Rewa Mahmut Hasan
26 ئادار 2017•نوێکردنەوە: 27 ئادار 2017
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ کاتێک هیچ پارتێک نەیتوانی بە تەنها حکوومەت پێکبهێنێت بیرتان دێت چی روویدا ؟بە زیادکردنی سوو ئەو دزانە گیرفانی هاووڵاتیانیان بەتاڵ کرد. ئێمە گەلەکەمان رادەستی ئەو خوێنمژانە ناکەین و سیستەم دەکەینە سەرۆکایەتی کۆمار. ئەوان ئێستا هەوڵدەدەن ١٦ی نیسان ئەنجامێکی نەرێنی دەربچێت، بەڵام ناتوانن لە گۆڕانی ١٦ی نیسان هەڵبێن. تورکیا بە هێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار دەکەوێتە سەرپێ . من ئەمە دەبینم کاتێک گەل بڕیاری خۆی بدات".
سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغان لەمیانی بەشداری کردنی لە مەراسیمی کردنەوەی کۆمەڵە پرۆژەیەک لە ئیستانبوڵ، گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا ئەردۆغان باسی لەچەندین پێشهاتی ناوخۆیی و دەرەکی تورکیا کرد.
ئەردۆغان لە باسی ریفراندۆمی ١٦ ی نیساندا گوتی: "لە هەڵبژاردنەکانی ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٥ کاتێک هیچ پارتێک نەیتوانی بە تەنها حکوومەت پێکبهێنێت بیرتان دێت چی روویدا ؟بە زیادکردنی سوو ئەو دزانە گیرفانی هاووڵاتیانیان بەتاڵ کرد. ئێمە گەلەکەمان رادەستی ئەو خوێنمژانە ناکەین و سیستەم دەکەینە سەرۆکایەتی کۆمار. ئەوان ئێستا هەوڵدەدەن ١٦ی نیسان ئەنجامێکی نەرێنی دەربچێت، بەڵام ناتوانن لە گۆڕانی ١٦ی نیسان هەڵبێن. تورکیا بە هێنانی سیستەمی سەرۆکایەتی کۆمار دەکەوێتە سەرپێ . من ئەمە دەبینم کاتێک گەل بڕیاری خۆی بدات".
وەک پەیامێکیش بۆ لایەنی ئۆپۆزسیۆنی ناوخۆی وڵاتەکەی کە هەڵمەتی دژ بە گۆرانکاری دەستووریان دەستپێکردووە ئەردۆغان گوتی: "هەم لەناوەوە و هەم لەدەرەوە بۆ ئەوەی پێشبگرن بەوەی لە ١٦ی نیسان بە 'بەڵی' دەنگ بدرێت سەفەربەرلیکێکیان دەست پێکردووە. لەبارەی گەڵاڵەنامەی گۆڕانکاری دەستوورەوە درۆی وا دەکەن عەقڵی مرۆڤ بەرگەی ناگرێت. لە دەرەوە ژمارەیەک وڵات لەمبارەیەوە هێندە بە روونی لایەنگرن دەڵێی رێککەوتننامە نێودەوڵەتییەکان، مامەڵەی دیپلۆماتی نەماون. وەک بڵێی هەڵبژاردن لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، سویسرا و هۆڵەندا ئەنجام دەدرێت. بە ئێوە چی؟ لە کاتێکدا رێکخراوە تیرۆریستییەکان لەژێر پاراستن و چاودێری پۆلیس لە شارەکانی ئەورووپا خۆپیشاندان ئەنجام دەدەن و هەڵمەتی نەخێر بەڕێوە دەبەن، بە ئەسپ و سەگ هێرش دەکەنە سەر ئەوانەی هەڵمەتی بانگەشەی بەڵێ بەڕێوە دەبەن. بەپێی ئەوەی دڵەڕاوکێکەیان لە ناوەو دەرەوە گەورەیە واتە گەل لەسەر رێگای راستە. لەبەر ئەمە دەڵێین ١٦ی نیسان راگەیاندنی نەگەڕانەوەی حکوومەتی هاوپەیمانییە لە تورکیا. ١٦ی نیسان دەرگاکانی کەشی بەریەککەوتن و قەیرانی ئابووری لە تورکیا دادەخات و تورکیا زۆر زیاتر گەشە دەکات و زیاتر بەرهەم دەهێنێت. خزمەتگوزاری زیاتر پێشکەش دەکات. ١٦ی نیسان دەبێتە رۆژی رێگاکردنەوەی تورکیا".