Zafer Fatih Beyaz
05 ئاب 2024•نوێکردنەوە: 06 ئاب 2024
ئەنقەرە - AA
سەرکۆماری تورکیا و سەرۆکی گشتیی ئاک پارتی ئەردۆغان ڕایگەیاند: "سیاسەتی جیهان بە یەکێک لە سەختترین پێچەکاندا دەگەڕێتەوە. لە سیستمی نێودەوڵەتییدا بۆشاییەکی جددی هێزی هەیە. نەک هەر بۆشایی هێز، بەڵکو ڕووبەڕووی لەدەستدانی ئەخلاق و ویژدان بووینەتەوە".
لە میانی بەشداری کردنی لە بەرنامەی پەروەردەی مافەکانی مرۆڤ کە لەلایەن سەرۆکایەتی مافەکانی مرۆڤی ئاک پارتیيەوە لە ناوەندی گشتیی پارتەکە سازکرا، سەرکۆمار ئەردۆغان گوتارێکی پێشکەش کرد.
لە گوتارەکەیدا سەرکۆمار ئەرردۆغان باسی لە سیستمی جیهانی کرد و ڕایگەیاند: "هیچ هەوڵێک نەدراوە بۆ پێداچوونەوە بە سیستمی جیهانی لە ڕووی دادپەروەری و ڕێگرییکردن لە پێشێلکردنی مافەکان لەوانەش مافی ژیان. بەداخەوە هەر قەیرانێک بەرامبەر ئەم بێباکییە سەریهەڵدابێت قەیرانی پێشووی تێپەڕاندووە، بەڵام لەگەڵ سەرهەڵدانی قەیرانی غەززە، سیستمی جیهانی ئاڵای مایەپوچبوونی هەڵکرد".
ڕاشیگەیاند: "سیاسەتی جیهان بە یەکێک لە سەختترین پێچەکاندا دەگەڕێتەوە. لە سیستمی نێودەوڵەتییدا بۆشاییەکی جددی هێزی هەیە. نەک هەر بۆشایی هێز، بەڵکو ڕووبەڕووی لەدەستدانی ئەخلاق و ویژدان بووینەتەوە".
سەبارەت بە هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر غەززە، سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەم ستەمە کە پێویستە مرۆڤایەتی دژی ڕاپەڕێت، ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتيی لە بەرامبەریدا نقەی لێوە نایەت".
گوتیشی: "هەروەک چۆن ئەوانەی ٨٥ ساڵ لەمەوبەر گوتاری کۆمەڵکوژی هیتلەریان لە پەرلەمانی نازی لە ڕیشستاگ بە جۆشوخرۆشەوە چەپڵەڕێزان کرد، ناویان بە شەرمەزارییەوە نووسراوە، ئەوانەی بە پێوەی چەپڵەیان بۆ درۆکانی هیتلەری ڕۆژگاری ئەمڕۆمان ناتانیاهو لێدا، بە هەمان شێوە بە درێژایی تەمەن ئەو پەڵە ڕەشەی بە دەستیانەوەیە لێنابێتەوە".
هەروەها سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "کێ چی دەڵێت با بیڵێت، ئەو شوێنەی پێویستە ئەوانەی لێبن کۆمەڵکوژی ئەنجامدەدەن کورسی پەرلەمان نییە، بەڵکو هۆڵەکانی دادگایە کە لێکۆڵینەوە لەو تاوانانەیان دەکرێت کە کردوویانە".
سەبارەت پلاتفۆڕمەکانی تۆڕەکانی کۆمەڵایەتی سەرکۆمار ئەردۆغان ڕایگەیاند: "ئەو خاڵەی پێیگەیشتووین ئەوەیە کە دەبینین کۆمپانیاکانی بواری تۆڕی کۆمەڵایەتی وەک مافیا ئەوەی لە بەرژەوەندیان بێت مامەڵەی پێوە دەکەن".
ڕاشیگەیاند: "ڕووبەڕووی فاشیزمێکی دیجیتاڵی بووینەتەوە کە تەنانەت بەرگەی وێنەی شەهیدە فەڵەستینییەکانیش ناگرن و دەستبەجێ قەدەغەی دەکەن. (پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی) ئەو گرنگییدانەی لە پابەندبوون بە یاساکانی ئەمریکا و ئەورووپا نیشانی دەدەن، کە هاتە سەر تورکیا بە ئەنقەست خۆیانی لێدەدزنەوە".
سەرکۆمار ئەردۆغان باسی لەوەیش کرد کە ئەوانەی سکاڵا لەڕسواییەکانی پلاتفۆڕمەکانی تۆڕی کۆمەڵایەتی ناکەن، ئەوانەی باسی ئەو فاشیزمە ناکەن کە ئەوانە بانگەشەی بۆ دەکەن، ڕیز دەبەستن بۆ سکاڵاکردن لە تورکیا لای ڕۆژئاوا.
ڕاشیگەیاند: "ئێمە وەک حکوومەت هیچ کێشەیەکمان نییە لەگەڵ ئازادی، ئازادی ڕادەربڕین، کار، ڕزق، بازرگانی و شێوازی ژیانی کەسدا".