Muhammet Tarhan
20 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 22 ئادار 2022
ئەنقەرە - AA
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراھیم کاڵن رایگەیاند کە تورکیا لە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا، کەناڵەکانی پەیوەندیکردنی لەگەڵ ھەردوو لایەن بە کراوەیی جێھێشتووە و ئامادەی وڵاتەکەشی بۆ کۆکردنەوەی سەرۆکی ھەردوو وڵات دەربڕی، کاڵن گوتیشی: "ئەوەی کە ئێستا پێویستمان پێیەتی، کۆبوونەوەیەکە لە ئاستی ستراتیژی لە نێوان ھەردوو سەرۆک، پوتین و زێلێنسکی".
ئیبراھیم کاڵن بەشداریی لە پەخشی راستەوخۆی کەناڵی جەزیرەی قەتەری کرد و وەڵامی پرسیارەکانی پەیوەندیدار بە جەنگی نێوان رووسیا و ئۆکراینا دایەوە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا ئەگەری ئەنجامدانی رێکەوتنێکی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بوونی ھەیە یان نا، گوتی: "ھەموومان لە ھەوڵی ئەنجامدانی ئەمە داین. سەرکۆمارمان لەوەتەی دەستپێکی جەنگەکە پەیوەندی تەلەفۆنیی لەگەڵ پوتین و زێلێنسکی ئەنجامداوە. ھەموو ئەوەی کە لە دەستماندایە تاقی دەکەینەوە".
ئیبراهیم کاڵن ئەوەشی خستەڕوو کە وەزیری دەرەوەی وڵاتەکەی، مەولود چاوشئۆغڵو بەمەبەستی ئەنجامدانی دیدار و کۆبوونەوەکانی، سەردانی رووسیا و ئۆکراینای کردووە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا راشیگەیاند کە ھەوڵی خۆیان داوە بۆ کۆتاییھێنان بەم جەنگە و سەرۆکی رووسیا، ڤلادیمیر پوتین و سەرۆکی ئۆکراینا، ڤۆلۆدیمیر زێلێنسکی لەسەر پرسی "دۆنباس" و کریمیا بۆچوونی جیاوازیان ھەیە.
ئیبراهیم کاڵن ئاشکراشی کرد کە سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان ئامادەیی خۆی دەربڕیوە بۆ کۆکردنەوەی ھەردوو سەرۆکی ئۆکراینا و رووسیا، ئەو دانوستانەی کە لە بیلاڕووس لە نێوان لایەنەکان بەڕێوەدەچێت لە "ئاستی تەکنیکی" دایە.
گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا ئەوەشی بەبیرھێنایەوە کە یەکەمین کۆبوونەوەی ئاستی سیاسی لە کۆربەندی دیپلۆماتی ئانتاڵیا ئەنجامدراوە و گوتیشی: "ئەوەی کە ئێستا پێویستمان پێیەتی، کۆبوونەوەیەکە لە ئاستی ستراتیژی لە نێوان ھەردوو سەرۆک، پوتین و زێلێنسکی".
کاڵن ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەری ئەنجامدانی رێکەوتنێکی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینادا بوونی ھەیە و گوتی: "ئەگەری ھەیە بەڵام کەی و چۆن؟ پرسیارە گرنگەکە ئەوەیە. پێویستە ئەمە لە خاڵێکدا رووبدات. شاندی دانوستانەکان بەرە بەرە لە یەکتر نزیک دەبنەوە سەرەڕای نەبوونی رێکەوتنێکی نووسراو. پێموایە لەگەڵ بەردەوامی کارەکان و کۆبوونەوەکان، ئەگەری گفتوگۆی نێوان ھەردوو سەرۆکەکەش زیاتر دەبێت. رێکەوتنی ئاشتی ھەمیشەیی و بەستنی ئاگربەستی ھەمیشەیی، بە کۆبوونەوەی ئاستی ستراتیژی لەم جۆرە دێتەکایەوە".
لەبارەی پرسیاری ئەوەی کە ئایا پرسی "دۆنباس" رێگرە لە ئەنجامدانی رێککەوتنی ئاشتی لە نێوان رووسیا و ئۆکراینا، گوتەبێژی سەرۆکایەتی کۆماری تورکیا، ئیبراهیم کاڵن بە "بەڵێ" وەڵامی دایە و راشیگەیاند کە رووسیا داوای دان پێدانانی سەربەخۆیی دوو بەناو کۆماری ناوچەکە و لکاندنی کریمیا بە رووسیا دەکات.