Abdullah Shukur,Mazın Asad
27 تشرینی یەکەم 2017•نوێکردنەوە: 30 تشرینی یەکەم 2017
ئەنقەرە - AA
ئاژانسی ئانادۆڵو بە زیادکردنی ھەردوو زمانی ئیندۆنێزی و ئیسپانی ژمارەی پەخشی زمانەکانی زیاد کرد بۆ ١٣ زمان.
رۆژی دووشەممەی رابردوو، ئاژانسی ئانادۆڵو نووسینگەی بەشی زمانی ئێندۆنێزی و ناوەندی پاسیفیکی لە شاری جاکارتای پایتەختی ئێندۆنێزیا کردەوە و رۆژی پێنجشەممەش بەشی زمانی ئیسپانی کە دەبێتە ١٣یەمین زمانی پەخشی ئاژانسەکە لە وڵاتی کۆلۆمبیای ئەمریکای لاتینی کردەوە.
نووسینگەی بەشی زمانی ئێندۆنێزی بە بەشداری جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو مستەفا ئۆزکایا و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی حکوومی کرایەوە و ئاژانسی ئانادۆڵو بووە یەکەمین ئاژانسی نێودەوڵەتی کە بە زمانی ئێندۆنێزی پەخشی ھەواڵەکانی بکات.
لەلایەکی دیکەش بەھۆی کردنەوەی بەشی زمانی ئیسپانی لە ئاژانسی ئانادۆڵو سەرۆکی وڵاتی کۆلۆمبیا، خوان مانوێل سانتۆس لە کۆشکی سەرۆکایەتی وڵاتەکەی پێشوازی لە باڵیۆزی تورکیا لە بۆگۆتا ئەنگین یورور و جێگری بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو، مەتین موتانئۆغڵو و شاندی یاوەری کرد.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە ٨٦ وڵاتی جیھان پەیامنێری ھەیە و لە ٤٥ وڵاتیش ئابوونەداری خۆی ھەیە و بە ١٣ زمان پەخش دەکات.
بەڕێوەبەری گشتی ئاژانسی ئانادۆڵو و سەرۆکی دەستەی کارگێری ئاژانسەکە، شەنۆل کەزانجی لەمبارەیەوە گوتی: "ھەر لە سەرەتای خەباتی سەربەخۆیی، ئاژانسی ئانادۆڵو ھەوڵی داوە دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان بگەیەنێت و ھەنگاو بنێت لەمەڕ بەھێزکردنی تۆڕی ھەواڵی جیھانی".
شەنۆل کازانجی ئاماژەی بەوەش دا کە بە کردنەوەی پەخشی زمانەکان و نووسینگە نوێیەکانی ئاژانسی ئانادۆڵو، دەرفەتی گەیاندنی ھەواڵەکانی بەشێوەیەکی باوەڕپێکراو و خێرا رەخساوە و گوتیشی: "لەگەڵ کردنەوەی بەشی زمانی ئیندۆنیزی لە چاکاراتای پایتەختی ئیندۆنیزیا و کرانەوەی پەخشی ھەواڵ بە زمانی ئیسپانی بەشێوەیەکی فەرمی لە شاری بۆگۆتا، دوو ھەنگاوی گرنگمان بۆ داھاتوو ھاوێشت و بەم پێیەش ئاژانسی ئانادۆڵو بە ١٣ زمان دەستی بە پەخشی ھەواڵ کرد. لە نووسینگەکانی کوالا لومپیر-مالیزیا و پەکین-چین و ئاسیا-پاسیفیک چالاکی ھەواڵەکانمان بەھێزتر دەکەین. بە فراوانکردنی تۆڕی ئاژانسەکە، دەرفەتی گەیاندنی ھەواڵەکانمان لەسەر ئاستی جیھان بەشێوەیەکی باوەڕپێکراو و خێرا زیاتر دەبێت. ھەروەک رابردوو، ئەمڕۆ و لە داھاتووشدا ئاژانسی ئانادۆڵو لە گەیاندنی دەنگی لێقەوماوان بە جیھان بەردەوام دەبێت".
لە ئێستادا ئاژانسی ئانادۆڵو بە زمانەکانی تورکی، ئینگلیزی، عەرەبی، بۆسنی، کرواتی، سربی، رووسی، کوردی بە شێوەزاری سۆرانی و کرمانجی، فارسی، فەڕەنسی و ئەلبانی خزمەتگوازری پێشکەش دەکات و یەکێکە لە ١٠ کاریگەرترین ئاژانسەکانی جیھان.
ئاژانسی ئانادۆڵو بە ئەزموونی ٩٧ ساڵ و تۆڕی پەیامنێرەکانی لە ٨٦ وڵاتی جیھان، رۆژانە ١١٩٠ ھەواڵ و ١٩٠٠ وێنە و ٣١٠ ڤیدیۆ بۆ ئابۆنەدارەکانی دەگوازێتەوە.
ئاژانسی ئانادۆڵو لە ساڵانی یەکەمی شەڕی رزگاریخوازی تورکیا بە مەبەستی "گەیاندنی دەنگی ئانادۆڵو بە جیھان" لە ٦ی نیسانی ساڵی ١٩٢٠ دامەزرا کە یەکێکە لە دەزگا میللییە پێشەنگەکانی تورکیا. ئاژانسی ئانادۆڵو بە کردنەوەی پەخشی زمانەکان و نووسینگەکانی لە دەرەوەی وڵات، تۆڕ و ھێزی ھەواڵەکانی لە جیھان فراوانتر دەکات.