Sarmand Hameed
29 نیسان 2021•نوێکردنەوە: 29 نیسان 2021
هەولێر - AA
لیژنەی وزە و سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی لە پەرلەمانی کوردستان، بەدواداچوون بۆ پرسی گرانبوونی نرخی بەنزین لە هەرێمی کوردستان دەکات.
بە گوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پەرلەمانی کوردستان بڵاوکراوەتەوە، لیژنەی وزەو سامانە سرووشتییەکان و پیشەسازی و بازرگانی، بەئامادەبوونی سەرۆک و جێگری سەرۆک و ئەندامان و راوێژکارانی لیژنەکە، کۆبوونەوەی ئاسایی خۆی ئەنجامداوە.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە پرسی گرانبوونی نرخی بەنزین و خراپیی جۆر و کوالێتییەکەی کراوە، و دوای گفتوگۆکردن لەسەر ئەو پرسە و بیروڕا گۆڕینەوە بەمەبەستی دۆزینەوەی چارەسەرێک، بڕیارداوە یاداشتێکی تایبەت بەو پرسە لەلایەن لیژنەکەوە ئاراستەی ئەنجوومەنی باڵای نەوت و گازی ھەرێمی کوردستان بکرێت بۆ زانینی ھۆکارەکان.