Mazın Asad
18 مای,س 2017•نوێکردنەوە: 19 مای,س 2017
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان گوتی: "ئایا یەکێتیی ئەورووپا دڵ، دەرگا و ھەموو شتێکی کردووەتەوە بەڵام تورکیا نەچووەتە ناوەوە؟ ئایا شتێکی لەو شێوەیە ھەیە؟ با سەرنج بدەین، تکایە، ساڵی ١٩٦٣، ساڵی ٢٠١٧... ببوورن یەکێتییەکی ئەورووپا ھەیە کە ماوەی ٥٤ ساڵە ئەم وڵاتەی لەبەر دەرگا راگرتووە. دوای ئێمە کێ ھات و کێ چوو. ئەوانە ھەموویانیان وەرگرت. باشە تورکیا گوناھی چییە کە وەریناگرن؟".
ئەردۆغان لە کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی راوێژکاری باڵای رێکخراوی کارسازان و سەرمایەگوزارانی تورکیا لە سەنتەری سەبانجی لە ئیستانبوڵ گوتارێکی پێشکەش کرد.
سەرکۆماری تورکیا رایگەیاند: "بێ وەستان تێدەکۆشین و ھەوڵدەدەین بۆ ئەوەی پێگەی تورکیا لە جیھاندا زۆر بەھیزتر بکەین. ئیدی لە تورکیادا ھیچ شتێک وەک پێشووتر بەڕێوەناچێت، بەتایبەتی لەو کێشانەی لەم ساڵانەی رابردوودا روویاندا. ئامادەکاری دەکەین بۆ قۆناغی نوێی دیموکراسی و ئابووریی. بەشیوەیەکی بەرچاو ئەو ژێرخانەمان بنیاتناوە و بنیاتی دەنێین کە پێویستە بۆ بنیاتنانی تورکیای بەھێز و ئاسوودە. کەسانی ئیشکەر، بەرھەمھێن، داھێنەر و رەخسینەرانی ھەلی کار دەبنە بەناوبانگترین کەسانی قۆناغی نوێ. لەو باوەڕەدام کە TÜSİAD رۆڵی بنیاتنەری خۆی دەبینێت لە بنیاتنانی تورکیای نوێدا".
ئەردۆغان گوتی: "کەس ناتوانێت پێم بڵێت، رووداوەکانی گەزی و تەقسیم بۆ چەند دارێک بووە. کەس ناتوانێت پێم بڵێت، ئۆپەراسیۆنی ١٧ و ٢٥ی کانوونی یەکەم بۆ دەستەبەرکردنی دادپەروەری و پەیرەوکردنی یاسا کراوە. کەس ناتوانێت پێم بڵێت، رووداوەکانی ھەڵکەندنی چاڵ لەلایەن رێکخراوی تیرۆریستی جوداخواز و پارتی ژێرکۆنترۆڵی بۆ ئامانجێکی پاک کراوە. کەس ناتوانێت پێم بڵێت، رووداوەکانی سووریا و عێراق ئاراستەی ئامانجەکانی بۆ سەر تورکیا نییە. ھاوکات ئەوەی ئاماژە بەوە بکات کە ١٥ی تەمووز ھەوڵێکی ناپاک نەبووە بۆ داگیرکردنی وڵات و رادەستکردنی ئەم گەلە، ببورە گومان لە ھۆش و تێگەیشتنی دەکەم. گشت راستییەکان دیارە".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی قۆناغی بە ئەندامبوونی تورکیا لە یەکێتی ئەورووپا، رایگەیاند: "وەزێرێکی دەرەوە لە فەڕەنسا ناوی ناھێنێم، بە منی گوت 'ھەوڵەکانتان بێ ھودەیە، ئێوە وەرناگرن'. گوتم بۆچی. ھۆکارەکانیشی گوت. بێگومان ئێمە ئەم راستییە دەزانین و ھەندێک شت دەزانین، بەڵام سەرەڕای ئەمە ئێمە وەزارەتی کاروباری یەکێتی ئەورووپامان دامەزراند و ھەموو ھەوڵێکی خۆمان خستەگەڕ. دوا بڕیاری کۆنسەی ئەورووپا، باشە کاتێک ئەو بڕیارە دەدەیت چی روودەدات؟ ئەم بڕیارە ھیچ بەھایەکی دەبێت؟".
