ئاژانسی ئانادۆڵو: چۆن ده‌ڕوانیته ده‌سه‌ڵات و حوكمڕانی له عێراق و ئه‌و سیسته‌مه‌ی ئێستا عێراقی پێ به‌رێوه‌ده‌چێت چۆن ناوزه‌ند ده‌كه‌یت؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "سیسته‌می نا ده‌وڵه‌ت، خۆی سیسته‌میش نییه، به‌ڵكو هه‌وڵێكه بۆ هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی ده‌وڵه‌تی عێراق كه له داگیرکاریی ئه‌مریكییه‌وه ده‌ست پێ ده‌كات، من له كتێبه‌كه‌مدا به‌ناونیشانی 'عێراقی ئه‌مریكی' كه له ساڵی 2006 ده‌رچووه چوار قۆناغم بۆ ئه‌و داگیركردنه دیاریكردووه، یه‌كه‌م قۆناغ هه‌مووان له‌سه‌ری رێككه‌وتوون كه ئه‌ویش رووخانی رژێمی ئه‌وێ كات بوو، ته‌نانه‌ت ئه‌گه‌ر له‌ناو بهعسییهكانیشدا راپرسییهكت كردبا ئه‌وا پێم وایه ئه‌وانیش له‌گه‌ڵ ئه‌وه بوون كه گۆڕانكاریی له ده‌سه‌ڵاتدا بكرێت، خه‌ڵك پێشبینی نه‌ده‌كرد دوای رووخانی ده‌سه‌ڵات و هه‌وڵه‌كان بۆ هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات راسته‌وخۆ ده‌وڵه‌ت هه‌ڵبوه‌شێندرێته‌وه، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌وڵه‌ت بریتی بوو له هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی بنكه‌كانی سنوور، هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی سوپای عێراق و ئاسایش و دامه‌زراوه‌كانی عێراق. عێراقیان گه‌ڕانده‌وه بۆ نا ده‌وڵه‌ت كه ئه‌مه قۆناغی دووه‌م بوو. قۆناغی سێیه‌میش گه‌لی عێراقیش هه‌ڵوه‌شێنرایه‌وه له دوای هه‌ڵوه‌شانه‌وه‌ی ده‌سه‌ڵات و ده‌وڵه‌ت، شتێك به‌ناوی گه‌لی عێراقه‌وه نه‌ما و گه‌لی عێراق بوونی نه‌ما وه‌كو گه‌لی توركیا، گه‌لی ئه‌ڵمانی، یان گه‌لی ئیتاڵی، ناوییان لێ نا پێكهاته‌كان، پێكهاته‌كان له زانستی سیاسییه‌ت بیدعه‌یه‌كی نوێیه. له سیاسه‌تتدا شتێك به‌ناوی پێكهاته‌كان نییه، له كوێوه هێنایان نازانم.
بۆیه عێراق بوو به‌پێكهاته‌ی كورد، شیعه، سوننه، كێشه نییه كورد نه‌ته‌وه‌یه‌كن و بارودۆخی تایبه‌تییان هه‌یه و له به‌رامبه‌ریشیاندا عه‌ره‌ب هه‌ن كه ده‌كرێت بڵێین ده‌وڵه‌تی جووت نه‌ته‌وه‌ن و ئه‌مه شتێكی ئاساییه. له فه‌ڵه‌ستین عه‌ره‌ب و جوو هه‌یه، ره‌نگه بتوانرێت له به‌لجیكا هه‌بێت. له عێراق هه‌بێت له‌نێوان كورد و عه‌ره‌ب، به‌ڵام ئه‌مان ناوییان لێ نا پێكهاته‌ی شیعه، سوننه، كورد، بۆچی سیفه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان به‌كورد دا و عه‌ره‌ب سیفه‌تی مه‌زهه‌بی و تایفی‌یان پێ به‌خشی، خۆ كوردیش سوننه‌یه، بۆچی به‌شێك نه‌بوو له سوننه؟، به‌ڵام سیفه‌تی نه‌ته‌وه‌ییان پێ دا.
