Sarmand Hameed
01 نیسان 2022•نوێکردنەوە: 02 نیسان 2022
هەولێر-AA
وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم گرێبەستی کەڵکی ئابووریی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ئیسپانی واژوو کرد و رایگەیاند، هیوادارین ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ دەستپێکردنی پڕۆژەکە.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستانەوە بڵاوکراوەتەوە، لە رێورەسمێکدا وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان، دانا عەبدولکەریم، واژووی لەسەر گرێبەستی کەڵکی ئابووریی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان کرد، کە لەلایەن کۆمپانیای کۆنسوڵ ترانسی ئیسپانی ئەنجامدەدرێت.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە کە لە گوتەیەکدا لە دوای واژووکردنی گرێبەستەکە، دانا عەبدولکەریم، رایگەیاندووه: "ئەمڕۆ بەخۆشحاڵییەوە گرێبەستی کەڵکی ئابووریی پڕۆژەی هێڵی ئاسنمان لەگەڵ کۆمپانیای کۆنسوڵ ترانسی ئیسپانی واژوو کرد، هیوادارین ئەمە سەرەتایەکی باش بێت بۆ ئەوەی ئەم پڕۆژەیە لە هەرێمی کوردستان دەستپێبکەین".
لای خۆشیەوە، ئاگرین عەبدوڵڵا، بریکاری وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ رێگاوبان لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوە کرد، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن ھەنگاوێکی تری نا بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی ھێڵی ئاسن لە ھەرێمی کوردستان و گوتی: "ئەم کۆمپانیا ئیسپانییە شارەزایە لە ئەنجامدانی توێژینەوەی کەڵکی ئابووریی و ئەم گرێبەستەش بۆ ئەوەیە تاوەکو بزانرێت ئەم پڕۆژەیە چ کاریگەرییەکی ئەرێنی لەسەر ئابووری ھەرێمی کوردستان و لەڕووی ژینگەیی و بوارەکانی دیکەوە ھەیە و کۆمەڵێک راپۆرت ئامادە دەکەن".
لە رێورەسمەکەدا سەرۆکی کۆمپانیای کۆنسوڵ ترانسی ئیسپانی، خولیان گارسیا ڤالڤێرد و بریکارانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و بەڕێوەبەری گشتی دیوان و بەڕێوەبەری گشتی تەکنیک و ژمارەیەک لە راوێژکارانی وەزارەت ئامادە بوون.
هاوکات رۆژی ١٠ی شوباتی رابردوو، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن لێکتێگەیشتنی لەگەڵ کۆمپانیای دۆچەبانی ئەڵمانی واژوو کرد، بەمەبەستی ئەنجامدانی پڕۆژەی هێڵی ئاسن لە هەرێمی کوردستان.