ئەردۆغان گوتیشی: "لەمەودوا ئێمە پێویستمان بەو بڕاندانەی دیکە ھەیە کە لە سەرتاسەری جیھاندا ناسراون. ئێمە وەک ئیرادەی سیاسیی لە ھەموو حاڵەتیکدا ھەمیشە باسمان لەوە کردووە کە لە پشت پیاوانی کار داین. سەرەڕای ئەوەش بۆ نموونە نیگەرانم لەوەی کە لەبارەی ئۆتۆمبێلی ناوخۆییەوە نەگەیشتووینەتە ئەنجامی خوازراو. لێرەدا زۆر وەبەرھینمان ھەیە کە لەو کەرتەدان. لە کاتێکدا پارەی خۆمان، توانای ھەناردەکردن و شارەزایی زۆرمان ھەیە، ھەڵنانی ھەنگاوێکی لەو شێوەیە مایەی رامانە. چاوەڕوانی ھەڵمەتێک لە ئەندامانی TÜSİAD دەکەم لەو بارەیەوە. ئەندامانی TÜSİAD ئەوە دەکەن. ئەگەر لەم ھۆڵە نەتوانین جوامێریک دەستبخەین، ئەوا پێویستە بڕۆین".
سەرکۆماری تورکیا لە درێژەی قسەکانیدا گوتی: "بازاڕی ئەورووپا بۆ ئێمە چەندە گرنگ بێت، ئێمەش بۆ ئەورووپا ھێندە گرنگین، بگرە زیاتریش، دەبێت ئەمەش ببینین. لەم بارەیەوە بەردەوام دەبین لە چاوپێککەوتنەکانمان لە یەکێتی گومرگەکان".
ئەردۆغان گوتیشی: "بەدڵنیاییەوە من نیگەرانیەکانتانم لەبارەی باری نائاساییەوە پێناخۆشە. ئایا تا ئیستا باری نائاسایی چ رێگرییەکی کردووە لە پیشەوەران و پیاوانی کاری وڵات؟ ئەگەر باری نائاسایی لە ئێستادا رێگربووە لە رایی کردنی کاری پیشەوەران و پیاوانی کاری وڵاتەکەمان، ئەوا دادەنیشین و چارەسەری دەکەین، بەڵام شتێکی لەو شێوەیە جێگەی باس نییە. کاتێک ئێمە دەسەڵاتمان وەرگرت لە باشووری رۆژھەڵاتی وڵات باری نائاسایی ھەبوو، لەبەرئەوەی لەوێ کێشە ھەبوو. کاتێک من بەو ناوچەیەدا گەڕام ھاووڵاتیانی ئەوێ گوتیان "ئەو باری نائاساییە ھەڵگرن، چونکە کێشەکانی ئێرەمان گەورەن" بینیمان راستیان کرد و، لەماوەی ساڵێکدا باری نائاساییمان ھەڵگرت. بەڵام باری نائاسایی ئێستا تەواو بە پێچەوانەوەیە، ھەنگاوێکە نراوە بۆ ئەوەی تەواوی کارەکان لە تورکیادا زۆر تەندروستتر بەڕێوەبچن".
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان لەبارەی یەکێتی ئەورووپاوە گوتی: "لێرە و لەوێ لە ئەڵمانیا، بەلجیکا، سویسرا، ھێرش دەکرێتە سەر سەرکۆماری تورکیا، رێگە لە وەزیری دەرەوەمان دەگیرێت. رێگە بە نیشتنەوەی فڕۆکەکەی نادرێت، ببوورن من رێگە نادەم شکۆ و شەرەفی میللەتەکەم بخرێتە ژێر پێ. ئێمە ھەموو چاوپێککەوتنێکمان ئەنجام دەدەین، ئەگەر بەرامبەر ئەمە بەرپرسانی یەکێتی ئەورووپا بە شێوەیەکی دادپەروەرانە ھەڵوێست بنوێنن لە چاوپێککەوتنەکانیان لەگەڵمان، ئێمەش بەردەوام دەبین لەو رێگەیە، بەڵام ئەگەر بەردەوام نەبوون، ببوورن ئێمەش چارەی خۆمان دەکەین".