قۆناغی چواره‌میش بریتی بوو له هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی كوتله هاوتوخم و هاوشێوه‌كان كه له‌م دووساڵه‌ی دواییدا هێماكانی ده‌ركه‌وتوون، وه‌كو كوتله‌ی كوردی كه كوتله‌یه‌كی هاوشێوه‌یه، شیعه كوتله‌یه‌كی هاوشێوه‌یه، توركمان به‌هه‌مان شت، بۆیه ئێستا قۆناغی كوتله‌ی هاوشێوه‌یه و ئه‌وه‌تا ده‌بینێت كێشه له‌نێوان هه‌ولێر و سلێمانی دروست بوو، له‌ناو شیعه ناكۆكیی له‌نێوان سه‌درییه‌كان و حزبی ده‌عوه و هه‌روه‌ها له‌ناو سوننه‌كانیش به‌هه‌مان شێوه، بۆیه ئه‌وه‌ی هه‌یه ده‌سه‌ڵاتی نا ده‌وڵه‌ته له عێراق".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌و ئامانجه‌ی له پێناویدا رژێمی پێشووی عێراق، رژێمی سه‌دام حوسێن رووخێنراو هێشتا به‌ته‌واوه‌تی به‌دی نه‌هێناوه، ئه‌ویش دیموكراسییه‌ت و حوكمی گه‌له، ئه‌مه بۆچی؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "ببوره، ببوره، رێگه‌م پێ بده، ئه‌گه‌ر شتێك هه‌بێت ئه‌م ده‌سه‌ڵاته به‌ده‌ستی هێنابێت ئه‌وا دیموكراسییه‌ته، به‌ڵگه‌ش ئه‌وه‌یه من كتێبێكم له سه‌ر ره‌خنه‌گرتن له ده‌سه‌ڵات نووسییه‌وه، خۆی دوو كتێبم له‌وباره‌یه‌وه نووسیوه‌ته‌وه، كتێبی یه‌كه‌میان 'عومه‌ر و ته‌شه‌یوع'، هێرشم كردووه‌ته سه‌ر هه‌ڵویستی شیعه له‌باره‌ی عومه‌ری كوڕی خه‌تابه‌وه، و به‌رگریی خۆكوژانهم له عومهرکردووە. ته‌نانه‌ت كوڕه‌كه‌شم كه له 1964 له‌دایك بووه ناوم لێناوه عومه‌ر، من پێیم ده‌ڵێن ئه‌بو عومه‌ر. کتێبی دووه‌میان 'شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات و شیعه‌ی عێراق'. من ئه‌وانه ناو ده‌نێم شیعه‌ی ده‌سه‌ڵات، هێرشی زۆر توندی تێدایه له‌سه‌ر مالكی و ئه‌نجوومه‌نی باڵای ئیسلامی و موقته‌دا سه‌دریش. مالكیم پاش ماوه‌یه‌ك بینی وه‌كو ئه‌وه‌ی كتێبه‌كه‌م هه‌ر نه‌نووسیبێت، ئێستا ده‌توانێت زۆر شت له‌رۆژنامه‌كان بنووسیت. به‌ڵام له سه‌رده‌می رژێمی پێشوودا ئه‌گه‌ر كه‌سێك له ئاوده‌ستی كۆلێژێك شتێك نووسرابا ئه‌وا هه‌موو قوتابییهكانییان ده‌رده‌كرد بۆ ئه‌وه‌ی بزانن كێ ئه‌و شته‌ی نووسیوه، ئه‌وه‌ی ته‌له‌ڤیزیۆن دابخات له‌و كاته‌ی سه‌رۆكی ده‌وڵه‌ت قسه‌ی بكردبا ئه‌وا سزا ده‌درا، بۆیه ئێستا دیموكراسییه‌ت هه‌یه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: باشه ده‌كرێت پرسیاره‌كان