Serhat Çetinkaya
27 تشرینی دووەم 2021•نوێکردنەوە: 27 تشرینی دووەم 2021
قۆنیا – AA
گۆڕانکارییەکانی کەشوھەوا، کەش گۆڕینی وەرزەکان و کەمبوونەوەی باران بووەتە ھۆی ئەوەی ئاوی دەریاچەکانی بەیشەھیر و سوغڵا لە مێرگی پارێزگای قۆنیا چەندین مەتر بکێشنەوە و ئەمەیش کاریگەریی نەرێنیی کردووەتە سەر ژینگەی ناوچەکە.
دەریاچەی سوغڵا یەکێکە لە سەرچاوە ئاویە ھەرە گرنگەکانی تورکیا و دەریاچەی بەیشەھیر'یش گەورەترین سەرچاوەی ئاوی سازگاری تورکیایە جێ جێ لە کەنارەکانیانەوە تاکوو ١٠٠ مەتر ئاوەکانیان کشاوەتەوە.
کەمبوونەوەی ئاستی ئاوی ئەم دوو دەریاچەیە نیگەرانی قوڵی ھاووڵاتییانی لێ کەوتووەتەوە کە سەرچاوەی ئاوی خەڵکی ناوچەکەیە، سەرچاوەی رزق و رۆزی ماسیگرانە، لە رێگای ئەم دەریاچانەوە ناوچە کشتوکاڵییەکان ئاو دەدرێن و چەندین جۆر گیانلەبەری لێ دەژین.
عەبدوڵڵا ئاڵکان کە لە دەریاچەی سوغڵا راوەماسی دەکات، بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی رایگەیاند "پێشتر تاکوو ٥-٦ مەتری قوڵایی ھەبوو. ئێستا کەم بووەتەوە بۆ ٥٠ سانیتمەتر. دەریاچەکەمان بەرە بەرە کەم دەبێتەوە زۆر لەوە دەترسین وشک بکات. خوا یار بێت باران ببارێت و لەو تەنگانەیە رزگارمان بێت. ٢٠ ساڵە ماسیگرم شتی وام نەدیووە ".