06 تشرینی یەکەم 2021•نوێکردنەوە: 07 تشرینی یەکەم 2021
ھەولێر - AA
کۆمپانیای ھێرتز یەکێکە لە کۆمپانیا ئهمریكییه گەورەکان کە تایبەتە بە بەکرێدانی ئۆتۆمبێل و تەمەنی ١٠٣ ساڵە، لە ١٦٠ وڵاتی جیاواز ھەزار و ٢٠٠ ئۆفیسیان ھەیە و لە ساڵی ٢٠١٥وە لە عێراق لقی کراوەتەوە و لە ساڵی ٢٠١٨ەوە گرووپی جیھان بریکاری كۆمپانیاكهی له عێراق وەرگرتووە.
کۆمپانیای ھێرتز چەند لقێکی لە شارەکانی ھەرێمی کوردستان ھەیە و لە ھەولێرش دوو لقی ھەیە و ئەمڕۆش بە ئامادەبوونی کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت، شەھرزاد سۆد و سەرۆکی دەستەی ئەمیندارانی زانکۆکانی جیھان، دکتۆر نەوزاد یەحیا باجگر و بەڕێوەبەری کۆمپانیای ھێرتز لە ھەرێمی کوردستان، مستەفا باجگر لقێکی دیکەی کرایەوە.
لە رێورەسمێکدا، کۆنسوڵی گشتی ئەمریکا لە ھەرێمی کوردستان بە وەکالەت شەھرزاد سۆد گوتی: "ئەمڕۆ ئاھەنگ دەگێڕین بۆ سەرکەوتنی براندێکی ئەمریکی و یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی جیھان کە بە یەکەوە ئەم بریکارە بازرگانییەیان گەشەپێدا، ئەم فراوانییە بەرجەستەی ئەم سەرکەوتنەیە کە بەیەکەوە کار دەکەین، وەکو حکوومەتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا پاڵپشتی ھەموو بازرگانە ئەمریکاییەکان دەکەین لە سەرتاسەری ھەرێمی کوردستان تا ھاوکار بین لە ئاسانکاریی لە بوارەکانی وەبەرھێنان و بازرگانی و گەشتوگوزاردا، ھیوادارین بازرگانان زیاتر وەبەرھێنان بکەن و بەرھەم و خزمەتگوزاری بە کوالێتی باشتر پێشکەش بکەن، ئێمە بازرگانان و گرووپەکان دەبینین کە تێڕوانییان ھەیە بۆ وەبەرھێنان و ھانیان دەدەین و دەستخۆشی لەو ھەوڵانە دەکەین".
لای خۆیەوە بەڕێوەبەری کۆمپانیای ھێرتز لە ھەرێمی کوردستان، مستەفا باجگر بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "ئەمڕۆ لقی حەوتەمی کۆمپانیای ھێرتزمان لە سەرتاسەری عێراق کردەوە کە دەکەوێتە شاری ھەولێر، کۆمپانیاکە ئەزموونێکی زۆری ھەیە و ھەزار و ٢٠٠ نووسینگەی لە ١٦٠ وڵاتدا ھەیە، ئێمە وەک کۆمپانیا ژمارهی ئۆتۆمبێلەکانمان زۆر نییە چونکە تازە بریکارمان وەرگرتووە بەڵام لە داھاتوویەکی نزیکدا خزمەتگوزارییەکانمان زیاتر دەبێت و خەڵک پێویستی بە ئۆتۆمبێلی زیاتر دەبێت و خوازیارمان لەناوخۆ و لە دەرەوە ھەیە و دەتوانن بە ئاسانی ئۆتۆمبێل بە کرێ وەرگرن".
مستەفا باجگر گوتیشی: "ئەو کەسەی ئۆتۆمبێل بەکرێ دەگرێت، دەبێت مۆڵەتی لێخوڕینی ھەبێت و تەئمیناتێک دادەنێت و، بەکرێدانەکە بۆ ماوەیەکی دیاریکراوە و ئەم خزمەتگوزارییە خەڵکی ناوخۆیی و بیانی دەگرێتەوە".
کۆمپانیای ھێرتز ھەموو جۆرە ئۆتۆمبێلێک بهشێوهی مانگانە، ھەفتانە و رۆژانە بە کرێ دەدەن و مشتەرییەکانییان کۆمپانیا نێودەوڵەتییەکان و رێکخراوە نێودەوڵەتی و ناوخۆییەکان، ھێزە سەربازییەکان، ھاووڵاتییانی بیانی و ناوخۆیین.
لەم کۆمپانیایەدا، ئۆتۆمبێلەکان بە گشتی مۆدێلیان بەرزە و کۆمپانیاکە لە ھەفتەیەکدا ھەر حەوت رۆژ و، ماوەی ٢٤ کاتژمێر کراوەیە و تەنانەت لە پشووە فەرمییەکانیش کراوە دەبێت.
ھاوکات لە کۆمپانیاکەدا سیستەمێکی تۆڕی تایبەت بەخۆیان ھەیە کە تەواوی ستافەکە بەیەکەوە دەبەستێتەوە لە سەرتاسەری عێراق.
ئەم کۆمپانیایە پێشتر دوو لقی دیکەی لە شاری ھەولێر ھەبوو، ئەمەیان دەبێتە سێیەم و لقی سەرەکی کۆمپانیاکە.