کراوە".