ئەنقەرە
سەرۆکی لقی ئافرەتانی پارتی دادو گەشەپێدان گولداڵ ئاکشیت رایگەیاند: "لە ھەڵبژاردنی پارێزگاکانی تورکیا کە بڕیارە لە مانگی ئازاری داھاتوو ئەنجامبدرێ، پارتەکەمان لەھەر سێ کاندید ئافرەتێک دەخاتە لیستی کاندیدانەوە".
ئاکشیت بە (AA) ی راگەیاند: "ئێمە وەکو لقی ئافرەتان دەمانەوێ رێژەی ئافرەت لە مەیدانی سیاسیی وڵاتدا بەرزبکەینەوە. لە ١٠ ساڵی رابردوودا رێژەی ئافرەت لەناو سیاسەتدا زیادیکردووە. بەڵام وا ھەستدەکەین ئەو رێژەیە بەس نییە. سیاسەتوانیش تەنیا پەرلەمانتاران نین، بەڵکو ھەموو ئەوانەن کە لەناو بازنەی سیاسەتدا کاردەکەن".
ئاکشیت ئاماژەی بە سێ جار چوونی بۆ پەرلەمانی تورکیا وەک ئەندام پەرلەمان کرد، لەساڵانی (٢٠٠٢،٢٠٠٧، ٢٠١١). پێشیوایە لەساڵی ٢٠١٥دا ژمارەی پەرلەمانتارە ئافرەتەکان بەرزتر دەبێتەوەو گوتیشی: "ئامانجی ئێمە وەرگرتنی پۆستی سەرۆکی شارەوانیشە لەلایەن ئافرەتانەوە. جگە لەوەش پێویستە رێژەی ئافرەت لە ئەنجوومەنی شارەوانیدا بەرزبێتەوە. دڵنیام ئافرەتانی ئێمە دەتوانن بە وەرگرتنی پۆستە جۆراوجۆرەکانی شارەوانی، بە باشترین شێوە خزمەت بکەن. بەڵام بەداخەوە زۆربەی ئافرەتان ھەر چاویان لە وەرگرتنی پۆستی پەرلەمانەو پۆستەکانی دیکەیان فەرامۆشکردووە. دەتوانم بڵێم ئەوە ھەڵەیەکی گەورەیە لەلایەن ئافرەتانەوە دەکرێ. لەو باوەڕەدام لە ھەنگاوەکانی داھاتووماندا، داواکاری ئافرەتان بۆ وەرگرتنی پۆستی جۆراوجۆر زیاتر بێ".