Mazın Asad
05 کانوونی یەکەم 2016•نوێکردنەوە: 06 کانوونی یەکەم 2016
ئەنقەرە - AA
سەرۆکوەزیرانی تورکیا بیناڵی یڵدرم لەبارەی پێشنیاری گۆڕانکاریی دەستوور گوتی: "لە دوای گەڕانەوە لە رووسیا ئەگەر ھیچ رێگرییەک نەبێت، بەر لە تەواوبوونی ئەم ھەفتەیە، پێشنیارەکەمان رەوانەی پەرلەمان دەکەین".
یڵدرم پێش سەردانەکەی بۆ رووسیا، لە فڕۆکەخانەی ئەسەنبۆغای ئەنقەرە لێدوانی بۆ رۆژنامەواناندا.
لە وەڵامی پرسیارێک لەبارەی کۆبوونەوەکەی لەگەڵ سەرۆکی گشتی مەھەپە، دەوڵەت باخچەلی لە پەرلەمانی تورکیا و دیاریکردنی رێکەوتێک بۆ پێشکەشکردنی پێشنیاری گۆڕانکاریی دەستوور بە پەرلەمان، یڵدرم رایگەیاند: "لەگەڵ بەڕێز باخچەلی چایمان خواردەوە و کەمێک گفتوگۆمان کرد و دواتر دەرچووم. پێشتریش لەوبارەیەوە قسەمان کردووە و لە چوارچێوەی ئەو رێککەوتنەی نێوانمان و لەسەر رێنمایی سەرۆکی پارتەکان، کادیرانی ھەردوو پارت کار لەسەر وردەکاری و کارە تەکنیکییەکان دەکەن. لە دوای گەڕانەوە لە رووسیا ئەگەر ھیچ رێگرییەک نەبێت، بەر لە تەواوبوونی ئەم ھەفتەیە، پێشنیارەکەمان رەوانەی پەرلەمان دەکەین".