Abdullah Doğan
24 تشرینی دووەم 2022•نوێکردنەوە: 26 تشرینی دووەم 2022
قۆنیا – AA
پردەڕێگای ئەغیتسە هادیمی کە لە پارێزگای قۆنیا تەواو بووە و ناوچەکانی دەریای ناوەڕاست و ناوچەکانی ناوەڕاستی ئانادۆڵو بەیەکەوە دەبەستێتەوە و بەرزترین پردەڕێگایە لە تورکیا بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دەکرێتەوە.
ئەم پردەڕێگایە کە بەرزاییەکەی ٤٢-١٦٦ مەترە و لەسەر هەشت پایەی ناوەند و دوو پایەی کەنار بونیاد نراوە و یەکێکە لە پرۆژەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی رێگاوبانی تورکیا تەواو بووە.
پردەڕێگای ئەغیتسە هادیمی بە پلاتفۆرمی فراوانی ١٢،٥ مەتر بەشێوەی دوو پردی جیاواز بونیاد نراوە و بە چوار سایدی بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا دەکرێتەوە و بە پێشکەوتووترین شێواز و بە رەچاوکردنی پێودانگەکان پردەڕێگاکە بونیاد نراوە.
بە کردنەوەی ئەم پردەڕێگایە ماوەی رێگای نێوان قۆنیا-هادیم-تاشکەنت-ئاڵانیا کەم دەبێتەوە، سەلامەتی هاتوچۆ زیاتر دەبێت، هەروەها سووتەمەنی کەمتر لە هاتوچۆی ئۆتۆمبێلدا بەکار دەهێندرێت، کۆی ئەمانەیش رۆڵیان دەبێت لە گەشەی ئابووری تورکیادا.
- "بە بەراورد لەگەڵ رێگای پێشوو ٢٠ خولەک رێگا نزیک دەکاتەوە"
بەڕێوبەری بازنەی سێی رێگاوبان، سەردار ئاتەش بە پەیامنێری ئاژانسی ئانادۆڵوی راگەیاند کە بەشی قۆنیا-کارامان'ی پردەڕێگاکە لەسەر رێگای گشتی بێلەرۆن هادیم بونیا نراوە و گوتی: "لەنێو ئەو پڕۆژەیەدا پردەڕێگای ئەغیتسە هادیمی هەیە کە درێژییەکەی هەزار و ٤٠٠ مەترە و پایەکانی ١٦٦ مەتر بەرزن. ئەم پردەڕێگایە بە بەراورد لەگەڵ رێگای پێشوو رێگاکە ٤،٤ کیلۆمەتر کەم دەکاتەوە و بەم جۆرە ٢٠ خولەک رێگا نزیک دەکاتەوە".
ئاتەش ئاماژەی بەوە دا کە رۆژی شەممە رێککەوتی ٢٦ی تشرینی دووەم پردەڕێگاکە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا دەکرێتەوە، گوتی: "لەئێستادا کارەکانی رێککردنەوە ئەنجام دەدەین و هێماکان دادەنێین. خوا یار بێت رۆژی شەممە رێککەوتی ٢٦ی تشرینی دووەم بە ئامادەبوونی سەرکۆماری تورکیا، رەجەب تەیب ئەردۆغان و وەزیری گواستنەوە و ژێرخان پردەڕێگاکە بەڕووی هاتوچۆی ئۆتۆمبێلەکاندا دەکرێتەوە".