Emre Gürkan Abay
18 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 18 کانوونی دووەم 2023
مۆسکۆ- AA
سەرۆکی رووسیا، ڤلادمیر پوتین دەربارەی گەشەی ئابووری وڵاتەکەی لە ساڵی ٢٠٢٢دا رایگەیاند، ئاستی ئابووری باشتربووە لەوەی کە چاوەڕێ دەکرا و رایگەیاند: "چاوەڕێ دەکەین رێژەی پاشەکشێی ئابووریی رووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا سەدا ٢،٥ بێت".
پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە بەرهەمهێنانی گازی سرووشتی بە رێژەی سەدا ١١،٨ کەمی کردووە و رایگەیاند: "وەک دەزانن بەهۆی چالاکییەکانی وڵاتانی رۆژئاواوە لەسەر ئاستی نێودەوڵەتیی نرخی گاز بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەتەوە و بەم هۆیەشەوە هەناردەکاران و بەرهەمهێنەرانی گازی سروشتی، لە دوو ساڵی رابردوودا سوودیان دەستکەوتووە".
سەرۆکی رووسیا ئاماژەی بەوەشدا کە لە ساڵی ٢٠٢٢دا کورتهێنانی بوودجەی وڵاتەکەی ٣،٣ ترلیۆن رۆبڵ (نزیکەی ٤٨ ملیار دۆلار) بووە کە دەکاتە سەدا ٢،٣ی داهاتی ناوخۆی رووسیا، گوتیشی: "ئەم ئاستی کورتهێنانە لەنێو وڵاتانی جی ٢٠دا باشترین ئاستە".
ڤلادمیر پوتین ئەوەشی خستەڕوو کە بەپێچەوانەی چاوەڕوانییەکانەوە ئاستی ئابووری رووسیا لە ساڵی ٢٠٢٢دا ئاستێکی باشتری هەبووە و رایگەیاند: "بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی گەشەپێدانی ئابووری رووسیا، ساڵی رابردوو لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا تشرینی دووەم گەشەی ئابووری تەنها بە رێژەی لە سەدا ٢،١ پاشەکشێی کردووە. لەپاڵ پسپۆڕە بیانییەکاندا پسپۆڕە ناوخۆییەکانیش پێیانوابوو کە گەشەی ئابووری بە رێژەی لە سەدا ١٠ تەنانەت لە سەدا ٢٠ پاشەکشێ دەکات. بەڵام چاوەڕێ دەکەین رێژەکە بۆ تەواوی ساڵی ٢٠٢٢ سەدا ٢،٥ پاشەکشێ بکات".
پوتین جەختی لەوەش کردەوە کە لە هەندێک ناوچە و کەرتدا کەمی هێزی کار بەردەوامە و گوتیشی: "گەورەترین دابەزینی هێزی کار لە کەرتی ئۆتۆمبێل و هەندێک کەرتی دیکەدا روویداوە. پێویستە حکوومەت کار بکات بۆ چاک کردنی ئەم دۆخە و بۆ ئەمەش هەموو توانایەکمان لەبەردەستدایە. پێویستە هێزی کار بەهێز بکەین و هانی زیادبوونی مووچە بدەین".