روو لەو کەسانە دەکەم کە تاکو ئێستا بە گومانن لە دەنگدان لە ١٦ی نیسان. سەیرێکی چواردەورەتان بکەن. کێ بە بەڵی دەنگ دەدات و کێش بە نەخێر دەنگ دەدات. هەڵسەنگاندێکی بۆ بکەن لە رابردووەوە کێ ئەو سیستەمەی دەویست. سەیرێکی ئەمە بکەن. دەمیرال، ئۆزال، ئەربەکان، تورکێش، موحسین هەموو ئەو سیاسییانە گوتویانە بەڵێ. ئایا کەس هەبوو لەوان بڵێت نەخێر؟ کەس هەبوو؟ هەموو ئەو کەسانەی کە بەرپرسیارییەتی وڵاتیان لەسەر شان بووە هەوڵی دامەزراندنی ئەو سیستەمەیان داوە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتیشی: "ئەو ئۆپەراسیۆنانەی کە تورکیا لە ناوچەکە دەستی پێکردووە، لەپێناو یارمەتی دانی براکانمانە لەناوچەکە، هاوکات بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوخۆی وڵاتەکەشە. بەروونی دەیڵێم، هەرکەسێک بڵێت، تورکیا چی کارێکی هەیە لە سووریا، ئەوا خراپەی تورکیای دەوێت. هەرکەسێک گوتی بۆ ئەوەندە خۆتان سەرقاڵی عێراق دەکەن، دەخوازێت تورکیا خراپ بێت. هەر کەسێک گوتی ئێوە چیتان هەیە لەگەڵ ئەورەوپا، ئەوا بزانن لەگەڵ میللەتەکەماندا دوژمنایەتی هەیە. لێرەوە پەیامم هەیە بۆ وڵاتانی دراوسێمان و هێزەکانی ئەوێ، وڵاتانی ئەورووپا، رووسیا، ئێمە دوژمنی کەس نین. بەپێچەوانەوە، دەخوازین لەگەڵ هەموو کۆمەڵگە و وڵاتێکدا پەیوەندی کۆمەڵایەتی ئابووری، سیاسی بەرەوپێش ببەین".
ئەردۆغان لەبەشێکی تری گوتەکانیدا رەخنەی لە سیاسەتی وڵاتانی ئەورووپی گرت کە پشتگیری پەکەکە دەکەن و گوتی: "لە ئەورووپا لە دژی سەرکۆماری وڵاتی خۆی لەگەڵ دروشمی رێکخراوە تیرۆریستییەکان کە لە پشت وێنەکە چەک دادەنێت و لەگەڵ پارتە چەپەکانی ئەوێ و رێکخراوە تیرۆریستییەکان پێکەوە کەوتوونەتە رێ. ئێرە کوێیە؟ سوید، هۆڵەندا، بەلجیکا، ئەڵمانیایە. کاتێکیش ئەمە دەڵێین ئەو برا بەڕێزانە هەراسان دەبن. 'ئەوەی لە دەرگای خەڵک بدات. لەدەرگای دەدرێتەوە'. ئێوە ئێمە خەمبار دەکەن، خەمبار دەبن".
لەبارەی رۆڵی سوپاشەوە، سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی :"ئێمە خاوەن سوپایەکین کە داستانی سەروەرێتی لە دەرەوەی سنوورەکان تۆمار دەکات و جێ بە رێکخراوە تیرۆریستییەکان لە شاخ و شار تەنگ دەکات. دوێنێ لە هەکاری ١٩ و لە ئەرزنجان ١٥ تیرۆریست لەناوبران. بۆچی؟ چونکە ئەم گەلە دابەش نابێت و نایەوێت دابەش بێت. ئەوانەی بیانەوێت ئەو نیشتمانە دابەش بکەن باجەکەی دەدەن.لە دوای هەوڵی کودەتای ئەندامانی چەتەی ناپاکیی فەتۆ لە شەوی ١٥ ی تەمووز، توانای سوپاکەمان بەهێزتر بووە. ئێستا هێزە چەکدارەکانمان، پۆلیسەکانمان، پێکەوە دەست لەناو دەست دژبە رێکخراوە تیرۆریستییەکان دەجەنگن. سوپاکەمان فەرمان لە هیچ ئیرادەیەکی سیاسی وەرناگرێت".