Mazın Asad
08 تشرینی دووەم 2017•نوێکردنەوە: 09 تشرینی دووەم 2017
واشنتۆن - AA
وەزارەتی بەرگری ئەمریکا رایگەیاند لە کۆبوونەوەی نێوان وەزیری بەرگری تورکیا، نوردەین جانیکلی و وەزیری بەرگری ئەمریکا، جەیمس ماتیس پرسی کاری ھاوبەشی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری بەرگری تاوتوێ کراوە.
گوتەبێژی پنتاگۆن، دانا وایت راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ئاشکرای کرد کە لە کۆبوونەوەی نێوان ھەردوو وەزیر لە پەراوێزی کۆبوونەوەی وەزیرانی بەرگری ناتۆ، تاوتوێ پەیوەندییەکانی نێوان ھەردوو وڵات لە بواری بەرگری کراوە.
وایت گوتیشی: "وەزیر(ماتیس) لە ٢٣ی ئاب دوای کۆبوونەوەکانی لە ئەنقەرە، بەھۆی ھەوڵەکانی تورکیا بۆ ئاسایشی جیھان و شکستھێنان بە داعش، ستایشی وەزیری بەرگری تورکیا(جانیکلی) کرد. وەزیری بەرگری ئەمریکا جەیمس ماتیس ئاگاداری ھەڕەشەکانی سەر تورکیایە. بۆیە ئەمریکا لە دژی پەکەکە و رێکخراوانی دیکەی تیرۆریستی لەپاڵ تورکیا دەبێت".
گوتەبێژی پنتاگۆن ئاماژەی بەوەش دا کە ھەردوو وەزیر لەسەر درێژەدان بە کاری ھاوبەش لەمەڕ چالاکییەکانی بەرگری کۆکبوون و راشیگەیاند ماتیس و جانیکلی رێککەوتن کە کاری ھاوبەش لە نێوان ھەردوو وڵات لە بواری بەرگری بەھێزتر بکەن.