به‌شێوه‌یه‌كی تر بكه‌ین، عێراقی سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن چۆن بوو، ئێستا چۆنه؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "سه‌رده‌می سه‌دام حوسێن نیشتمان به‌بێ ئازادی بوو، به‌ڵام ئێستا ئازادی به‌بێ نیشتمان هه‌یه، ئه‌گه‌ر له‌نێوان ئه‌و دووانه ئه‌وا من نیشتمان هه‌ڵده‌بژێرم، چی له ئازادی بكه‌م، چی له ئازادییه‌ك بكه‌م كه من له ده‌ره‌وه‌ی وڵات بم، چی له‌و ئازادییه بكه‌م كه من له لەندن بم، من ده‌مه‌وێت له عێراق ئازاد بم، من نیشتمان و وڵاتم پێ باشتره تا ئازادی، بۆیه ته‌ماشا بكه ئه‌مریكییه‌كان له ده‌ستووره‌كه‌یاندا جیاوازن له به‌ریتانییه‌كان، ئه‌مان ده‌ستوورێكیان دانا ئازادی و نیشتمانی بۆ خه‌ڵك فه‌راهه‌م كرد، به‌ڵام ئه‌مریكییه‌كان ده‌ستوورێكیان دانا ئازادی پێ به‌خشیون، به‌ڵام نیشتمانی لێ سه‌ندنه‌وه. بۆیه عێراقی ئه‌مڕۆ ناكرێت بڵێین دیموكراسییه، ناشتوانیین بڵێین دیكتاتۆرییه، له‌نێوان دیموكراسی و دیكتاتۆرییه‌ته، ده‌كرێت ناوی لێ بنێین دیموكراسییه‌تی سه‌پێنراو، ناچارن له‌سه‌ری و ناتوانن بیگۆڕن، چونكه هێزێكی نێوده‌وڵه‌تی هه‌یه ئه‌و رژێمی خست و ئه‌وان به‌رپرسن له ده‌ستبه‌ركردنی دیموكراسییه‌ت، ئه‌گه‌ر به‌ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتدارانی ئێستا بایه ئه‌وا دیموكراسییهتیان فه‌راهه‌م نه‌ده‌كرد.
عه‌له‌وی: "عێراق ته‌نها جوگرافییایه و چه‌مكێكی مێژووییه ده‌گوترێته‌وه، خاكه‌كه‌ی دابه‌ش بووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: له‌دوای ساڵی 2003 عێراق به‌ده‌ستی نه‌بوونی یه‌كگرتووییه‌وه ده‌ناڵێنێت، تا دێت پێكهاته‌كان له‌یه‌كتر دوورده‌كه‌ونه‌وه، ئه‌مه بۆچی؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "سروشتی ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی روویدا، ئه‌و پێشكه‌وتنه‌ی روویدا ئه‌وه‌یه پاش ساڵانێكی زۆری خه‌فه‌كردن سیسته‌مێك هات و گوتی هه‌رچی ده‌كه‌ی بكه، چی قسه ده‌كه‌ی بیكه، چۆن حزب دروست ده‌كه‌ی بیكه، چۆن رۆژنامه ده‌رده‌كه‌یت بیكه، چۆن وتار ده‌ده‌ی بیده، بۆیه كورد گوتی من كوردم، شیعه سروته‌كانی رۆژانه‌ی به‌جۆرێك له زێده‌ڕۆیی و گه‌وره‌كردنه‌وه موماره‌سه ده‌كات، سوننە زه‌ره‌ری كرد، چونكه سوننه به‌درێژایی ساڵانێكی زۆر ده‌سه‌ڵاتداربوو.
