Zana Natık Kerem
02 کانوونی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 02 کانوونی دووەم 2021
ھەولێر ــ AA
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) رایگەیاند کە ھیچ ئاستەنێگ بۆ ھەناردەکردنی نەوتی عێراق لە بەندەری بەسرە دروست نەبووە و جەختیش دەکاتەوە کە ھەناردەکردنی نەوتی خاو لە بەندەری بەسرە بەردەوامە.
کۆمپانیای سۆمۆ راگەیەنراوێکی سەبارەت بە دەنگۆکان لەبارەی لکاندنی بۆمبێکی دەریایی بە کەشتییەکی نەوت ھەڵگردا لە بەندەری بەسرە بڵاوکردەوە و تیایدا ھاتووە:
"دەنگۆکان لەبارەی لکاندنی بۆمبێکی دەریایی بە کەشتییەکی نەوت ھەڵگردا لە بەندەری بەسرە زێدەڕۆیی تێدا کراوە".
چەند رۆژێک لەمەوبەر شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق رایگەیاندبوو، ھەست بە بوونی تەنکێکی نامۆ کراوە کە بە کەشتییەکی نەوت ھەڵگردا لکاوە، لە ناوچەی چاوەڕوانیکردنی کەشتییەکان لەنێو ئاوە نێودەوڵەتییەکان لە دووریی ٢٨ میلی دەریایی.
راشیگەیاندبوو، روونبووەتەوە کە ئەو کەشتییە نەوت ھەڵگرە، بەکرێ گیراوە لەلایەن کۆمپانیای سۆمۆوە، لەتەنیشتییەوە کەشتییەکی پێدانی سووتەمەنی ھەیە، دەستبەجێش تیمەکانی پووچەڵکردنەوەی تەقەمەنی سەر بە وەزارەتی ناوخۆ، بە ھەماھەنگیی لەگەڵ ھێزە دەریاییەکانی عێراق، چوونەتە سەر کەشتییە نەوت ھەڵگرەکە بۆ ئەوەی رەوشەکە چارەسەر بکەن.
شانەی راگەیاندنی ئەمنی سەربە ئۆپەراسیۆنە ھاوبەشەکانی عێراق باسی لەوەشکردوو، وێڕای بەرزیی شەپۆلەکانی ئاو، تیمەکان توانییان کەشتییەکی دیکە چۆڵبکەن و تیمەکان سەرقاڵی پووچەڵکردنەوەی ئەو مینەن کە بە کەشتییە نەوت ھەڵگرەکەدا، لێکنراوە.
کۆمپانیای سۆمۆ لە راگەیەنراوەکەیدا ئاماژەی بەوەداوە کە ئەو کەشتییە نەوت ھەڵگرە لە رۆژی پێنجی تشرینی دووەمەوە لە ناوچەی مەختافە لە نزیک خور زوبێر و لەوکاتەوە لەوێ جێگیر بووە، نەک وەک ئەوەی دەگوترێت، لە رۆژانی رابردوودا ھاتووەتە ناوچەکە.
لە راگەیەنراوەکەدا جەختکراوەتەوە کە ھیچ مەترسییەک لەسەر پڕۆسەی ھەناردەکردنی نەوتی خاو لە بەندەری بەسرە دروست نەبووە و ھەناردەکردنی نەوت لە بەندەری بەسرە بەپێی خشتەی رۆژانە بەردەوامە و ھیچ گۆڕانکاری تیایدا نەکراوە.
کۆمپانیای بەبازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) باسی لەوەشکردووە کە دەزگا ئەمنییەکانی دەوڵەت بە پاڵپشتی لایەنە پەیوەندارەکانی دیکە هەوڵەکانیان بۆ چارەسەرکردنی ئەو پرسە خستووەتەگەڕ.