Dilşad Seyfeddin Ahmet
12 حوزەیران 2016•نوێکردنەوە: 13 حوزەیران 2016
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق، دەرباز محەمەد لە هەڤپەیڤینێكدا لەگەڵ ئاژانسی ئانادۆڵو باس لەڕەوشی ئاوارەكانی فەللوجە و ژمارەی ئاوارەكان و كاردانەوەكان بەرامبەر ئەو توندوتێژییانەی بەرامبەر بەشێك لە ئاوارەكان دەكرێت، هەروەها بڕینی هاوكارییەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان بۆ ئاوارەكانی ناوخۆی عێراق و كاریگەری ئەو بڕیارە لەسەریان، لەگەڵ ئاستی گەڕانەوەی ئاوارەكان دەكات بۆ ئەو ناوچانەی لەدەست داعش رزگار كراون.
وەزیری كۆچی عێراق لە سەرەتادا و لە بارەی شەڕی فەللوجە و ئاوارەكانی ئەو شارەوە دواو گوتی: "ئەو ناوچانەی فەللوجە و دەورووبەری كە پڕۆسە سەربازییەكان بەردەوامە بۆ ئەوەی ئازاد بكرێن و هاووڵاتییانی سڤیلیان تێدایە، ئەوەی ئاوارە بووە تائێستا بە زۆری لە دەورووبەری فەللوجە ئاوارە بوون و سێ هەزار و 364 خێزانی ئاوارە تۆمار كراون كە دەكاتە نزیكەی 19 هەزار كەس، ئەم خێزانانە زۆربەیان لە ناحیەی عامریەی فەللوجە نیشتەجێكراون و بەشێكیشیان لە سنووری پارێزگای ئەنبار و قەزای خالدیە-ن.
دەرباز محەمەد لە بارەی چۆنێتی هەڵاتنی ئەو كەسانەوە گوتی: "ئەو ناوچانەی دەورووبەری فەللوجە پەرش و بڵاون و بەشێكیان بە ئاراستەی رۆژهەڵات لە دیوی سەقڵاویە وە ئاوارە بوون و بەشێكیشیان لە رووبار دەپەڕنەوە، هەموو ئەوانەش لەو خێزانانەن كە بە جیاجیا توانیویانە لە هەندێك ناوچەوە بتوانن دەرباز بن، ئەگەر نا وەك ستراتیجێكی سەربازی داعش رێگە نادات خێزانە گەمارۆدراوەكانی ناو فەللوجە بێنە دەرەوە و وەك قەڵغانی مرۆیی بۆ خۆی بەكاریان دەهێنێت و ژمارەیان دەگاتە زیاتر لە 50 هەزار هاووڵاتی مەدەنی".
لەبارەی چۆنێتی بەدەمەوە چوونی حكوومەت و وەزارەتەكەی بۆ ئەو ئاوارانە، وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق گوتی: "ئێمە دوو جۆر فریاكەوتنمان هەیە لە حاڵەتێكی ئاوەهادا، یەكەمیان فریاكەوتنی سەرەتایی سەرەتای ئاوارەبوونەكەیە كە بتوانیت بیان گوازیتەوە بۆ ئەو ناوچانەی دابینكراوەو پێداویستییان بۆ دابین بكرێت و ئەو پڕۆسەیەش ئەنجام دراوە، پێش پڕۆسەكەش دوو كەمپی گەورەمان ئامادە كردبوو كە دوو هەزار و 500 چادر لە خۆ دەگرێت بۆ ئەوەی خێزانەكانی تێدا نیشتەجێ بكەین، ئێستاش بەردەوامین لە دروستكردنی كەمپی زیاتر لە قەزای خالدیە و ناوچەی حەبانییە".
ئەو باس لەوەش دەكات کە بەگشتی پارێزگای ئەنبار ناوچەیەكی بیاباناوی و لماوییە و كێشەی گەورەی نالەباری ژینگە و ئاو و كارەبایان هەیە، بۆیە ناتوانن بڵێن کە ئەو شوێنانە لەبارن بۆ ژیان، بەڵام بە ناچارییەوە ئاوارەكان لەو ناوچانە نیشتەجێكراون.
