Hawkar Yaseen
31 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 01 نیسان 2022
هەولێر - AA
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە چوارچێوەی خۆڕێکخستنەوەی ئۆرگانەکانی بەتایبەت لە دوای رووداوەکانی هەشتی تەمووزی رابردوو، سەرقاڵی بەستنی دیداری یەکێتییە کە بڕیار وایە لە سەرەتای مانگی ئایار لە سلێمانی بەڕێوەبچێت.
بۆ ئامادەکاری ئەو دیدارەش لە هەموو شاروشارۆچکەکان لەنێو ئۆرگانە جیاوازەکانی حزبەکەدا، دیداری شارەکان بەڕێوەدەچێت و ئەمڕۆش دیداری مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە بەشداری بەرپرسانی هەولێری حزبەکە و کادران و ئەندامانی یەکێتی بەڕێوەچوو.
ئەندامی لیژنەی باڵای دیداری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، یوسف گۆران لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو دەربارەی دیدارەکە رایگەیاند "دیداری یەکێتی لە هەولێر و هەموو ناوچەکانی کوردستان بۆ سەرلەنوێ بنیاتنانەوە و رێکخستنەوەی بیروبۆچوون و سیاسەت و دیدی یەکێتییە، یەکێتی هەموو کاتێک لە بەرنامەدایە بۆ خۆنوێکردنەوە و چاکسازی، بۆیە ئەم دیدارە بەشێکە لەوەی چۆن بتوانین جارێکی دیکە خۆمان نوێ بکەینەوە لە سەرجەم بوارەکان و سیاسەت و دیدی تازەمان هەبێت تاوەکو بتوانین زیاتر خزمەتی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان بکەین".
یوسف گۆران دەربارەی ئەوەی ئەمە دەبێتە جێگرەوەی کۆنگرە یان پلنیۆم، گوتی: "ئەمە هیچ پەیوەندی نە بە پلنیۆم نە بە کۆنگرەوە نییە، ئەمە چالاکییەکی فیکری فراوانی کادران و هەڤاڵانی یەکێتییە بۆئەوەی بتوانین راسپاردەمان هەبێت بۆ سەرکردایەتی حزبەکە کە بە چ شێوەیەک سیاسەتەکانمان نوێ بکەینەوە".
ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، سەعدی ئەحمەد پیرە دەربارەی دیداری مەڵبەندی هەولێری یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند "ئێمە لە ساڵی ١٩٧٥ لە دامەزراندنی یەکێتییەوە کوڕاسە (نامیلکە)یەکمان هەبووە کە چوارچێوەی فیکریی و سیاسیی بۆ یەکێتی کێشاوە بەناوی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بۆچی؟. لە ١٩٧٥ەوە بۆ ئەمڕۆ چەندین ساڵی بەسەرداچووە بۆیە ئێستا کاتی ئەوە هاتووە ئێمە بیر لەوە بکەینەوە کە بیروباوەڕێک گەڵاڵە بکرێت کە بگونجێت لەگەڵ بارودۆخی ئێستا، بۆئەمەش باشترین شێوە و میکانیزم ئەوەیە کە هەموو لایەک بە هەموو ئاستەکانی خوێندن و فیکری بەشداری لەو دیدارەدا بکەن و بەشداریکردنیان لەو دیدارە دەبێتە ئەو بەرنامەیەی کە یەکێتی لە هەزارەی سێیەم لەدوای ٢٠٢٢ دەیکاتە چوارچێوەی فیکریی و سیاسیی خۆی بۆ کارەکانی داهاتووی".
سەعدی ئەحمەد پیرە راشیگەیاند "ئەوەی لەم دیدارە دەردەچێت دەبێتە راسپاردە و پەیڕەو و لە کۆنگرەی پێنجەمدا پەسەند دەکرێت".