Kasım İleri
20 کانوونی دووەم 2023•نوێکردنەوە: 20 کانوونی دووەم 2023
واشنتۆن - AA
راگەیەندرا، لە باشووری سووریا بە درۆن ھێرشێک کراوەتە سەر بنکەی ئەلتەنیف کە سەربازانی ئەمریکی تێدا جێگیر کراون.
فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا (CENTCOM)، راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە کە تێدا ھاتووە: "بەرەبەیانی ئەمڕۆ بە سێ درۆن ھێرش کراوەتەوە سەر سەربازگەی ئەلتەنیف لە سووریا. دوو لە درۆنەکان لەلایەن ھێزەکانی ھاوپەیمانانەوە خرانە خوارەوە و یەکێکیان بەر بنکەکە کەوت. دوو ئەندامی سوپای ئازادی سووریا بریندار بوون کە دواتر چارەسەری پزیشکییان بۆ کرا. لە ھێرشەکەدا ھیچ سەربازێکی ئەمریکی بریندار نەبووە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بە گوتەکانی گوتەبێژی فەرماندەیی ناوەندی ھێزەکانی ئەمریکا، کۆلۆنێل جۆ بوچینۆ کراوە وھاتووە: "نابێت ئەم جۆرە ھێرشانە قبوڵ بکرێن. سەرباز و ھاوبەشەکانمان دەخەنە ژێر ھەڕەشە و بەرەنگاربوونەوەی داعش دەخەنە مەترسییەوە".
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوە نەدراوە کە ھێرشەکە لەلایەن کێوە ئەنجام دراوە.
بنکەی ئەلتەنیف دەکەوێتە نێوان سنووری سووریا و عێراق و ئوردن و سەربازانی ئەمریکا لەگەڵ گرووپێکی ئۆپۆزسیۆن بەیەکەوە کار دەکەن.
پێشتریش چەندین جار بە درۆن و مووشەک ھێرش کرابووە سەر ئەو بنکەیە.