جیاوازی له‌نێوان ده‌سه‌ڵاتی سوننه و ده‌سه‌ڵاتی شیعه ئه‌وه‌یه سوننه كه له ساڵی 1921 تا 2003 درێژه‌ی كێشا ده‌سه‌ڵاتدار و زۆرینه‌یان سوننه بوون، به‌ڵام ده‌سه‌ڵات سوننه نه‌بوو، رۆژێك دهسهڵاتدارێكمان نه‌بینی له مزگه‌وتی ئیمام ئه‌بی حه‌نیفه گه‌وره‌ی ئیمامه‌كان نوێژ بكات، یان له مزگه‌وتی شێخی یه‌كه‌می ته‌سوف عه‌بدولقادر گه‌یلانی نوێژ بكات، هیچ شه‌قامێك به‌ناوی عه‌بدولمه‌لیك بن مه‌روان ناو نراوه وه‌كو رێزێك بۆ شیعه، چونكه ئه‌مه‌وی بوو، بۆیه حكوومه‌ت سوننی نه‌بوو، به‌ڵكو ده‌سه‌ڵاتدار سوننه بوو، به‌ڵام كه شیعه هاتن ده‌سه‌ڵاتداری شیعه هات و ویستی سیسته‌م بكات بهشیعی، وه‌زاره‌ت بوو بهحوسێنییه و كێی بوێ ئه‌و داده‌نێت، خادمێك له حسێنییه‌ی سه‌یده زه‌ینه‌ب له سووریا نه‌ما كه نه‌بێته راوێژكار و پله‌ی پێ نه‌درێت، كهبابچییهكهی دراوسێمان بوو بهعهمید، ماسی فرۆش بوو به‌فه‌ریق و بوو به به‌ڕێوه‌به‌ری بنكه‌ی پۆلیس چونكه شیعه بوو، به‌ڵام چی شیعه‌یه‌ك، شیعه‌یه‌ك ده‌بێت ئیسلامی بێت، كام ئیسلامی ئیسلامییه‌كی ئێرانی، بۆیه په‌رته‌وازه‌بوون و ئینشیقاق له‌ناو دامه‌زراوه‌ی شیعه دروست بوو، ئێستا ناكۆكیی هه‌یه، ئه‌وه‌ی من ئاشكرام كردووه ئه‌وه‌یه ئه‌و ناكۆكییه له تالیبانه‌وه بۆ مه‌غریبی عه‌ره‌بی له‌نێوان موسوڵمانان و شیوعییه‌كان، موسوڵمانان و بوزییه‌كان، موسوڵمان و جوولەکەكان نییه، یان موسوڵمانان و مه‌سیحییه‌كان نییه، به‌ڵكو له‌نێوان موسوڵمان و ئیسلامییه‌كانه، ئه‌وانه‌ی له‌دوای شۆڕشی ئێرانه‌وه هاتوون بۆیه دوو مهرجهعییهتمان بۆ دروست بوو، یه‌كه‌میان بۆ ئیسلامییه‌كان كه ئێرانه، ئه‌وی دیكه‌یان هی موسوڵمانانه كه له نه‌جه‌فه، بۆیه ئه‌و سیاسییانه درۆ ده‌كه‌ن كه قسه له‌سه‌ر مه‌رجه‌عییه‌ت ده‌كه‌ن، كام مه‌رجه‌عییه‌ت قسه‌ی له‌سه‌ر ده‌كه‌ن ئه‌وه‌ی نه‌جه‌ف؟ نا، ته‌نانه‌ت سه‌ید موقته‌دا سه‌در مه‌رجه‌عییه‌تی سیستانی نییه، حزبی ده‌عوه مه‌رجه‌عییه‌ی تایبه‌تییان هه‌یه كه ئه‌ویش ئێرانییه. بۆیه موسوڵمانان مهرجهعییهتییان نه‌جه‌ف و مه‌رجه‌عییه‌تی كلاسیكییه كه پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تییان نییه، موسوڵمانانی شیعه پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تییان