Abdullah Shukur
28 ئەیلوول 2018•نوێکردنەوە: 28 ئەیلوول 2018
ئیدلب - AA
خۆپیشاندانی خەڵکی ئیدلب لە باکووری رۆژئاوای سووریا بۆ ماوەی چوار ھەفتەیە لە دژی رژێمی بەشار ئەسەد و لایەنگرانی بەردەوامە.
دەیان ھەزار کەسی سڤیل لە ١٠٠ خاڵی جیاواز بەشداریان لە خۆپیشاندەکانی نێو سنووری "ناوچەی کەمکردنەوەی بارگرژی لە ئیدلب" کرد.
خۆپیشاندەران داوای ھاوکاریان لە تورکیا کرد بەمەبەستی ئازادکردنی ئەو کەسانەی کە لە نێو بەندیخانەکانی رژێمی بەشار ئەسەد دەستبەسەر کراون.
ھاوکات ژمارەیەکی زۆری خەڵک لە ناوەندی شاری ئیدلب و رۆژئاوای پارێزگای حەلەب و باکووری حەما بەشداریان لە خۆپیشاندانەکانی دژی رژێمی ئەسەد کرد.
یەکێک لە خۆپیشاندەران بە ناوی محەمەد وەقاس بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "دەمانەوێ وڵاتانی گەرەنتیدەر و وڵاتی تورکیای برا ئەرکی سەرشانی خۆیان جێبەجێ بکەن لەمەڕ ئازادکردنی دەستبەسەر کراوان".
خۆپیشاندەرێکی دیکە بە ناوی رامی قەزا گوتی: "ئامانجمان لەو خۆپیشاندانانە ناردنی پەیامە بۆ حکوومەتی تورکیا و نەتەوە یەکگرتووەکان بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو بڕیارانەی لەبارەی دەستبەسەرکراوان دەرکراون".
ناوبراو راشیگەیاند کە بڕیارەکانی حکوومەتی تورکیا لەبارەی رێگری لە ئۆپەراسیۆنەکانی رژێمی ئەسەد مایەی دەستخۆشییە و ئاشکراشی کرد کە ئیتر کەرتی ئابووری دەستی بە بوژانەوە کردووە.
ھاوکات خۆپیشاندەرێکی دیکە بەناوی محەمەد عامووری رایگەیاند کە ئەوان خۆشحاڵن بەوەی کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان توانیویەتی ھێرشەکانی رژێمی ئەسەد رابگرێ و داوای ئازادکردنی ئەو کەسانەشی کرد کە لە ساڵی ٢٠١١ بەملاوە لە سووریا دەستبەسەرکراون.
لە کۆبوونەوەی ١٠یەمی وڵاتانی گەرەنتیدەر کە بە بەشداری تورکیا، رووسیا و ئێران لە شاری سۆچی رووسیا ئەنجامدرابوو، بڕیاری ئازادکردنی ژمارەیەکی کەمی دەستگیرکراوان لەلایەن ئۆپۆزسیۆن و رژێمی سووریا دەرکرابوو.
بەپێی زانیاری سەرچاوەکانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا بەلانی کەم ٥٠٠ ھەزار کەس لە بەندیخانەکانی رژێم دەستبەسەرکراون.