لە دوای دەستپێكردنی هەڵمەتی كۆنترۆڵكردنەوەی شاری فەللوجە لەلایەن هێزەكانی عێراق و حەشدی شەعبییەوە، چەندین گرتەی ڤیدیۆیی ئازار و ئەشكەنجەدانی ئاوارەكان و مامەڵەی نەشیاوی بەشێك لەو هێزانە لەگەڵ ئاوارەكان بڵاوبۆتەوە، ئەوەش كاردانەوە و نیگەرانی گەورەی لەسەر ئاستی ناوخۆ و نێودەوڵەتی لێكەوتۆتەوە و داوای روونكردنەوە و بەدواداچوونی ئەو كارانە دەكرێت.
دەرباز محەمەد كە لەسەر پشكی كورد لە كابینەكەی عەبادی پۆستی وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی وەرگرتووە، لە بەرامبەر ئەو كردەوانە و هەڵوێستی وەزارەتەكەیی و حكوومەت دواو رایگەیاند "نووسینگەی سەرۆكوەزیران لیژنەیەكی پێكهێناوە بۆ بەدواداچوونی ئەو حاڵەتانە و نوێنەری ئێمەی تێدایە بۆ ئەوەی بزانین ئەو لادان و پێشێلكارییانە لە بابەتی مافی مرۆڤ و مامەڵەكردن لەگەڵ هاووڵاتییانی عێراقی، چاوەڕوانی ئەنجامی لێكۆڵینەوەی ئەو لیژنانەین بەشێوەیەكی رەسمی، بەڵام بیستومانە كە حاڵەتی پێشێلكردنی مافی مرۆڤ رووی داوەو دەبێت ئەو لیژنەیە و لایەنە سەربازییەكان ئەوە ساغ بكەنەوە".
بە گوێرەی ئاماری وەزارەتی كۆچی عێراقی لە دوای دەستپێكردنی شەڕی داعشەوە لە پێش دوو ساڵ، تائێستا 726 هەزار خێزانی ئاوارە لەلایەن ئەو وەزارەتەوە تۆمار كراوە كە دەگاتە زیاتر لە سێ ملیۆن كەس و زۆربەیان روویان لە هەرێمی كوردستان کردووە.
دەرباز محەمەد لە بارەی ئاستی گەڕانەوەی ئاوارەكان بۆ ناوچەكانی خۆیان لە دوای رزگاركردنەوەیانەوە دەڵێت "لەو ژمارەیەش نزیكەی 126 هەزاریان گەڕاونەتەوە ناوچەكانی خۆیان و 600 هەزار خێزانیان ماونەتەوە و تائێستا نەگەڕاونەتەوە، لە هەرێمی كوردستانیش یەك ملیۆن و 100 هەزار ئاوارە ماونەتەوە. پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان لە ئاستێكی باشدایە بەڵام هێشتا دەیەوێت، هەندێك شار و ناوچەمان هەیە كێشەی سیاسی تێدایە لە نموونەی شنگال و دەورووبەری، هەندێك ناوچەمان هەیە كێشەی خزمەتگوزاری گەورەی تێدایە لە نموونەی قەزای بێجی كە شارەكە تەخت كراوەو خزمەتگوزارییەكان تێكچوون، هەندێك ناوچەشمان هەیە كێشەی كۆمەڵایەتی و تائیفی تێدایە لە نموونەی باشووری پارێزگای سەڵاحەددین. بەشێوەیەكی گشتی پڕۆسەكە دەڕوات و لە ئاستێكی مام ناوەندایە، بەڵام زۆر دڵخۆشكەر نییە لەبەر ئەوەی خزمەتگوزاری لەو ناوچانەدا نییە، هەروەها بەشێك لەو كەسانەی ئاوارە بوون خۆیان لەگەڵ سیستەمە كۆمەڵایەتییەكە و بارودۆخەكە گونجاندووە و بیر لە گەڕانەوە ناكەن".
وەزیرەكەی حكوومەتی عێراقی پێشبینی كرد لە دوای كۆتایی هاتنی مانگی رەمەزان و دەوامی خوێندنی ئەمساڵ پڕۆسەی گەڕانەوەی ئاوارەكان باشتر بێت و بتوانن لەماوەی ئەمساڵدا بگەنە ئەو پلانەی كە دایانناوە بۆ گەڕاندنەوەی 200 هەزار خێزان بۆ ناوچەكانی خۆیان.