نییه، ئیسلامییه‌كان پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تیان هه‌یه، بۆیه ئێران و ئه‌و ناكۆكییه‌ی له‌نێوان موسوڵمانان و ئیسلامییهكیان هه‌یه، ناكۆكییان له‌گه‌ڵ عه‌لمانییه‌كان نییه، ناكۆیی له‌گه‌ڵ ئیسلامییه‌كانه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: بۆچی شیعه‌كان له بونیادنانی ده‌سه‌ڵاتێكی دیموكراسی و دوور له گه‌نده‌ڵی سه‌رنه‌كه‌وتن، به‌تایبه‌ت له ساڵی 2003ه‌وه ئه‌وان ده‌سه‌ڵاتداری عێراقن؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "له كتێبه‌كه‌مدا 'عومه‌ر و ته‌شه‌یوع' به‌شێكی تایبه‌ته به‌ئیمام خومه‌ینی، چونكه كیسرا دووجار كه‌وت، جارێك له‌سه‌رده‌می عومه‌ری كوڕی خه‌تاب و جارێكی دیكه‌ش له‌سه‌رده‌می خومه‌ینی، بۆیه من رۆژێك له رۆژانی هه‌فته‌ی یه‌كه‌می سه‌ركه‌وتنی شۆڕشی ئێران له‌سه‌ر سنووری ئێران و عێراق بووین و له یه‌كێك له وێنه‌كانی پشتمه‌وه ده‌رده‌كه‌وێت ئه‌و كاته من قسه‌م ده‌كرد و سه‌دام پاڵ كه‌وتووه و له خێوه‌تێكی بچووكین، من ئه‌و كات لهسهدامم پرسی و پێمگوت سوپای فه‌تحی یه‌كه‌می ئیسلام له كوفه‌وه ده‌رچوون، ئێستا كه‌سێكمان هه‌بوو كه ئیمام بوو و ناوی خومه‌ینی بوو و توانی وڵاتی فارس فه‌تح بكات و كیسرا بڕوخێنێت، واته كیسرا دووجار رووخێنرا له سوپایه‌كه‌وه كه له كوفه‌وه به‌ڕێ كه‌وتوون، جارێك له‌سه‌رده‌می سه‌عد كوڕی ئەبی وه‌قاس و جارێكی دیكه له‌سه‌رده‌می ئێمه، ئه‌مه‌ت چۆن ده‌ست ده‌رچوو؟، سه‌دام پێی‌گوتم خزمه‌كانت، جه‌ماعه‌ته‌كه‌ی تۆ فێڵیان لێ كردم، ئه‌وان زانیاریی هه‌ڵه‌یان دامێ، ده‌یانگوت خومه‌ینی ده‌سه‌ڵاتی نییه و رۆڵی نییه و قسه‌ی ئه‌و گوێ لێ‌گیراو نییه و كه‌س له پشتییه‌وه نوێژ ناكات، مه‌به‌ستی من بوو كه ره‌چه‌ڵه‌كم شیعه‌یه یان مه‌به‌ستی حزب و موخابه‌رات و رێكخراو له نه‌جه‌ف زانیاریی هه‌ڵه‌یان داوه، له‌وه‌یان تێنه‌گه‌یشتم".
سیاسه‌تمه‌داره شیعه‌كان بۆ سه‌رنه‌كه‌وتن چونكه كهلهپوورێكه فیقهی ده‌وڵه‌تی تیادا نییه، كه‌له‌پووری سوننه فیقهی ده‌وڵه‌ته، بۆیه مالك كوڕی ئه‌نه‌س ده‌ڵێت ئه‌گه‌ر كافر یان نا موسوڵمانێك ده‌سه‌ڵاتی گرته ده‌ست و وا پێویستی كرد بۆ پارێزگاریكردن له كۆمه‌ڵگه‌ی موسوڵمانان جزیه بده‌یت، ده‌بێت بیده‌یت.
