Sarmand Hameed
19 ئادار 2022•نوێکردنەوە: 20 ئادار 2022
هەولێر - AA
شاندێکى پەرلەمانتارانى ئاک پارتى سەردانى پارێزگارى هەولێریان کرد و لەلایەن پارێزگاری هەولێر. ئومێد خۆشناو پێشوازییان لێکرا.
بەگوێرەی ئەو راگەیەندراوەی کە لە پارێزگای هەولێرەوە بڵاوکراوەتەوە، ئومێد خۆشناو لە دیوانی پارێزگا، پێشوازیی لە شاندێکى پەرلەمانتارانى ئاک پارتى کرد کە پێکهاتبوو لە پەرلەمانتارى پێشووى ئاک پارتى، عەفیف دەمیرکران و پەرلەمانتارى ئاک پارتى، فەهمى ئوزتونج و جێگرى بەرپرسی پەیوەندییەکانى دەرەوەى ئاک پارتى، مەهمەت جەیلان بەیاوەرى کۆنسوڵی گشتیی تورکیا لە هەولێر، هاکان کاراچای و سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی کوردستان، هیمداد سەباح.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە دراوە، لەدیدارێکدا کە هەریەک لە قایمقامى قەزای ناوەند، نەبەز عەبدولحەمید و یاریدەدەرى پارێزگار، ئەکرەم ئەحمەد و بەرێوەبەرى کاروبارى ناوخۆى پارێزگا، خالید عەباس رەشید ئامادەی بوون، جەخت لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان لە تێكڕاى بوارهكانى بازرگانى و پیشهسازیى و وهبهرهێنان و فهرههنگى و مرۆیی نێوان هەرێمى کوردستان و وڵاتى تورکیا کرایەوە و باس لە بارودۆخى عێراق بەگشتیى و هەرێمى کوردستان بەتایبەتى کرا و تیشک خرایەسەر هەڵبژاردنى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق و پێکهێنانى حکوومەتى نوێى عێراق.
لە راگەیەندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو کە شاندى میوان، زۆر سوپاسی پارێزگاری هەولێریان کرد بۆ ئەو پێشوازییەی کە لێیان کرا و جەختیان لەسەر پەرەپێدانی زیاتری پەیوەندییەکان و هاوکاری و هەماهەنگی نێوان هەردوولا کردووەتەوە و ئامادەی خۆیان و وڵاتەکەشیان نیشانداوە بۆ هەر هاوکاری و هەماهەنگییەک لەگەڵ پارێزگای هەولێردا.