كۆتایی هەفتەی رابردوو، رێكخەری كارە مرۆییەكانی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، وەزیری كۆچی عێراقی ئاگادار كردەوە لە راگرتنی كۆمەكی رێكخراوەكەی بۆ ئاوارە عێراقییەكان و پێی راگەیاندوون بەهۆی پێشكەش نەكردنی كۆمەك لەلایەن وڵاتانەوە بە نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، ئەو رێكخراوە پارەی پێویستی لەبەردەستدا نییە كۆمەكی ئاوارەكان بكات.
دەرباز محەمەد لەو بارەیەوە گوتی: "لە كۆبوونەوەی رۆژی پێنجشەممەی رابردوومان لەگەڵ یاریدەدەری نوێنەری نەتەوە یەكگرتووەكان لە عێراق بۆ كاروباری مرۆیی، بە ئاشكرا ئەوەیی پێڕاگەیاندین كە ئەوان چیتر پارەیان پێ نییە و ناتوانن هەستن بە پابەندییەكانیان ئەگەرچی لە ئاستێكی زۆر زۆر نزمیشدا بێت ناتوانن و بەخشینی پێویستیان نییە بۆ كاروباری مرۆیی لە عێراق".
ئەو لە بارەی كاریگەری ئەو بڕیارەوە دواو گوتی: "ئەوە یەكێكە لە كێشە گەورەكانمان، بەشێكی كێشەكە هی ناوچەكەیە و بەشی زۆری هاوكارییەكان بۆ ئاوارە سورییەكانی نیشتەجێی ئوردن و لوبنان دەڕوات كە بەرپرسیارێتی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتییە فریایان بكەوێت، لە عێراق دوو كێشە هەیە یەكەم ئاوارەكان خەڵكی وڵاتەكەی خۆیەتی و بەپلەی دوو دێت بۆ هاوكارییەكان و بەرپرسیارێتی خۆیەتی هاوكارییان بكات، دووەم عێراق لە ریزی وڵاتە دەوڵەمەندەكان هەژمار دەكرێت و وڵاتان دەڵێن پێویستە عێراق خۆی بەو ئەركە هەستێت".
بەپێی یاسای بوودجەی ساڵی 2016ی عێراق سێ لەسەدی مووچە و دەرماڵەی فەرمانبەران و خانەنشینان دەبڕدرێت ، لەو بڕەش 1,2 بۆ ئاوارەكان و 1,8 بۆ هێزەكانی حەشدی شەعبی تەرخان كراوە.
لە بارەی ئەو بڕە پارەیەی تائێستا بەدەستیان گەیشتووە، وەزیرەكەی عێراق لە وەڵامدا گوتی: "تائێستا لەو پارەیە نزیكەی 100 ملیارمان وەرگرتووە كە یەك لەسەر پێنجی ئەو بڕەیە كە پێویستە تاكۆتایی ساڵ وەری بگرین، هەروەها بڕێكی ترمان هەیە لە بوودجە كە پێویستە پارەكەی بدرێت و چاوەڕوان دەكەین لەم مانگی رەمەزانەدا بۆ هەر خێزانێك 500 هەزار دینار دابەش بكەین" .
وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عێراق لە كۆتایی هەڤپەیڤینەكەدا و لە بارەی ئامادەكارییەكان بۆ پڕۆسەی رزگار كردنی مووسڵ و ئاوارەكانی ئەو شارەوە دوا، ئەو ئاماژەی كرد بەوەی لەگەڵ حكوومەتی هەرێمی كوردستان رێكەوتوون لەسەر ئەوەی لە ناوچەكانی دەشتی نەینەوا و نزیك بەنداوی مووسڵ تا مەخموور كەمپ دروست بكەن بۆ نیشتەجێكردنی ئەو كەسانەی بەهۆی پڕۆسەكەوە لە شارەكە ئاوارە دەبن، تاوەكو پڕۆسەی ئاوارەبوونەكە كراوە نەبێت بۆ ناو شارەكانی هەرێم بۆ ئەو مەبەستەش ئامادەكارییەكانیان بۆ دروستكردنی ئەو كەمپانە بە كۆتا هاتووە.