فیقهی سوننی فیقهی ده‌وڵه‌ته، فیقهی شیعی فیقهی شۆڕشه، ته‌ماشا بكه كه‌سێك له‌سه‌ر مینبه‌ری حوسێنی و شه‌قامی شیعی و شیعی شیعی چۆن باس له شۆڕش ده‌كات، سه‌یری شه‌قامی سوننی چۆن باسی ده‌وڵه‌ت ده‌كات.
یه‌كه‌م كه‌س كه باسی ده‌وڵه‌ت و ده‌ستووری ده‌وڵه‌تی كرد سه‌ید محمه‌د باقر سه‌دره كه هاوته‌مه‌ن بووین و له ساڵی 1959 له رۆژنامه‌ی ئازادی له دژی شیوعییه‌كان شتمان ده‌نووسی، من وتاری نه‌ته‌وه‌یی، ئه‌ویش وتاری ئیسلامیی ده‌نووسی، ئه‌و ره‌شنووسی ده‌ستووری ئیسلامی له‌لا بوو، ئه‌و پڕۆه‌ژه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌بوو و ئه‌مه‌ش كوشتی نه‌ك له‌به‌ر ئه‌وه‌ی شۆڕشگێڕ بوو و ده‌یویست له‌دژی سه‌دام شۆڕش بكات، به‌ڵكو پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی ئیسلامی هه‌بوو، شیعه له پێش خومه‌ینی پڕۆژه‌ی ده‌وڵه‌تی نه‌بووه".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ئه‌ی به‌رپرسان و سیاسه‌تمه‌دارانی گه‌نده‌ڵی شیعه؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "ئه‌مه‌ش هۆكارێكی دیكه‌یه، چونكه ئه‌مانه نه‌فامن، ئێران وڵاتێكی شیعه و سه‌ركه‌وتووه، به‌هێزه، سیاسه‌تمه‌داری دڵسۆزی هه‌یه، من له‌گه‌ڵ ئێران نییم، به‌ڵام ناتوانم بڵێم ده‌سه‌ڵاتداری ئێرانی به‌رتیل وه‌رده‌گرێت، ئه‌و دڵسۆزه، دڵسۆزه بۆ وڵاته‌كه‌ی، من ده‌مه‌وێت كه‌سێك حوكمم بكات وه‌كو ده‌سه‌ڵاتدار و وه‌زیری ئێرانی دڵسۆز بێت، بۆ وه‌زیری ئێرانی دزی ناكات، وه‌زیری عێراقی ده‌یكات؟، بۆچی سه‌رۆكوه‌زیران دێت و هه‌موو بوودجه بۆ خۆی و كوڕه‌كانی و خێزانه‌كه‌ی به‌تاڵ ده‌كات، ئیمام خومه‌ینی گوتی 'ئه‌حمه‌دی كوڕم له خانووه‌كه‌شم هیچی به‌رناكه‌وێت له هیچ شتێك'. ئه‌وانه دڵسۆزن بۆ خۆیان.
بۆیه شیعه‌ی ئێران دڵسۆزن بۆ مه‌زهه‌ب و خۆیان، ئه‌وان ئه‌زموونییان هه‌یه و ئایینی نه‌ته‌وه‌ییان هه‌یه، سه‌ركه‌وتن له‌مه‌یاندا، ته‌شه‌یوع ئایینی نه‌ته‌وه‌یی فورسه، ئه‌مانه‌ی ئێمه ئه‌مه‌یان نییه، ئه‌مانه‌ی ئێمه به‌مه‌زهه‌ب بوونێكی ئاراستهكراوییان هه‌یه دژی لایه‌نێكی دیكه، بۆیه سه‌رۆكوه‌زیران ده‌بینی ده‌رده‌كه‌وێت و ده‌ڵێت من حوسه‌ینم له‌دژی یه‌زید؟، یه‌زید كێیه، ئهعزمهییه یه‌زیده؟، عه‌شیره‌ته‌كانی ئه‌نبار یه‌زیدن؟، مووسڵی كارهساتباوی یه‌زیده؟، ئه‌مه قسهگهلێكه بۆ وروژاندنی خه‌ڵكی ئه‌وانه‌ی سۆزییان ده‌جوڵێت، ئه‌گه‌ر ده‌سه‌ڵات شتێكی نه‌بوو بۆ خه‌ڵك سه‌رقاڵییان ده‌كه‌ن بهشتی تره‌وه، ئه‌وانه‌ی ئێمه خهڵكییان به‌و شتانه‌وه سه‌رقاڵ كرد بۆ دزینی وڵات.
