Ferdi Türkten
22 حوزەیران 2021•نوێکردنەوە: 23 حوزەیران 2021
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان رایگەیاند "چاوەڕوانین ئەمساڵ تێکڕای هەناردەکردن بگەیەنینە ٢٠٠ ملیار دۆلار و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان پەیامێکی ڤیدیۆیی ئاراستەی کۆڕبەندی ئابووریی قەتەر کرد.
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لە پەیامەکەیدا هیوای خواست کۆڕبەندەکە ببێتە مایەی خێر و سوپاسی سەرجەم بەرپرسانی قەتەر، بەتایبەتیش میری قەتەر، شێخ تەمیم بن حەمەد ئال سانی کرد بۆ میوانداریکردنی کۆڕبەندەکە بەشێوەیەکی ئۆنڵاین.
رەجەب تەیب ئەردۆغان باسی لەوە کرد کە بەهۆی پەتای ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێوە لە ماوەی یەک ساڵ و نیوی رابردوودا، ئابووری جیهان رووبەڕووی تاقیکردنەوە بووەتەوە و بە قۆناغێکی نادیار و پڕ کێشەدا تێپەڕیوە.
سەرکۆماری تورکیا سەبارەت بە گەشەسەندنی ئابووری وڵاتەکەی گوتی: "لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١دا، رێژەی لەسەدا حەوتمان لە گەشەکردن بەدەستهێناوە و چاوەڕوانییەکانمان بۆ بەشەکەی دیکەی ئەمساڵ زیاترە".
گوتیشی: "چاوەڕوانین ئەمساڵ لە هەناردەکردندا، بگەینە ٢٠٠ ملیار دۆلار و ژمارەیەکی پێوانەیی نوێ تۆمار بکەین".
رەجەب تەیب ئەردۆغان ئەوەشی خستەڕوو کە لە راپۆرتەکانی رێکخراوی هاریکاری ئابووری و گەشەپێداندا پێشبینی دەکرێت ئابووری تورکیا تا کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ سەدا ٥،٧ و لە ساڵی ٢٠٢٢شدا سەدا ٣،٤ گەشە بکات.