Orhan Onur Gemici
01 ئەیلوول 2023•نوێکردنەوە: 02 ئەیلوول 2023
ئەنقەرە - AA
وەزارەتی بەرگریی تورکیا، بڵاویکردەوە کە لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنێکی ئاسمانییدا بۆ سەر ناوچەكانى قەندیل و ئاسۆس لە باکووری عێراق ١٦ کونە ئەشکەوت، چوار حەشارگە و دوو کۆگای پێداویستیی تیرۆریستان لەناوبراوە و ژمارەیەکی زۆريش تیرۆریست لەچالاکی خراون.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی وەزارەتەکە، لەچالاکی خستنی ئەندامانی رێکخراوی تیرۆریستیی پەکەکە/کەجەکە-پەیەدە/یەپەگە و تیرۆریستانی دیکە و، لەناوبردنی هێرشە تیرۆریستییەکانی سەر هێزە ئەمنییەکان و گەلی تورکیا کە لە باکووری عێراقەوە دەهات، دەستەبەرکردنی ئاسایشی سنوور و لەناوبردنی تیرۆر لە سەرچاوەکەیەوە، لە ژێر ڕۆشنایی مافەکانی بەرگریی لە خۆ کە لە ماددەی ٥١ی یاداشتنامەی نەتەوە یەکگرتووەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، کاتژمێر ٠٠:٣٠ هێرشی ئاسمانیی کرایە سەر ئەو ناوچانەی قەندیل و ئاسۆس لە باکووری عێراق کە لەلایەن تیرۆریستانەوە وەک بەناو بنکە بەکارهێنراون. لە ئەنجامی ئۆپەراسیۆنەکەدا ١٦ کونە ئەشکەوت، چوار حەشارگە و دوو کۆگای پێداویستیی تیرۆریستان لەناوبراوە و ژمارەیەکی زۆر تیرۆریست لەچالاکی خراون، بەوەیش گورزێکی قورس لە بوونی ڕێکخراوی تیرۆریستیی لە ناوچەکە درا".
لە ڕاگەیەندراوەکەدا باس لەوە کراوە کە پێش ئۆپەراسیۆنەکە ئامانجەکان بە تایبەتی هەڵبژێردراون و ئۆپەراسیۆنەکەش بە لەبەرچاوگرتنی پاراستنی سەرو ماڵی هاووڵاتيیانی مەدەنی و پاراستنی شوێنە مێژووی و ئایینی و کلتوورییەکان بە وریاییەوە ئەنجامدراوە.
هەروەها لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: "سوپای تورکیا کە هەڵقوڵاوی گەلە ئازیزەکەمانە، هەتا دۆزینەوە و لەچالاکی خستنی دوایین تیرۆریست کە هەڕەشە لە ئاسایشی وڵات و گەلەکەمان دەکەن، پێداگرانە بەردەوام دەبێت لەسەر هەڵمەتەکانی".