Ebru Şengül Cevrioğlu
14 کانوونی یەکەم 2020•نوێکردنەوە: 14 کانوونی یەکەم 2020
ئیستانبوڵ ــ AA
نرخی خاوی برێنت لە مامەڵەکانی ئەمڕۆ دووشەممەدا، بەرزترین ئاستی نۆ مانگی رابردوو تۆمار کرد و ھەر بەرمیلێکی بە ٥٠ دۆلار و ٦٥ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
بەھۆی گەشەبینییەکانەوە سەبارەت بە بەکارھێنانی ڤاکسینی کۆرۆنا لە میانی ئەم مانگەدا، ھەروەھا ئەو تەقینەوەیەی کە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە لەسەر پشتی کەشتییەکی نەوت لە بەندەری جیددە لە سعوودیە روویدا، نرخی خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا بەرزبوونەوەی تۆمار کرد.
لە کاتژمێر ٠٦:٤٠ی ئەمڕۆ، نرخی یەک بەرمیل خاوی برێنت لە بازاڕەکانی جیھاندا، بەڕێژەی ١،٣٨ لەسەدا بەرزبوونەوەی تۆمارکردووە و ھەر بەرمیلێکی بە ٥٠ دۆلار و ٦٥ سەنت مامەڵەی پێوەکرا.
ھاوکات نرخی یەک بەرمیل خاوی رۆژئاوای تێکساس، بەڕێژەی ١،٣٠ لەسەدا رووی لە بەرزبوونەوە کردووە و گەیشتە ٤٧ دۆلار و ١٨ سەنت.
بەیانی ئەمڕۆ بەھۆی ھێرشێک، تەقینەوەیەک لەسەرپشتی کەشتییەکی نەوت لە بەندەری جیددە سەر کەناراوەکانی دەریای سوور، روویدابوو.