Sefa Mutlu,Mustafa Hatipoğlu,Elif Küçük
20 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2023
ئیستانبوڵ - AA
سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان سەبارەت بە هەڵبژاردن رایگەیاند: ''دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار دیارە. لە ئێستادا سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە. چی دەڵێت؟ بە بڕیارنامەی سەرکۆمار، پێش ٦٠ رۆژ رادەگەیەندرێت. دوای ٦٠ رۆژەکەش چی دەبێت؟ دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن ئەم پێکهاتە کرۆنۆلۆژیە بەڕێوەدەبات. بۆ نموونە، کەی ئەوەی راگەیاندووە؟ با بڵێین ١٠ی مانگی ئادار، ئەگەر ١٠ی ئادار رایگەیاندبێت، لە دوای ئەوە بە ٦٠ رۆژ دەست بە کار دەکات. هەر کاتێک ئەو ٦٠ رۆژە تەواو بوو، ئینجا ئەو رۆژە چییە؟ رۆژی هەڵبژاردنە''.
لە پاش نوێژی هەیینی کە لە مزگەوتی حەزرەتی عەلی لە ناوچەی ئوسکوداری ئیستانبوڵ ئەنجامی دا، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان، وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسانی دایەوە و سەبارەت بە بابەتەکانی رۆژەڤ دوا.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکدا سەبارەت بە دابەزینی ئاستی ئاوی بەنداوەکان و مەترسی وشکەساڵی، سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغان رایگەیاند: ''پێویستە زۆر پێش ئەوە رێوشوێنەکان بگیرێنەبەر. بەدڵنیاییەوە ئێمە وەک کاروباری ئاوی دەوڵەت، لە ئێستادا لە سەرانسەری وڵات لە زۆر شارماندا بەنداومان دروست کردووە، دروستی دەکەین و بەردەوامیش دەبین لەسەر دروستکردنیان، بەڵام لە شارە گەورەکانی وەک ئیستانبوڵ و ئەنقەرە و ئیزمیر، ئەوە بەرپرسیارێتیی گەورە شارەوانییەکانە، ئەوانیش دەبێت بزانن چی پێویستە بکرێت لەو شوێنانەدا. پێویستە بەنداو دروست بکەن''.
رۆژنامەنووسێک سەبارەت بە وادەی هەڵبژاردن لە سەرکۆماری تورکیا ئەردۆغانی پرسی ''لەبارەی هەڵبژاردنەکان ئاماژەتان بە ١٤ی ئایار دا، ئایا هیچ کارێک دەکرێت لەو بارەیەوە؟ چۆن وادەی هەڵبژاردن کار دەکات؟ هەمیش بابەتێک هەیە کە ئۆپۆزسیۆن ئاماژەی پێکردووە، ئەو گۆڕانکاریانەی لە یاساکەدا کراوە ناتوانرێت کاری پێ بکرێت ئەگەر لە ١٤ی ئایاردا هەڵبژاردن بکرێت. وەلامی بەڕێزتان چییە؟'' ئەردۆغان رایگەیاند:''بەدەست چەند نەزانێکەوە گیرمانخواردووە کە تا ئێستا نازانن دەسەڵات لەبارەی هەڵبژاردن بە دەست کێیە. دەسەڵاتەکانی سەرکۆمار دیارە. لە ئێستادا سەرکۆماری تورکیا رەجەب تەیب ئەردۆغانە. چی دەڵێت؟ بە بڕیارنامەی سەرکۆمار، پێش ٦٠ رۆژ رادەگەیەندرێت. دوای ٦٠ رۆژەکەش چی دەبێت؟ دامەزراوەی باڵای هەڵبژاردن ئەم پێکهاتە کرۆنۆلۆژیە بەڕێوەدەبات. بۆ نموونە، کەی ئەوەی راگەیاندووە؟ با بڵێین ١٠ی مانگی ئادار، ئەگەر ١٠ی ئادار رایگەیاندبێت، لە دوای ئەوە بە ٦٠ رۆژ دەست بە کار دەکات. هەر کاتێک ئەو ٦٠ رۆژە تەواو بوو، ئینجا ئەو رۆژە چییە؟ رۆژی هەڵبژاردنە''.
لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەنووسێکی دیکەدا سەبارەت بە دوایین ژمارەی گۆڤاری (The Economist)ی بەریتانی کە شیکارییەکی سەبارەت بە هەڵبژاردنەکانی داهاتووی تورکیا بڵاوکردووەتەوە، ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئایا ئایندەی تورکیا گۆڤارێکی بەریتانی دیاری دەکات؟ گەلەکەم دیاری دەکات. گەلەکەم هەرچییەک بڵێت هەر ئەوە لە تورکیا روو دەدات. گۆڤاری بەریتانی ناتوانێت ئایندەی تورکیا دیاری بکات''.
سەبارەت بە لێدوانەکانی سەرۆکوەزیرانی یۆنان، کیریاکۆس میچۆتاکیس لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی لە داڤۆس، ئەردۆغان رایگەیاند: ''ئەم لێدوانانەی میچۆتاکیس بەس نین، بەتایبەتی بۆ دیاریکردنی ئایندەی ناوچەکە. پێش هەموو شتێک، لە ئێستادا دەبینین کە لۆزان و هەڵوێست لەبارەی دوورگەکان لەلایەن بەرپرسانی یۆنانەوە جێبەجێ ناکرێت. (یۆنان) بە پڕچەککردنی دوورگەکان، هەنگاوی پێچەوانە دەنێت بەرامبەر لۆزان و رێککەوتنەکانی دیکە''.