Hemn Baban
19 ئادار 2016•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2016
هەولێر
ئەو پسپۆڕەی زانكۆی جیهان لە هەولێر هێما بۆ ئەوە دەكات كە ئەو پێنج لەسەدەی لە رووبەری باشووری كوردستان ماوە بەشێكیان بەدەستی داعش و بەشێكیان بەدەستی عێراقەوەیە.
پڕۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل كە هەڵگری ماستەرە لە توێژینەوەكانی دانیشتووان و پسپۆڕی لە جوگرافیای دانیشتووان هەیە لە لێدوانێكدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو رایدەگەیەنێت لە رووبەری باشووری كوردستان تەنها رێژەی پێنج لە سەد ماوە بۆ ئەوەی نەخشەكەی تەواو بكات، ئەو رووبەرەشی ماوە زۆرینەیان لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقن و بەشێكی دیكەشیان لە ژێر كۆنترۆڵی داعشن.
ناوبراو كە مامۆستایە لە زانكۆی جیهان لەوبارەیەوە گوتی: "رووبەری هەرێمی كوردستان یان كوردستانی خواروو ناكۆكیی زۆری لەسەرە، بەڵام بە گشتی بە پشت بەستن بە بنچینە مێژوویی و جوگرافییەكان ئەوەی بە كوردستانی عێراقی دەزانیین ئێستا نزیكەی 78 كیلۆمەتر دووجایە، بەشێكی لەژێر دەسەڵاتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان و بەشێكی دیكەشی بەپێی دەستووری ساڵی 2005ی عێراق پێیدەگوترێت ناوچەی جێ ناكۆك یان وەكو ئەوەی هەرێمی كوردستان پێی دەڵێت ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم، بەشێكیشی لە ژێر دەسەڵاتی داعشدایە".
گوتیشی: "پێش هاتنی چەكدارانی داعش بۆ ناوچەكانی پارێزگای نەینەوا و كەركووك و سەڵاحەددین و ئەوانی دیكەش لە حوزەیرانی ساڵی 2014 هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر سێ پارێزگا هەبوو ئەوانیش هەولێر، دهۆك، سلێمانی كە رووبەری ئەو سێ پارێزگایە نیوەی رووبەری گشتیی راستەقینەی باشووری كوردستانە".
دەشڵێت "پاش هاتنی داعش هێزەكانی پێشمەرگە زۆرچوونە پێشەوە و زۆرێك لەو ناوچانەی کە پێیان دەگوترا جێ ناكۆك كۆنترۆڵ كرد، بەو پێیەش رووبەری هەرێمی كوردستان زیاتر بوو، پێش هاتنی داعش تەنها 52 لەسەدی كۆی دانیشتووانی باشووری كوردستان لە هەرێمی كوردستان بوون، 48 لەسەدییان لەو ناوچانە بوون كە پێیان دەگووترا ناوچەی جێ ناكۆك".
ئەو پسپۆڕە كە لە ساڵی 2006 لەسەر داوای هەر دوو سەركردەی دیاری كوردستان مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی داوای لێكرابوو نەخشەی باشووری كوردستان بكێشێت پاش ماوەیەك ئەو نەخشەیەی ئامادەكرد و ئێستا لە قوتابخانەكاندا دەخوێندرێت.
پڕۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو روونیشی كردەوە "پێشتر پێش هاتنی داعش هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر نیوەی كۆی رووبەری باشووری كوردستان هەبوو، واتە دەسەڵاتی بەسەر نیوەی ئەو 78 هەزار كیلۆمەتر دووجایەی رووبەری باشووری كوردستانە هەبوو، پاش هاتنی داعش و كۆنتڕۆڵ كردنەوەی ئەو ناوچانەی لەژێر دەسەڵاتی داعش بوو لەلایەن پێشمەرگەوە ئەو رووبەرە زیادی كرد و ئێستا تەنها پێنج لەسەدی ئەو رووبەرە ماوە بۆ تەواوبوونی ئەو 78 هەزار كیلۆمەتر دووجایە".
بەپێی قسەكانی ئەو پسپۆڕە بێت پێش كۆنترۆڵ كردنی شاری مووسڵ لە 10ی حوزەیرانی ساڵی 2014 و دواتریش پارێزگای نەینەوا و شوێنەكانی دیكە لەلایەن چەكدارانی داعشەوە هەرێمی كوردستان دەسەڵاتی بەسەر كەمتر لە 40 هەزار كیلۆمەتر دووجا هەبووە، بەڵام پاش هەڵاتنی سوپای عێراق و هێرشەكانی پێشمەرگە بۆسەر داعش توانرا بەشێكی زۆری رووبەری ئەوەی كوردەكان پێی دەڵێن خاكی كوردستانە لە دەستی داعش دەربهێنرێت و بەو پێیە ئێستا تەنها نزیكەی چوار هەزار كیلۆمەتر لەو 78 هەزار كیلۆمەترەی رووبەری كوردستانە بمێنێتەوە، واتە رووبەری ژێر كۆنترۆڵی هەرێمی كوردستان زیاتر لە 30 هەزار كیلۆمەتر لەدوای هاتنی داعش زیاتر بووە بە بەرارود بە پێش داعش.
سەبارەت بەو پێنج لەسەدەشی كە لە ژێر دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان نییە لە كۆی رووبەری باشووری كوردستان كە بەپێی قسەكانی ئەو پسپۆڕە تەنها نزیكەی چوار هەزار كیلۆمەتر دەبێت بەشێكی لەژێر دەسەڵاتی داعشدایە و بەشی زیاتریشی لە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراقدایە.
لەوبارەیەوە پڕۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل لە درێژەی قسەكانیدا بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە رووبەری هەرێمی كوردستان ئەوەی لە ژێر دەسەڵاتی داعش ماوە دەكەونە ناوچەكانی دەورووبەری مووسڵ و خۆرئاوای كەركووك كە حەویجە و دەوروبەرییەتی، ئەوەشی دەكەوێتە ژێر دەسەڵاتی حكوومەتی عێراق بریتییە لە ناوچەكانی بەدرە و جەسان و مەندەلی و سەعدییە و ئەو شوێنانە".
ئەو دەشڵێت هاتنی داعش وایكرد كە دەسەڵاتی هەرێمی كوردستان بەسەر رووبەرێكی زیاتر لەوەی لە كاتی رووخانی سەدام حوسێن هەیبوو بشكێت.
لەكۆتایی قسەكانیدا پڕۆفیسۆر دكتۆر خەلیل ئیسماعیل بۆ ئاژانسی ئانادۆڵو گوتی: "لە ساڵی 2005ەوە دەگوترێت ماددەی 140 بەسەر چووە و كاتی نەماوە، بەڵام ئێمەی كورد ئێستاش پێوەی پابەندین و دەمانەوێت جێبەجێ بكرێت بەوەی سەرژمێری بكرێت و راپرسی لەسەر ئەو ناوچانە بكرێت".
دەشڵێت ئەگەر رووبەری هەرێمی كوردستان تەواو ببێت بەپێی ئەو نەخشەیەی ئێستا هەیە ئەوا دانیشتوانی هەرێم پتر لە شەش ملیۆن كەس دەبن.