پەرلمانتاری ماردین ئەحمەد تورك لە میانی بەشداریكردنی لە رێوەڕەسمێكی ئاكادیمیای كادیم لە بارەی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵی گوتارێكی پێشكەش كرد و گوتی: "ئامانج لەو ھەڵمەتە ئاشكرا كردنی گەندەڵی نییە، بەڵكو ھەڵمەتێكە بۆ پاراستنی بەرەژوەندییەكانی دەوڵەتی شاراوەیە."
ئەحمەد تورك گوتی: "ئیمە ھەمیشە پشتگیری لەو ھەڵوێستانە دەكەین كە لەسەر بنەمای دیموكراسییەكان دامەزراون، تا سیستەمێكی دیموكراتی بنكە فراوان نەبێ، توركیا دیموكراتیزە ناكرێ."
ئەحمەد تورك لە درێژەی قسەكانیدا ئاماژەی بەوە كردووە پێشتر وشەی دەوڵەتی شاراوە بەكار دەھێنرا بەڵام ئەمرۆ وشەی دەوڵەتی شانبەشان بەكار دەھێنرێ، تا ئەو كاتەی لە توركیا دیموكراسی بە بنەما وەرنەگیردرێ ئەوا گروپ و لایەنی جیاجیا ھەوڵ دەدەن ببن بە دەسەڵات.
تورك لە بارەی ھەڵمەتی بەگژداچوونەوەی گەندەڵیدا رایگەیاند ئامانج لەو ھەڵمەتە ئاشكرا كردنی دزی یا گەندەڵی نییە، بەڵكو ھۆی سەرەكی ئەو ھەڵمەتە ئەوەیە كە بەرەژوەندییەكانی دەوڵەتی شانبەشان و چەند گروپێكی شاراوە رووبەرووی مەترسی بوونەتەوە. ئەوەی ئێستا لە توركیا هەیە ئەوەیە كە توركیا لە سەر ئاستی جیھان و رۆژھەڵاتی ناوەڕاستدا نەیتوانیوە ھەست بە پێگە و رۆلی خۆی بكا. توركیا ھێشتا نازانێ لەگەڵ ئەوروپایە یا لەگەڵ رۆژھەڵاتی ناوەڕاست، نازانێ سیاسەتێكی دیموكراتی پەیڕەو بكا یا سیاسەتێك بۆ پاراستنی بەرەژوەندی رۆژانەی خۆی.