Zana Natık Kerem
22 ئادار 2019•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2019
ئیدلب ــ AA
لە ئاکامی زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی بۆسەر سنوورەکانی ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان لە ئیدلب، ٣٨ مەدەنی کوژران و برینداربوون.
بەپێی ئەو زانیارییانەی کە ئاژانسی ئانادۆڵو لە سەرچاوەکانی بەرگری شارستانی کە بە کڵاو سپییەکان ناسراون دەستیکەوتووە، زنجیرەیەک ھێرشی ئاسمانی بۆسەر ھەردوو شارۆچکەی فوعە، کەفریا و شاری خان شەیخون باکووری پارێزگای ئیدلب کە دەکەونە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، ئەنجامدراون.
بە گوتەی سەرچاوەکان لە ئاکامی ئەو ھێرشانەدا، ١٠ مەدەنی کوژراون و ٢٨ی دیکەش بریندرابوون.
ھاوکات رەوانگەی سووریا سەربە ئۆپۆزسیۆن بۆ چاودێریکردنی فڕینی فڕۆکە جەنگییەکان لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی رایگەیاندووە، پێنج فڕۆکەی جەنگی رووسیا دوای فڕینیان لە بنکەی حمێمیم لە پارێزگای لازقییە، زنجیرەیەک ھێرشیان بۆسەر فوعە، کەفریا و خان شەیخون ئەنجامداوە.
پارێزگای ئیدلب لەگەڵ ناوچەکانی دەرووبەری حەما و حەلەب لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی کە لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٧ لە نێوان تورکیا، رووسیا و ئێران لە ئاستانا پایتەختی کازاخستان واژووکرابوو، دەکەونە ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان.
ئاماژە بەوەدەکرێت کە لەسەرەتای ئەمساڵەوە ھێرشی ھێزەکانی بەشار ئەسەد لەگەڵ ئەو گرووپە تیرۆریستانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت بۆ سەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان زیادی کردووە کە ئەویش پێشێلکردنی رێککەوتنەکەی سوچییە.
بەھۆی ئەو ھێرشانەی ھێزەکانی رژێمی بەشار ئەسەد و ئەو گرووپە تیرۆریستانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێن بۆسەر ناوچەی کەمکردنەوەی گرژییەکان، ١٥٢ مەدەنی کوژراون و ٤٤٥ی دیکەش برینداربوون.
لە مانگی ئەیلوولی ٢٠١٨دا، ھەریەک لە تورکیا و رووسیا لە سوچی رێککەوتنێکیان بە ئامانجی ئاگربەست لە ئیدلب واژووکرد کە ھەر بەپێی رێککەوتنەکە، گرووپە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن سەرجەم چەکە قورسەکانیان لەناوچەکەدا کشاندنەوە.