سه‌یری پارێزگاری بانكی ناوه‌ندی بكه بزانه چی ئه‌زموونێكی هه‌یه؟، رۆژێك له رۆژان فه‌رمانبه‌ر بووه له بانك؟، یان هیچ كۆڵێژێكی ته‌واوكردووه په‌یوه‌ندیی به‌ئابووری و داراییه‌وه هه‌بێت؟، چۆن به‌رزترین دامه‌زراوه‌ی دارایی ده‌درێته كه‌سێكی ئه‌وا كه ئێستا یهدهگییان پێ داوه، ئێستا نیوه‌ی یه‌ده‌گی پاره و زێڕی عێراق نه‌ما، سێ چوار ساڵی تر نامێنێت و پاره قیمه‌تی نامێنێت، به‌ڵام ئه‌مه پارێزگاری پێشووی بانكی ناوه‌ندی قبووڵی نه‌كرد".
ئاژانسی ئانادۆڵو: ده‌گوترێت عێراق به‌ته‌نها له ئاسمانه‌وه یه‌كگرتووه؟، شتێك به‌ناوی عێراقێكی یه‌كگرتووه‌وه هه‌یه؟
حه‌سه‌ن عه‌له‌وی: "عێراق ئێستا ته‌نها جوگرافییایه و چه‌مكێكی مێژووییه ده‌گوترێته‌وه، خاك دابه‌ش بووه، هه‌روه‌ها مروڤیش دابه‌ش بووه، نیشتمان په‌روه‌ریی عێراقی دابه‌ش بوو، نه‌ك نیشتمانی سوننی و شیعی، به‌ڵكو دابه‌شبوونی تایفی و عێراق له‌بیرچووه، ئێستا ملكه‌چی و دڵسۆزی بۆ نیشتمان و بۆ خاك نه‌ماوه، مه‌زهه‌ب ئه‌وه‌ی نه‌هێشت. له شه‌ڕی سیی ساڵه‌ی ئه‌ڵمانیا (1618- 1648) پرۆتستانته‌كان 18 ملیۆن بوون، دوای بوون به‌چوار ملیۆن كه كاسۆلیكه‌كان كوشتنییان، ئێستا سڕینه‌وه‌ی مه‌زهه‌ب و پێكهاته‌ی به‌رامبه‌ره، ئه‌وه مه‌زهه‌به‌كان ئاوا ده‌كه‌ن.
ئه‌وه‌ی من بیستوومه له مێژوودا ئه‌وه‌یه كه شیعه پاڵپشت و هاوپشتی كورد بوون، مهرجهعییهتهكهیان پاڵپشتی كورد بوو، به‌ڵام ئێستا شیعه بۆ دژی كورده؟، چونكه ئێران نایانه‌وێت كورد هیچ هه‌نگاوێك بچنه پێشه‌وه، بۆیه به‌شێك له شیعه كه بهشیعهی ده‌سه‌ڵات ناویان ده‌به‌م سیاسه‌ته‌كانی ئێران جێبه‌جێ ده‌كه‌ن و نایانه‌وێ كورد هیچ به‌ده‌ست بهێنێت".
news_share_descriptionsubscription_contact

